خەبات: ڕۆشنا عەلی:-
لەسەرەتای دەسپێكی دەوامەوە لیژنەی ڕێكخستنەوەی میلاك لە سنووری پەروەردەی ناوەندی هەولێر دەستبەكاربووەو نزیكەی مانگ و نیوێكە كاربۆ ڕێكخستنی میلاك و لابردنی زیادە میلاك دەكەن ، بەڵام بە چەند هۆكارێك كارەكانییان ڕاگیراوەو لیژنەكەش لیژنەیەكی تری بۆ پێكهێنراوە كە پێداچوونەوە بە كاری لیژنەی یەكەم بكات كە لیژنەكانی قوتابخانەكانن لەگەڵ هاوڕێی ڕەخنەگری قوتابخانەكان ، سەرپەرشتیاری یەكەم لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی خێزانی كۆمەڵێك بەرپرسەوە ڕۆژانە دەیان تەلە فۆنییان بۆدێت و وەزارەتیش كارەكانی ڕاگرتووە ، ئەمە لە كاتێكدایە بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام جەخت لە خراپی دابەشبوونی میلاك دەكەنەوەو بە گەورەترین كێشەی بەردەم پڕۆسەی خوێندنی هەژمار دەكەن ، لاپەڕەی پەروەردە دیمانەیەكی لەگەڵ م. عەبدالوەهاب عەبدوالڕەزاق سەرپەرشتیاری یەكەم لەپەروەردەی ناوەندی هەولێرو ئەندامی لیژنەكە ڕێكخست.
سێ قۆناغی ڕێكخستن
❊ سەرەتا پرسمان ئامانج لە ڕێكخستنەوەی میلاكات چییە ئایا ئەم لیژنەیە لەسەر چ بنەمایەك كاری ڕێكخستنەوەی میلاكات دەكات؟
ــ ئێمە لە دەسپێكی دەوامی ساڵی 2019-2020 سێزدە لیژنەمان پێكهێنا بۆ بنەڕەتییەكان و لیژنەیەكیش بۆ باخچەكان هەر لیژنەیەكیش لەسێ سەرپەرشتیار پێك دێت و هەریەكەیان بیست قوتابخانەی بەركەوتووە هێزی كاری قوتابخانەكان كارەكان ئەنجامدەدەن و كاری میلاكی زیادەش لەسەر دواین دەست بەكاربوونە، ڕەنگە بەڕێوەبەرێك كەیفی بە مامۆستایەك نایەت دواین دەستبەكاربوونی نوسیبێت بۆئەوەی بگوازرێتەوە یان بە هەڵە داتاكەی دابێت بۆیە ئێمە لێرەوە ئەو گواستنەوانەی كراوە لە قۆناغی یەكەم 174 مامۆستایە كە زیادن و دەنێردرێنە ئەو قوتابخانانەی كە كەمی میلاكییان هەیە بێگومان دووریشمان نەخستونەتەوە بۆ نموونە لە گەڕەكی بەختیاری تەنها شەقامی موسڵی بەینە لەو قوتابخانانە دامانناون ،بەڵام ئێمە كێشەمان تووش بوو، بۆچارەسەریش لەگەڵ بەڕێزان سەرپەرشتیارانی هاوڕێی ڕەخنەگری قوتابخانە پێمان ڕاگەیاندوون كەئەو بڕیارەیان لادەبێت ئەو مامۆستایانەی گوازراونەتەوە دواین دەست بەكاربوون بێت ، دەبێت بگوازرێتەوە ئێمە ئەخوازین كارەكان بە دادپەروەری بڕوات و هیچ جیاوازی تێدا نەبێت.
❊ بەڵام دەنگۆتان زۆر لەسەرە كە لە زۆر قوتابخانە دواین دەستبەكاروونتان نەگواستۆتەوە واستەی هەبووە كەسانی تر گوازراوەتەوە و دواین دەستبەكاربووش نەبووە؟
ــ وەك وتم هێزی كاری قوتابخانە بڕیار ئەدات ، بەڵام ئێمە جگە لە دواین دەست بەكاربوون كار لەسەر پسپۆڕیش ئەكەین كاتێك دەچینە قوتابخانەیەك حەوت كوردی هەیە و یەك ئینگلیزی هەیە ئێمە ناچارین كوردییەكە بەرین ئەگەر دواین دەستبەكاربوونیش نەبێت ، ناكرێت ئینگلیزییەكە بگوازیتەوەوقوتابخانەكە بێ ئینگلیزی بمێنێتەوە .
