خهبات: هاوار مورتكهیی
نۆنا داتواشڤیلی خانمە شەترەنجزانی جۆرجی لە ساڵی 1986 لە شاری تبلیسی لەدایك بووە، باشترین ئەنجام تا ئێستا بەدەستی هێنابێت، پلەی دووەم بووە لەسەر ئاستی ئەورووپا، ئەمە جگەلەوەی چەندین جار لەسەر ئاستی لاوانی جۆرجیا میدالیای زێڕی بەدەستهێناوە، لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجام داوە و تیشكی خستۆتە سەرژیانی وەرزشی و خەونی داهاتووی.
سەرەتا نۆنا ژ Nona Datuashvili لەبارەی ئاوێتەبوونی بە یاری شەترەنج گوتی: خەونی بابم ئەوەبوو رۆژێك لە رۆژان ببمە یاریزانی شەترەنج، چونكە ئەو شەترەنجی زۆر خۆش دەویست، ئەوەبوو ماڵەوەش هانیان دام خەونەكەی بابم بەدی بهینم، ئەوەبوو لەتەمەنی 8 ساڵیدا بەفەرمی دەستم بەو یارییە كرد و یەكەمین بەشداریشم لە پاڵەوانێتی جۆرجیا بوو بۆ خوار 8 ساڵی.
ئەو خانمە شەترەنجزانە جۆرجییە زیاتر دەڵێت: زۆر دڵخۆش بووم كاتێك رەیتینگی نێودەوڵەتیم وەرگرت و هانیدام زیاتر گرنگی بەو یارییە بدەم، ئەگەرچی راهێنەریشم نەبووە بەڵام بەخۆم هەوڵم داو تا خۆم پێش بخەم و لەمەشدا چەند ئامانجێكم پێكا لەوانە توانیم پلەی دووەم لەسەر ئاستی لاوانی ئەورووپا بەدەست بهێنم، شەترەنج بۆ من زۆر گرنگ بوو، بیری فراوانتر كردم.
دواتر سەبارەت بە ئاستی شەترەنج لەوڵاتی جۆرجیا خاتوو نۆنا گوتی: جێی خۆشحالیە رۆژ دوای رۆژ ئاستی شەترەنج لە جۆرجیا پێش دەكەویت، بەڵگەی ئەمەش دەبینین ئێستا 7 یاریزانی ئافرەتمانمان لەنێو باشترین 100 یاریزانی جیهانە، كە ئەمەش بۆ وڵاتیكی بچوكی وەكو جۆرجیا بەدەسكەوتیكی گرنگ دەژمێردرێت، ئەمە جگە لەوەی چەند جارێك یاریزانی جۆرجی توانیوانە پاڵەوانێتی جیهان بەدەست بهێنن، لەوانە نونا گابرینداشڤیلی و مایا چیبۆرانیدزە.









