خهبات: هێمن ئاری:-
ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر ڕزگارسیان ، لە ساڵی 1965 لە گەڕەگی سەعدوناوە لەشاری هەولێر لەدایكبووە. وەك خۆی لەم دیمانەی رۆژنامەی خەبات ئاماژەی پێدەكات لەمناڵیمەوە ئارەزووی هونەری فۆتۆگرافەری هەبووە و بەكامیرای سەرشەقامەكان كە ڕەش و سپی بووە دەستی پێكردووە،لەتەمەنی حەوت ساڵیدا هەستی وێنەگری هەبووە و دەستی بەكاری وێنەگرتن كردووە. دەڵێت: لە ساڵی 1979 كامیرای كۆداك فەوریم بە كارهێنا وێنەی ئەو سەردەمم گرتووە. ئەندامی كۆمەڵەی وێنەگرانی كورستان و ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتییە. هەروەها بەرپرسی ڕێكخراوی زوومە بۆ پەرەپێدانی هونەری و كەلتووری ،بەشداری لەدەیان كاروچالاكی ڕێكخراوەكانی مەدەنی كردووە ، بەشداری دووەمین ڤیستڤاڵی شیعری كوردی كردووە لە ساڵی 1985، لەپێشانگای هاوبەشی فۆتۆگرافی بەشداربووە لەوڵاتی ئەڵمانیا پێشانگای تایبەتی كردۆتەوە، لە هەولێرو شارۆچكەكان پێشانگای كردۆتەوە، دەڵێت:هەر لەساڵی 1979 بە دوواوە من هەم بەدەنگ و ڕەنگ ئەرشیفێكی زۆری هەیە لەهی كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و هونەری و….هتد.
هەروەها بایەخ بەچركاندنی وێنەی سروشتی كوردستان دەدات. هەتا ئەو وێنانەی لەسەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتی گرتووە هەمووی بەكامیراكەی خۆی وەك مێژوو تۆماریكردوون هەم گوندە ڕووخاوەكان و سەربردەی ئەنفال و شۆڕشەكان و …
هەروەها پەیامنێری ئەسوشیتد پرێس بووە بۆ گواستنەوەی هەواڵ و بۆردومانەكانی كوردستان ،، پەیامنێری زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی كوردستان بووە.
چۆن بواری هونەری فۆتۆگرافەرت هەڵبژارد؟
لە تەمەنی هەرزەكاریمەوە كە چوومە ناو بارودۆخێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی توانیم باوەڕبەخۆبوونم بكەم ئەوكاتیش بۆ تۆماركردنی ڕووداوەكان و گەشتەكانم حەزم چوو كامیرا بكەمە هەگبەی ئەو مێژوو و ئەرشیفانەی كە لەتەمەنما تێدەپەڕێ.
دیمەن و سروشتی كوردستان تا چ ئاستێك گونجاوە بۆ ئەوەی فۆتۆگرافەر بتوانێت بۆ زومی كامیراكەی سوودی لێوەربگرێت؟
سرووشتی كوردستان كەسەردەكەوی بۆ بەرزی شاخەكانی هەناسەیەكی پاك، دیمەنێك جیاواز كە بەكراوەیی چاوی خۆت و كامیراكەت، نیشتیمانت وێنادەكەیت لەهەموو ئەو باڵندە و درەخت و ژیانی سادەیی ماڵە ڕەوەندەكان و لە كەلی شاخەكانیش ئاسۆی بەیانی و خۆڕئابوون دەبینی كە سرووشتێكی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتین. وا هەستەكەیت بۆ ئەوە دروستكراون وێنەیان بگریت كەهێندە سەرەنج ڕاكێشە دیمەنەكانی.
لەكوردستان تا چ ئاستێك بایەخ بە هونەری فۆتۆگرافەر دراوە بەبەراورد لەگەڵ بوارەكانی دیكەی هونەر؟
بایەخ بە هونەری فۆتۆگرافی دراوە ، حەزی گەنجەكانمان زۆر بووە و كامیرای پێشكەوتوو و لێنزە نایابەكان بەدەستیانەوەیە. بەڵام ناتوانین بەهەموو كامێرا بەدەستێك بڵێین فۆتۆگرافەر،چونكە ئەویش هونەرێكی گەورەیە، ئەزموونی فۆتۆگرافی لای من پێویستی بەماندووبوون و ڕاوكردنێكی لێزانانە هەیە تا بتوانی ئەو وێنەی كە پێكاوە بۆ جوانییەكەی، یادەبێتە چیرۆكێك و ئەرشێفێكی مێژوویی كە لە داهاتوو بۆ ڕابردوو دەمانگێڕێتەوە ، بەداخەوە لە كوردستان كامیرەوانی سەرشەقام و فۆتۆگرافەری ڕاستەقینە جیاناكرێتەوە ، هونەری شێوەكاری دیمەنەكانیان زۆر شاراوەن كۆمەڵگای ئێمە زمان و شاكاری سادەو تێگەیشتنێكی خێرای دەوێ، چونكە ڕەنگەكان زۆر ئاڵۆزن بۆ ڕوونكردنەوە یان درەنگ دەكەوێ .هونەری شێوەكاریش ئەو تابڵۆیانەی لایەنی كەلتووری كوردەواری و سروشتی ژیانی لادێی تێدا بەرجەستە دەكەن گوزارشت لە مێژووی كورد دەكەن.
جیاوازی هونەری فۆتۆگرافەر لەگەڵ هونەرەكانی دیكە چییە؟
هونەری فۆتۆگرافەر لەهەموو هونەرەكانی تر جیاوازترە، چونكە هەموو تۆمارێكی هونەری لە چاوی كامیراو ماندووبوونی فۆتۆگرافەرەكەوە هەڵدەگیرێ . كامیرا نە بێ پەنجەكان بەتەنیا ناتوانن شێوەكاری هونەرەكان لە چركەیەكدا تۆمار بكەن.