بەشەوانەو كەمی ماوەی دەوام
❊ بۆچی 24 بەشە وانە دەكەنە بنەما لە كاتێكدا دەوامی قوتابخانە4- 5 كاتژمێرە ومامۆستا زۆر ماندوو ئەكات ئەگەر 18 بەشەوانەش بێت مامۆستای پێویست هەیە وەك دەڵێن؟
ــ ئەوە سیستەمە لە ساڵی 2007 كاتێك كۆنگرە بەسترا ئەوە بووە سیستەم بنەڕەتی 24 بەشە وانەو ئامادەیی 22 بەش ، ئەوانەی تەمەنییان لە 50 ساڵ بەرەو سەرەوەیە دوو وانەیان لی كەمدەكرێتەوە یان ئەوانەی لیژنەی پزیشكییان هەیە ئەوانیش دوو وانەیان لێ كەمدەكرێتەوە، من پێم وایە 24 بەشە وانە زۆر نییە ولەسەر بنەمایەكی دروست دانراوە كەسانی خاوەن ئەزموون دایانناوە خۆ هەموو قوتابخانەكانیش 24 بەشەوانەیان نییە دواتر ڕۆژی چوار وانەیە.
كۆبوونەوەی مامۆستایان لەچەند گەڕەكێك
❊ هەندێ قوتابخانە زۆری ژمارەی مامۆستای تێپەڕاندووە كە دەگاتە 40 بۆ 50 مامۆستاو تەنها بنەڕەتییە تاپۆلی شەش ئایا ئەمە دەگمەنن یان قوتابخانە زۆرن لەهاوشێوەی؟
ــ بەڵێ هەیە ئێستا لە گەڕەكی ئازادی ، شۆڕش ، بەختیاری ، مامۆستامان زۆرە مامۆستا هەیە 8 -10 بەشە وانەی هەیە كە ئەوانەش لە قۆناغی دووەم دەستپێدەكەین هەرچەندە لە كارەكەی خۆمان زۆر بێزار بووین لەبەر ئەوەی ئەوەندە تەلەفۆنمان بۆ دەكرێت ئەوەندە زەختمان لەسەر دەكرێت ، ناكرێت مامۆستایەكیش 24 بەشەوانەی هەبێت و مامۆستایەكیش 8 بەشە وانەی هەبێت ئەوە نادادپەروەرییە ئێمە دەستمان بەو كارە كردووە ئەو 174 مامۆستایەش گواستنەوەیان ڕاگیراوە تا هاوڕێی ڕەخنەگر بچێت بزانێت كارەكە بە دادپەروەری كراوە یان نا دڵنیایی لەسەر دواین دەستبەكاربوونەكان بكاتەوە.
❊ دەنگۆ هەبوو كەلەبەر نادادپەروەری لە كارەكانتان لەوەزارەتەوە بانگكراون و كارەكانییان پێ ڕاگرتوون؟
بەڵی ئێمە لە وەزارەتەوە بانگكراوین لەسەر ئەوەی گوایە كێشەو فەوزا هەیە وەزیر دیارە سەردانی چەند قوتابخانەیەكی كردبوو دیاربوو وانە بێژی زۆربوو پێی وابوو فەوزا هەیە ئێمەش پێمان ڕاگەیاند كە فەوزا نییە ، بەڵام هەندێك میلاكی زیادە هەن و كۆمەڵیك قوتابخانەمان هەیە لە كۆمەڵیك گەڕەكی شەعبی مامۆستا ئامادەنین بچنە ئەو قوتابخانانە پێم ڕاگەیاند لەوەزارەتەوە تەلەفۆنمان بۆدەكرێت بۆدانانی مامۆستایەك لە شوێنێك كە 10 مامۆستای زیادی هەیە ئەگەر لەوێوە بكرێت ئێمە پێمانناكرێت ڕێكخستنی میلاك بكەین و بەردەوام بین ، دەیان تەلەفۆن و نامەمان بۆدێت داوامان لێدەكەن دەست لەو قوتابخانانە نەدەین كە زۆربەیان ژنە بەرپرسن ڕاگرتنی ئەو 174 قوتابخانەیەش لەبەرخاتری ئەوانەیە كە دەیانەوێت بە هەشت بەشە وانەوە لە قوتابخانەكان دانیشن و قوتابخانەشم هەیە ئێستا بێ مامۆستای ئینگلیزی و بیركاری و زانستە كە بەڕاستی ناعەدالەتییە و خوداش قبووڵ ناكات دەیان و هەزاران منداڵ بێ مامۆستا بن.
