خهبات: موسلیم دۆڵەمەڕی – بارزان:-
سروشتی كوردستان بە گشتی و دەڤەری بارزان بە تایبەتی خاوەنی سەدان جۆری گوڵ و گیای جۆراو جۆرن چ ئەوانەی بۆ خواردن بە كاردێن یان ئەوانەی كە دەشت و دۆڵ چیاكانی كوردستانیان رازاندۆتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بە دەیان گوڵ و گیا هەن كە ناوی رەسەنی كوردیان ونكردووەو ناوە بیانیەكانی دەوروبەرمان بەسەریاندا زاڵبوونە بەڵام ئێستا رێكخراوی گوڵ و سروشت لە دەڤەری بارزان لە هەوڵ و تێكۆشاندایە بۆ گەڕاندنەوەی ناوی رەسەنی كوردی بۆ گوڵ و گیاكانی كوردستان بۆ زیاتر زانیاری مەعروف سەلیم زورەگڤانی بەمشێوەیە بۆ خەبات دواو گوتی:
رێكخراوەكەمان ناوی گوڵ و سروشتە كە بە شێوەیەكی فەرمی مۆڵەتمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووەو كار لەسەر بەرنامەكانمان دەكەین.
سەبارەت بە ئەندامانی رێكخراوەكەو ئەندامبوون لە رێكخراو گوتی:ئێستا ئێمە تەنها پێنج ئەندامی سەرەكین لە رێكخراوەكەمان كە سێیان رەگەزی نێرو دووشیان رەگەزی مێن وەكو دەستەی كارگێڕی رێكخراوەكەمان و سەبارەت بە ئەندامبوون لە رێكخراوەكەمان مەرجی سەرەكیمان ئەوەیە دەبێت وێنەگربێت یان ئارەزووی وێنەگرتنی هەبێت بە تایبەتی لە بواری گوڵ و گیادا.
سەبارەت بە سنووری چالاكیەكانیان گوتی : چالاكیەكانمان سنووردار نین بەپێی توانامان لە تەواوی كوردستان كەپێویست بێت چالاكی و گەڕان بە دوای دۆزینەوەی گوڵ و گیای دەگمەن ئەنجامدەدەین و لێكۆڵینەوەش لەجۆرەكانیان و ناوەكانیان دەكەین كە تاكو ئێستا زیاتر لە 100 جۆری گوڵی جوان و دەگمەنمان تۆماركردووە بەڵام گرفتی سەرەكیمان دۆزینەوەی ناوی رەسەنی كوردیە بۆ گوڵەكان چونكە هەر شوێنێك ناوی تایبەتی و جیاوازی هەیە بۆ گوڵەكان كە ناوی یەكگرتوومان زۆر كەمە.
سەبارەت بە ئامانجی سەرەكی رێكخراوەكەیان گوتی : ئامانجی سەرەكی رێكخراوەكەمان ناساندنی گوڵی خۆرسكی كوردستانەو دۆزینەوەی ناوی رەسەنی كوردیە بۆ گوڵ و گیاكانی كوردستان بە گشتی و دەڤەری بارزان بە تایبەتی
سەبارەت بە كردنەوەی پێشانگاو چالاكیەكانی تریان گوتی : بەڵێ ئێمە بەردەوامین لە گەڕان و ئەنجامدانی چالاكی جۆراو جۆرو هەروەها تاكو ئێستا ژمارەیەك لە پێشانگای جۆری گوڵ و گیامان كردۆتەوە لە چەند ناوچەیەكی جیای كوردستان و ئینشائەڵڵا بەردەوامیش دەبین لە كردنەوەی پێشانگای ترو خستنە رووی گوڵی دەگمەن و ناوی رەسەنی كوردی گوڵەكان بۆ كوردستانیانمان.
لەكۆتاییدا گوتی : هیوادارین كوردستانیان هاوكارمان بن لە دۆزینەوە یان وێنەگرتنی گوڵ و گیای دەكمەن و دۆزینەوەی ناوی رەسەنی كوردی بۆ گوڵ و گیاكان و هەروەها داواكارین لە لایەنی پەیوەندار كە هاوكارمان بن بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەت بە ژینگەی كوردستان و زمانی رەسەنی كوردیمان بكەین.









