ئەسرین عاسی شوانی
دیارە یەكریزی هەر گەل و نەتەوەیەك مایەی تۆكمەی و سەركەوتنی ئەو گەل و میللەتە فەراهەم دەكات و وا دەكات دوژمنان بە ئاسانی نەتوانانن دەسكەوت و سەركەوتنەكانیان لە باربەرن، بەڵام بە پێچەوانەوە گەلی كورد هەرچەندە لە هوتاف و شیعارەكانیان دا زۆر قسە لەسەر یەكریزی ناو ماڵی كوردی دەكەن، بەڵام ئەوە تەنها قسەی زلە، بۆیە ئەگەر بێت و قسە لەسەر هۆكارەكانی نەبونی یەكریزی لە نێو گروپ و هێزو حیزبە سیاسیەكان بكەین، گەلێك هۆكار بەدی دەكەین، كە گرنگترینیان خۆیان لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینن:
1- تێوەڵانی دەرەكی هەندێ لایەن و لاوازی هەستی نەتەوایەتی لە نێو لایەنە سیاسیەكان لەبەر ئەوەی ئەوەندەی بەرژەوەندی حیزبی ڕەچاو دەكەن، بەرژەوەندی نەتەوەی، ئەوەندە هەستی نەتەوەیی رەچاو نەكراوە و حیزبە سیاسیەكان لە سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان كارێكیان كردوە نەك لەلای خۆیان تەنانەت لای تاك بە تاكی كوردیش هەستی نەتەوایەتیان كزكردوە.
2- دوژمنانی گەلی كورد لە چواردەورمان كە كوردستان بەسەردا دابەشكراوە ڕۆڵی سەرەكیان هەبووە، لە تێكدانی یەكڕێزی و دروستكردنی دوبەرەكی لە نێوان لایەنە سیاسیەكانی گەلەكەمان، ئەوەندەی دوژمنان نیاز و بڕیارە هەستیارەكانی سیاسەتی كوردی دەخوێننەوە و ئاگاداری رەش و سپی سیاسەتی ئێمەن، ئەوەندە خۆمان سەری لێ دەرناكەین، بۆیە هەموو كاتیك ئەگەر بمانەوێت كارێكی باش پێشكەش بە بزوتنەوەی كوردایەتی بكەین و یەكریزی گەلی كورد پتەو بكەین، دوژمنان پلانێكی دژبەری ئامادەكراویان بەرامبەری هەیە و سەرلەبەری خەونەكانمان هەڵ دەوەشیننەوە.
3- داگیركەرانی كوردستان بەرنامەی یەكریزی گەلی كوردیان پێ هەزم ناكریت و هەر كاتیك هەولێكی لەو جۆرە هاتە ئاراوە، هەر بە بەكارهێنانی خودی خۆمان هەوڵەكەكانمان لە چاڵ دەنێن. بۆیە دەڵێین بە یەكریزێ گەل، ئاسایشی نەتەوەی گەلی كورد لە دایك دەبێت، و پیلان و پلانەكانی دوژمنان تێك دەچێت و لە چاڵ دەنرێت.
4- بەداخەوە فرە حیزبی ئاستەنگێكی دیكەیە لەبەر دەم یەكبوون و یەكریزی گەل هەرچەندە بونی فرەحزبی لە هەر كۆمەڵگایێت، نیشاندەری پێشكەوتنی ئەو میللەتەیە، بەڵام لەم وەڵاتەی ئێمەدا فرە حیزبی كارەساتە؟!، چونكە خەڵكەكە وا ڕاهێنراون بەرژەوەندی حزبی لە سەروی بەرژەوەندی نەتەوەیی دا بنێن، بۆیە ئەوە كارەساتە و فرەحزبی مەرخۆمان دەرگایێكە بۆ لەناو بردنی پڕۆژە و پلانەنەتەوەییەكانی كورد، چونكە هەندێك؟! گروپ و ئەو حزبانەی كە لە گۆرەپانەكەدان، هیچ بەرنامە و ئەجندای نەتەوەیی و نشتیمنییان نیە، چونكە لە بنەڕەتدا ئەوان دروستكراوی دەستی دوژمنان و نەیارانی كوردن و بۆ بەرژەوەندی داگیركەران دروستكراون.
5- لە رابردودا هەندێ هێز و لایەن و گروپ ئەوەندەی ئەجیندای دوژمنانیان جێبەجێكردوە، ئەوەندە لە هەوڵی یەكریزی گەلی كورد و مافەڕەواكانی كوردستانیان نەداوە و ئەوەی بانگەوازیشی بۆ كردوە نەی توانیوە وەكو پێوویست ئەو ئاواتانەی گەلی كورد بێنێتە دی، چونكە ئەو حزبانەی لە بەرژەوەندی نەیاران كاریان كردوە، بوون بە كوسپ كە گەلی كورد بە خواستەكانی خوی نەگات.
بۆیە دەكرێ ئەم بابەتە قسەی زۆری لەسەر بكرێت و هۆكاری زۆر هەڵبگرێت. بێشك لەپێناو یەكریزی میللەت پێوویستە هەموو حیزبە سیاسییە نیشتمان پەروەرەكانی گەلەكەمان لە جیاتی كاركردن بۆ بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی خۆیان، بەهەستێكی نیشتیمان پەرەرانە و لەبەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان، یەكریزی لایەنەسیاسییەكان ببێتە ئامانج و ستراتیجیای سەرەكییان. چونكە تەنیا بەیەكڕێزیی خەونی دوژمنان لە گوڕ دەنرێت و گەلی كورد دەگات بە ئامانج و ئاوات.









