زانا تۆفیق بەگ
بێگومان جێبەجێكردنی ئەو ئاگربەستەی نێوان مایك پێنس و ئەردوگان تا چ ئەندازەیەك لە بەرژەوەندی كوردەكانی رۆژئاوا دایە؟ ئەمە ئەو پرسیارە جدیەیە كە پێویستە لەخۆمانی بكەین ، بۆ وەڵامدانەوەی ڕەهەندەكانی پشت ئەم پرسیارە پێویستیمان بە لایەنە شاراوەكانی ئەم رێككەوتنەی نێوان توركیا و ئەمەریكا وە گەنگەشەكردن و وردەكاریی جێكەوتەكانی دوای كشانەوەی هێزەكانی هەسەدە بۆ سەر سنوری رۆژئاوا و دروستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنی بە درێژی 32 كم لە ناو قووڵایی ئەو ناوچانەی كە دەكەوێتە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا وە چی كاریگەریەكی خراپی بۆسەر پرۆسەی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی دەبێت كە ئێستا هەدەپە و كورد بەشێوەیەكی گشتی حاكمی رەهان تێیدا.
بەداخەوە هەموو ئاماژەكان وای دەردەخەن كە پشتی ئەم رێككەوتنەی نێوان توركەكان و ئەمەریكا خاڵی لاوازی بریتییە لە پاشەكشەی هێزە كوردیەكان كە لە ماوەی ڕابردوودا خاڵی ناكۆكی نێوان توركیا و ئەمەریكا بووە. بەتایبەتی لە چەككردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات و رادەستكردنی چەكەكانیان بە هێزەكانی توركیا و لەباربردنی ئەو كانتۆنانەی كە بۆ بەڕێوەبردنی ناوەخۆی ئیداری دروست كرابوون . لەدوای دەستپێكردنی ئۆپراسیونی هێزەكانی توركیا بۆ ئەو ناوچانەی كە هێزە كوردیەكانی لێیە ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە دانیشتنە نهێنی و ئاشكراكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا بەدەستی نەهێنا بوو ، توركیا لەم ئاگربەستەدا بەدەستی هێنا. بە تایبەتی كشانەوەی هێزە كوردییەكان بۆ سەر سنوور، دروستكردنی ناوچەی ئارام بە سەركردایەتی هێزەكانی توركیا بەبێ لەبەر چاوگرتنی هێزە كوردیەكان . تەنها دەستكەوتێك بۆ هێزە كوردییەكان بریتیە لە ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنەكە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو كە ئەویش 5رۆژە بەبێ ئەوەی لە بەرامبەر ئەم پاشەكشەی هێزەكانی هەسەدە هیچ دەستكەوتێكی سیاسی بۆ داهاتووی كورد بەرجەستە كرابێت ئەوەی من دەیبینم بریتییە لە جۆرێك لە خۆبەدەستەوەدانی هێزە كوردیەكان ئەگەر رازی بوون بە ناوەرۆكی رێككەوتنەكەی توركیا و ئەمەریكا.
هەندێ لە چاودێرە سیاسیەكان دەڵێن سیناریۆی دووهەم لە دوای ڕێككەوتنەكە بە جۆرێكی تر دە بێت دەڵێن لە دوای پاشەكشێی هێزەكانی یەپەژە جارێكی تر ڕۆڵێكی گەورەتر ئەدرێتەوە بە هێزە كوردیەكان وە هاوكاری سیاسی لەلایەن ئەمەریكاوە بەردەوام دەبێت چونكە زیاتر لە جارێك مایك پێنس لە لێدوانەكەی دا ئەمەی دووپات كردەوە هاوكات سەرۆك ترەمپ ئەو رێككەوتنەی بە دەستكەوتێكی مرۆڤایەتی لەقەڵەم دا پێ دەچێت بە شێوەیەكی ناراستەخۆ ترەمپ گۆڕانكاری بەسەر بڕیارەیەكی خۆیدا هێنابێت بیەوێت جارێكی تر جۆرێك لە متمانە و باوەڕ لەگەڵ هێزە كوردیەكان دروست بكاتەوە لە داهاتوودا.
تابلۆی سێیەم زۆر لە شرۆڤەكاران لەسەری كۆكن دەڵێن لە دوای پاشەكشەی هێزە كوردییەكان بۆ ئەو ناوچانەی كە بۆیان دیاركراوە ڕووسیا داوا لە هێزەكانی توركیا دەكات بۆ چوونە دەرەوەیان لە سنوورەكانی سووریا بە هاوبەشی دەوڵەتی سووریا وە شوێن گرتنەوە هێزەكانی سووریا لەو ناوچانەی كە دەسەڵاتی خۆسەری رۆژئاوای تێدایە وە گەڕانەوەی هێزەكانی یەپەژە لەناو یەكە سەربازیەكانی حكوومەتی سووریا بە سەرپەرشتی رووسیا هەرچەندە ئەم بۆچوونەیان زۆربەی چاودێرانی سیاسی لەسەری كۆكن بەڵام ئەگەر سەیرێكی مێژوویی داگیركاری هێزەكانی توركیا بكەین لەهەر شوێنێك بەنیازی داگیركاری مۆنۆپۆلیان كردبێت لەدوایدا بە شێوەیەكی ترسناك بەجێان هێشتووە یان بەردەوام لەو شوێنانە ماونەتەوە باشترین نموونە قبروس لەگەڵ هەرێمی كوردستان كە هەتا ئێستا بە بیانوو مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا بەردەوام شەرعیەتیان بەخۆیان داوە بۆ مانەوە واتە دەمەوێت بڵێم من وای نابینم توركیا بەو شێوە خێرا و ئاسانە ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە بۆ دەوڵەتی سووریا بە ئامادەگی هێزە كوردییەكان.
ئەگەرچی هەموو ئەم رووداوانە كە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا روویان دا كۆمەڵێ مانا و دەلالەتی گەورەی دا بەدەستەوە بۆ برایانمان لە رۆژئاوا تەنانەت هێزە كوردیەكانی هەرێم كوردستان پێویستە ئەم هێزانە جارێكی تر مراجەعەیەكی گەورە لەسەر جۆری پەیوەندیەكان و شێوازی بەكار هێنانی میكانزمی دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا بگۆڕن ، بتوانن لە كارتێكی گوشارەوە ببنە هاوپەیمانێكی ستراتیژی بەهێز لەسەر نەخشەی سیاسی وە خوێندنەوەی واقیعی كەلتووری سیاسی وڵاتی بەرامبەریان هەبێت بۆ ئەوەی لە هاوبەشێكی سەربازی ببنە بەشێك لە دروستكردنی بڕیار سیاسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش چونكە ئەگەر هێزە كوردیەكان بە هەمان نۆڕمی پێشتر بەشداری هەر كارێكی سیاسی بكەن ئەوا جگە لە بەكارهێنانیان وەكو سوودی تاك لایەن لە ئەنجامدا هیچ سوود و نرخێكی بۆ كورد نابێت.