❊ ئایا ئێوە وەك ئەم لیژنەیە تاچەند دەستكراوەن و دەسەڵاتتان بەسەر هەندێك قوتابخانەدا هەیە مامۆستای لێ بگوازنەوە؟
ــ ئێمە سەرەتای دەستبەكاربوونمان لەو لیژنەیە كە زۆر هیلاك بووین شەو ڕۆژ لێرە ئیشمان كردووە تا كارێك بكەین كەمترین میلاكی زیادە لە قوتابخانەكان بهێڵینەوە، بەڵام بەداخەوە لەوەزارەت پێمان دەڵێن كەمتەرخەمن ئێوە دەبێت سزا بدرێن ئێمە ئیشی خۆمان كردووە وەك ئیشراف ،بەڵام لەسەرەوە كە جێبەجێناكرێت كاری ئێمە نییەو بەپێی دەسەڵاتی خۆمان كارمانكردووە.
❊ بەپێی قسەكانت بێت ئێوە ساردبوونەتەوە لەوەی میلاك بەم شێوازە ڕێك ناخرێتەوە هیچ كات لەماوەی ئەم كاركردنتان گەشتونەتە هەمان ڕاستی لە كاتێكدا هەرچی بەرپرسیی پەروەردەیە پێی وایە خراپی دابەشبوونی میلاك كێشەی سەرەكی پەروەردەیە ؟
ئێمە ساردنابینەوە و كاری خۆمان هەر دەكەین قۆناغی دووەمیش دەست پێدەكەین ئەو مامۆستایانەی زیادن دەرئەهێنین و زەمیری خۆمان مورتاح دەكەین لە قۆناغی دووەم هاوڕێی ڕەخنەگریش بەشدار دەبێت و ئەوەی زیاد بێت تۆماری ئەكەین ،بەڵام هیچ لا بە تەواوی هاوكار نین وتەنها لە وەزارەت و زۆر شوێنەوە بێزار كراون بە تەلەفۆن و ئەوانیش بۆ ئێمە دەڵێن كارەكانتان ڕاگرن من پێم وایە ناو هەولێر مامۆستای زیادەی ئەوەندە زۆرە ئەگەر لەسەر 18 بەشە وانەش دابەشی بكەن هێشتا مامۆستای زیادەمان زۆرەكە بگوازرێنەوە پێویست بە وانە بێژ ناكات هەرچەند ئەوانیش مافی خۆیانە وانە بڵێنەوە و دەرچوون.
❊ پرسیارم ئەوەیە هەست ناكەن ئەمەی ئێوە غەدرە لەكۆمەڵێك مامۆستا بەرامبەر كۆمەڵێكی تر كە واستەیان هەیە؟
ــ بە دڵنیاییەوە وایە، ئەم كارە بۆدەكەین كە عەدالەت بەرقەرار بێت مامۆستا هەیە تەكلیفی بەڕێوەبەرەكەی نەشكاندووە سی بەشە وانە دەڵێتەوە ئەمە غەدرە بەرامبەر ئەوەی شەش بەشە وانە ئەڵێتەوە ئێمە ئەو كارە ئەكەین كە هەردووكیان ببێتە 20 بەشە وانە.









