خهبات: فاتیح بەرزنجی:-
ڕێگاوبانەكانی كوردستان پێویستیان بە بودجەیەكی زۆر هەیە تا بكرێن بە جووت ساید و زۆربەی رووداوەكانی هاتوچۆ بۆ خراپی رێگاوبانەكان دەگەڕێتەوەو لەم ساڵانەی دواییشدا بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە بودجە بۆ چاككردنەوەو قیرتاوكردنی ڕێگاوبانەكان تەرخان بكرێت. وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لە چوارچێوەی كارو بەرنامەی خۆی خەریكە كارو پڕۆژەكانی ڕێگاوبان دەست پێ بكاتەوەو لەو ماوەیەش بڕی 40 ملیار دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان تەرخانكرد سەبارەت نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان وەك ڕۆژنامەی خەبات ئەو بەدواداچوونەمان ئەنجامدا:
تەرخانكردنی بڕی 40 ملیار دینار بۆ چاككرنەوەی ڕێگاوبانەكان
لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن ڕوونیكردەوە: بڕی 40 ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان تەرخانكراوەو لە چەندین شوێن كارەكان دەستیان پێكراوەو دراوەتە بەڵێندەرەكان و هەربەڵێندەرێكیش كەمتەرخەم بێت لەكارەكەی سزا دەدرێت و بەردەوام چاودێریكردن بۆ پڕۆژەكان هەیەو پێویستە بەماوەی 70 ڕۆژ كاركردن لەو پڕۆژانە تەواو بكرێن و بڕی ئەو پارەیەی كە تەرخانكراوە بەو شێوەیە دابەشكراوە بڕی 11 ملیار دینار بۆ چاككردنەوەو نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكانی سنووری شاری هەولێر تەرخانكراوەو ژمارەیەك ڕێگاوبانی دەڤەری سۆرانیش نۆژەن دەكرێنەوەو ئێستاش كاركردن تیایدا بەردەوامەو زۆرجار هەوڵ دەدەین ئەو پڕۆژانە لەشارەكان بەسەر بكەینەوە پێویستە پڕۆژەكان بەكوالیتیەكی بەرز ئەنجام بدرێت و بڕە پارەیەكیش دراوەتە بەڵێندەرەكان و چاودێری كارەكانیان دەكرێت و كەمتەرخەمی لە هییچ بەڵێندەرێك قەبوڵ ناكەین.
دواتر سدقی ئامێدی بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ ڕێگاوبان ڕوونیكردنەوە: وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بەردەوام لە هەوڵی چاككردنەوەو پاراستنی ڕێگاوبانەكانەو ئەگەر قەیرانی دارایی نەووایە ئەوا ژمارەیەك ڕێگاوبان دەكران بە جووت سایدو زۆربەی ڕێگاوبانە تێكچووەكانیش قیرتاو دەكرانەوەبەشێوەی ستادندارد واخەریكە لەچوارچێوەی كارەكانمان كارو پڕۆژەكان دەست پێ دەكەنەوەو بڕی 40 ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان تەرخانكراوەو كارەكان دەستیان پێ كراوەو پێویستە بەماوەی 70 ڕۆژ كارەكان تەواو بكرێن و هەر بەڵێندەرێكیش كەم تەرخەم بێت سزا دەدرێت و بەردەوام چاودێری پڕۆژەكان دەكەین.
پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان بە تۆكمەیی ئەنجام دەدرێت
ئەندازیار دڵشاد عیمادەدین بەڕێوەبەری چاككردنەوەو پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر ڕوونیكردەوە: ماوەی چەندین ساڵ بوو لەبەر هۆكاری قەیرانی دارایی نەمان دەتوانی كار بۆ نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان بكەین واخەریكە بەهەوڵ و كۆششی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ئاوەدانكرنەوە كارە كان دەست پێ دەكەنەوەو ماوەیەكە كاری نۆژەنكردنەوەكە دەستیان پێ كردووەو كارەكان بەشێوەیەكی تۆكمەو داڕێژراو بەڕێوە دەچن و ئێمەش چاودێری ووردی پڕۆژەكان دەكەین و پلان و بەرنامەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە گرنگیدانە بە تۆڕی ڕێگاوبانەكان و لەنزیكەوەش وەك بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوەو پاراستنی ڕێگاوبان سەردانی مەیدانی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكان دەكەین هەوڵمانداوە بەزوویی ڕێگا سەرەكیەكان چاك بكرێنەوەو كارەكان گەلێك زۆرن چاككردنەوەكەش بەشێوازی ستاندارد چاك دەكرێنەوە بۆ ئەوەی كارەكان لەكاتی خۆی تەواو بكرێت چەندین جار كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەندازیاران و تەكنیكارانی خۆمان كردووەو تیمەكانمان لە شارو شارەدیچیەكانی سنوری شاری هەولێر كاری خۆیان ئەنجام دەدەن دیارە هەموو ئەو كارانە بەپێی پلان و ئەو دەرخستانەی كە پێشتر ئامادەمان كردووە پڕۆژەكان دەستیان پێ كراوەو لەلایەن حكومەتی هەرێمیش بودجەی بۆ تەخانكراوەو ڕۆژانە كارەكان درێژەیان هەیە.









