خهبات: پەریها عومەر:-
ئایا قوتابیانی بەشی ڕاگەیاندن ئەوانەی بەبێ ویستی خۆیان چوونەتە راگەیاندن دەبنە رۆژنامەنووس؟ ئەگەر نابنە رۆژنامەنووس دوای دەرچوون چی دەكەین؟ ئایا پیشەی رژنامەنووسی وەك فەرمانبەریی سەیردەكەن یان حەز و بەهرەیە؟ لێرەدا دەمانەوێ ڕای جەند قوتابیەكی بەشی ڕاگەیاندن وەربگرین:
محەمەد رەفیق قوتابی ڕاگەیاندن دەڵێت: ئەوانەی دەچنە پەیمانگە و كۆلێژەكانی راگەیاندن بەبڕوای من نەخێر، نابنە رۆژنامەنووس، ئەگەر ببنە رۆژنامەنووسیش، ئەوا سەركەوتوونابن لە كارەكەیان، چونكە هەر كارێك كە دەیكەی ئەگەر لە دڵەوەنەبێت و بە حەز و ئارەزووی خۆت نەبێ، ئەوا تێیدا سەركەوتوو نابیت و كۆتاییەكەی هەر وازهێنانە لە كارەكە.
محەمەد گوتیشی: لە عێراق بەگشتی لەبەر زۆریی رێژەی گەندەڵی و بوونی واستەكاری، وایكردووە كە قوتابی تەنیا بیرلە بڕوانامەكە بكاتەوە و هیچ سوودێك لە وانەكان و ئەو بەشە وەرنەگرێت كە لێی دەخوێنێت، بۆیە زۆرێك لەوانەی لەدوای دەرچوون نابنە رۆژنامەنووس، بە بڕوانامەی زانكۆ كارێكی تر دەكەن جیاواز لە بوارەكەی خۆی.
ئەو دەشڵێت: رۆژنامەنووسی وەكو هەر كارێكی تر بە پیشە هەژمار دەكرێ، چونكە لەرێگەیەوە بژێوی ژیانت تێیدا پەیدا دەكەی، پیشەیەكی تایبەتە و هەروەها حەز و بەهرەیشە، كە تێیدا هەردووكیان كۆبۆتەوە بەیەكەوە.
سارا یاسین ئەحمەد قوتابی بەشی ڕاگەیاندن دەڵێت: زۆرجار بە ویستی خۆت ئەوەی دەتەوێت سەركەوتوو بیت پێیناگەی، بەڵام لەوانەشە پێیبگەی و ئەوەی چاوەرێت دەكرد نابێت لەوەی كە بە ویستی خۆت نەچووی سەركەوتوو دەبیت، زۆربەی ئەوانەش ڕاگەیاندن دەخوێنن دەبنە رۆژنامەنووس و پێشكەشكار.
سارا گوتیشی: كاری رۆژنامەوانی حەز و بەهرەیە دواتر وەكو پیشە سەیر دەكرێت، چونكە زۆربەی ئیشەكانی رۆژنامەوانی نابێتە كاری فەرمانبەری وەكو كارەكانی تر.
محەمەد جەلال قوتابی بەشی ڕاگەیاندن دەڵێت: راگەیاندن حەز و ئارەزووە ئینجا پیشەیە، چونكە پێكدێت لە چەندەها چالاكی جیاواز كە ڕۆژانە لە پێناو باشتركردن و ئاشكراكردنی راستییەكان بۆ ڕای گشتی دەخرێنەڕوو، ڕاگەیاندن بەردەوام پیویستی بە داهێنان و سەلیقەیە.
محەمەد دەشڵێت: من پێموایە بۆ بوون بە قوتابی ڕاگەیاندن، پێویستە بەرپرسانی بەش لە لیستی وەرگرتن كار لەسەر حەز و ئارەزوو بكەن و نمرەكانی گرنگ نەبێت لایان، بەڵكو چالاكییەكانی رابردووی ئەم كەسە سەیر بكەن، چونكە ئەم بەشە حەز و ئارەزووی لەگەڵ نەبێت لە كۆتاییدا ناتوانێت ببێت بە ڕۆژنامەنووس، بۆیە بە ناچاری ئەبێت پاش تەواوكردنی پڕۆسەی خوێندن بچێت كارێكی تر بكات.
گوتیشی: لە ئێستادا دەرچووانی راگەیاندن تەنها چاویان لە دامەزراندنە لە كەناڵە لۆكاڵی و ئاسمانییەكان، بەڵام گرنگە حكوومەت لە هەموو فەرمانگە و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت بیكات بە مەرج كە دەرچووی ڕاگەیاندن لە بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئەو فەرمانگانە دابمەزرێندرێن.









