خهبات: هاوار مورتكەیی:-
پیترا كیزار Petra Kejzar خانمە شەترەنجزانی وڵاتی سلۆڤینیایە و هەڵگری بڕوانامەی مامۆستای شەترەنجی ئافرەتانە WIM بەدەست دەهینیت دوای ئەوەی لە پاڵەوانێتی شەترەنجی ئەورووپا لە یاریزانیكی خاوەن هەلگری بڕوانامەی گراند ماستەر دەباتەوە و كاتێك تەمەنی 13 ساڵان دەبێت بەشداری پاڵەوانێتی ئەورووپا دەكات بۆ خوار 16 ساڵی پلەی دووەم بەدەست دەهینێت، پیترا لە دیمانەیەكی لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامە خەبات باس لە ژیانی وەرزشی و ئەو قۆناغانەی دەكات كە تا ئێستا پێی تێپەڕیون.
پلەی دووەم لەسەر ئاستی ئەورووپا
پیترا كە لە 17ی حوزەیرانی 1996 لە شاری كرانی سلۆڤینی لەدایك بووە دەڵێت: بۆیە شەترەنجم هەڵبژارد چونكە براكانم لەماڵەوە ئەو یارییەیان دەكرد، دوای ماوەیەكی كورت بۆم دەركەوت كە شەترەنج زۆر سوودی جیاوازم پیدەگەیەنێت و بەختەوەرم دەكات، لەوانە وردبوونەوە و دەرفەتی گەشت و ناسینی كەسایەتییەكان لەسەرانسەری جیهان، كە ئەمەش هانیدام لەسەر بەردەوام بم، هەروەها گوتی: لە ساڵی 2009 دەستم بەشەترەنج كرد كە ئەوكات تەمەنم 13 ساڵان بوو، بەهەرحال لە پاڵەوانێتی ئەورووپای خوار 16 ساڵ پلەی سێیەمم بەدەستهێنا، دواترین پاڵەوانێتی ئەوروپاش كە بەشداریم تێداكردبێت پاڵەوانێتی ئەمساڵ بوو كە لە توركیا بەڕێوەچوو، ئەگەرچی ئاستم وەك پیویست نەبوو لەم پاڵەوانێتییە، بەڵام توانیم لە گراند ماستەرێك ببەمەوە.
خەونی من هەڵبژاردەی سلۆڤینیایە
دواتر ئەو خانمە شەترەنجزانە سلۆڤینیە گوتی: لەسەرتای كاروانی وەرزشیمەوە بەهیچ شێوەیەك بەدەستهێنانی رەیتینگ بەلامەوە گرنگ نەبووە، بەڵام كاتێك لە یاریزانێكی گراندماستەرم بردەوە و بڕوانامەی WIM بەدەستهێنا زۆر بەختەوەر بووم، بەڵام خەونی من ئەوەیە كە لەریزی هەڵبژاردەی سلۆڤینیا یاری بكەم، هەوڵی خۆمی بۆ دەدەم و تا ئێستاش بیرم لەوە نەكردۆتەوە كە واز لەیاریكردن بهێنم، هەروەها گوتی: پێشتر رهێنەرێكم هەبوو ئەویش IM Leon Mazi، كە زۆر شتی فێركردم، ئێستا راهێنەرم نییە، چونكە خۆم ساڵی رابردوو راهێنانم بە یانەی دوبەی داوە.
بۆ تەمەنەكانیش شەترەنج پێویستە
لەكۆتاییدا پیترا كیزار شەترەنجزانی سلۆڤینی لەبارەی شەترەنج و بایەخی ئەو یارییە گوتی: ئەگەرچی شەترەنج یارییەكی زۆر خۆشە بەڵام لەهەمان كاتیش زۆر قورسە، وەك هەر یارییەكی تر پێویستی بەوە هەیە هەموو توانات بەكاربهێنی بۆ ئەوەی بەئامانج بگەیت، لێرەوە بەپێویستی دەزانم لە منداڵەكانمانەوە دەست بە فێربوونی شەترەنج بكەین، چونكە زۆر بەسوودە، فێرە زۆر شتت دەكات لەوانە دان بەخۆداگرتن، ركابەری، كۆڵنەدان، لەهەمووی گرنگتر چەندی بچیتە ناو تەمەنەوە یارمەتیدەردەبێت لە چالاككردنی مێشك.









