كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له عێراق ئاشكرای كرد ژماره‌ی كوژراوانی خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی عێراق بۆ 21 كه‌س بەرز بووەوە.
ئەگەرچی بەر لە دوو كاتژمێر كۆمسیۆنەكە رایگەیاندبوو كە ژمارەی كوژراوەكان گەیشتووەتە شەش كەس، بەڵام پێش كەمێك ئه‌م كۆمسیۆنه بڵاوی كردەوە كە له ئاكامی توندوتیژی و پێكدادانی نێوان خۆپێشانده‌ران و هێزه ئه‌منیه‌كاندا، تەنها له به‌غدای پایته‌ختی عێراق 8 خۆپێشانده‌ر كوژراون.
هەروەها رایگەیاند كە لە پارێزگای زی قار 6 خۆپێشانده‌ر كوژراون، لە پارێزگای میسانیش 6 خۆپێشانده‌ری تر كوژراون، هەروەها لە پارێزگای موسه‌نا خۆپێشانده‌رێك كوژراوه.
كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوە كه له به‌شێك له نه‌خۆشخانه‌كان ئاماره‌ی دروستیان پێنادرێ، بەم هۆیەوە ڕەنگە ژماره‌ی كوژراوەكان زیاتریش بێت.
ئه‌مڕۆ هەینی خۆپێشاندانی بەرفرەوان له بەغدا و زۆربەی شارەكانی تری عێراق به‌ڕێوه‌چوو، لە ئەنجامیشدا توندوتیژی زۆری لێكەوتەوە.
لای خۆیەوە عەلی بەیاتی ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بە ئاژانسی هەواڵی (سپۆتنیك)ی رووسی راگەیاندبوو كە ژمارەی بریندارانی خۆپێشاندانەكانی ئەمڕۆ بۆ 974 بریندار بەرز بووەتەوە، زۆربەیان لە بەغدان و گوللەی پلاستیكی و بۆمبی غازی فرمێسكڕێژیان بەركەوتووە.









