خەبات: تریفە ئازاد:-
سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خەبات جیا لە سەنتەری قەزای خەبات چەندین ناحیە و كۆمەڵگا و گوند لەخۆوە دەگرێت كە لەڕووی كایەی پەروەردە و فێركردنەوە رووبەرێكی فراوان لە رۆژئاوا و باكووری رۆژئاوای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. ژمارەی قوتابخانەكانی پەروەردەی خەبات بە باخچەی منداڵان و قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی و دواناوەندی بریتیە لە 141 قوتابخانە. بەڕ لەماوەیەكی كەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات ئەنجامدار و مامۆستا مەعروف حەمەد سەعید وەكو بەڕێوەبەری نوێی ئەو پەروەردەیە دەستبەكار بوو. ئەو لەبارەی كێشە و گیروگرفتەكانی دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم بزاڤی پەروەردە و فێركردن لەو دەڤەرە بۆ رۆژنامەی خەبات دوا.
لەڕووی پرسی گواستنەوەی مامۆستایان مامۆستا مەعروف حەمەد سەعید، بەڕێوەبەری نوێی پەروەردەی خەبات باسی لەوە كرد كە: ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆری مامۆستایان داوای گواستنەوەیان كردووە و بەپێی رێنماییەكان هەشتا مامۆستا گواستنەوە دەیانگرێتەوە. لەلایەكی دیكەشەوە سەبارەت بە كاریگەری گواستنەوەی مامۆستایان لەسەر كێشەی كەمی میلاكی قوتابخانەكان، گوتی:پارساڵ نزیكەی 720 وانەبێژ لە قوتابخانەكانی سەر بە پەروەردەی خەبات وانەیان دەگوتەوە، لە ئێستاشدا میلاكی قوتابخانەكانمان لە ئاستێكی خراپدایە و بۆ باشتركردن و دابین كردنی مامۆستا بۆ قوتابخانەكان هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین و ئەو پرسە دەگەیەنێنیە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر و وەزارەتی پەروەردە.
بۆ نەهێشتنی بۆشایی و لاوازی لە میلاكی قوتابخانەكان، پێویستیمان بە شەش سەد تاكو شەش سەد و پەنجا مامۆستا هەیە، ئێمە دەرك بەو بارە قورسە دەكەین كە لە قۆناغێكی وەكو ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان سەختە بەپێی حەز و خواستی ئێمە میلاكمان بۆ دەستەبەر بكرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو رێگایەك دەگرینە بەر كە ئەو پرسە كاریگەری لەسەر ئاستی فێركردنی قوتابییە چاوگەشەكانمان نەبێت و ئومێدمان زۆرە كە وەزارەتی پەروەردە لە ئێمە پەرۆشترن بۆ تۆكمە كردنی میلاكی قوتابخانەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان و زامنكردنی پاشەڕۆژێكی رۆشن بۆ نەوەكان، بۆ پێداویستی پەروەردەكەیان و دیاری كردنی ژمارەی مامۆستایان مامۆستا بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات وەهای گوت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، مامۆستا مەعروف حەمەد تیشكی خستە سەر رێگەچارەی هێنانی مامۆستا و پڕ كردنەوەی ئەو كەلێن و بۆشاییەی لەدەرەنجامی گواستنەوەی مامۆستایان دروست دەبێت. ئەو باسی لەوە كرد كە هەوڵ دەدەن ژمارەی پێویست لە مامۆستایان لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر گواستنەوەیان بۆ بكرێت و لە قوتابخانەكانی سەر بە پەروەردەی خەبات درێژە بە خزمەت كردن بە بواری پەروەردە و فێركردن بدەن. هیواشی خواست پەروەردەی گشتی هەولێر یارمەتیدەر و هاوكار بن تاكو بزاڤی پەروەردە لە سنوورەكەیان باشتر بەڕێوە بچێت.
گرینگی و بایەخی حكوومەتی هەرێم بە بواری پەروەردە خۆی لە بایەخدان بە قوتابی و بەرزكردنەوەی ئاستی فێركردنیان دەبینێتەوە، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵ و كۆششەكان لەپێناو ئەو ئامانجە باڵایە بێت، ئەمە دید و تێڕوانینی بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات بوو سەبارەت بە كایەی پەروەردە و فێركردن بەشێوەیەكی گشتی كە بۆ رۆژنامەی خەبات ئاشكرای كرد. هەر سەبارەت بە كرداری گواستنەوەی مامۆستایان، بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات میكانیزمەكەی خستەڕوو كە زیاتر لە هەشتا مامۆستای قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی لەلایەن لێژنەی گواستنەوەوە بەدواداچوون بۆ ساڵانی خزمەت و خاڵەكانیان كراوە و رێنماییەكانی گواستنەوە دەیانگرێتەوە. ئەوان ناوەكانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر ناردووە و چاوەڕێی وەڵام و رەزامەندی پەروەردەی گشتین تاكو كۆتایی بە كاروباری گواستنەوەیان بێت و بەڕێ بكرێن.
مامۆستا مەعروف حەمەد سەعید بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات نیگەرانی خۆیشی دەربڕی لەوەی كە سەرەڕای ئەو مامۆستایانەی كە گواستنەوە دەیانگرێتەوە ژمارەیەكی زۆرتر داوای گواستنەوە دەكەن. ئەو نەیشاردەوە كە لەڕێگەی جیاجیاوە هەوڵی ئەوە دەدەن گوشار بكەن تاكو بگوازرێنەوە. بەڵام ئەو دڵنیایی دایە بەڕێوبەری قوتابخانەكان و ماڵباتی قوتابیان كە چارەنووسی قوتابیانی لە گلەییەكان بەلاوە گرینگترە، لەمڕووەوە گوتیشی: ئەو مامۆستایانەی ساڵانی خزمەتیان لەسنوورەكەمان تەواو نەبووە و رێنماییەكان نایانگرێتەوە و داوای گواستنەوە دەكەن دەبێ رەچاوی ئەوە بكەن كە دۆخی میلاك لە قوتابخانەكانمان لە ئاستێكی خراپدایە، پێویستە ئەوانیش هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن كە لە دەرەنجامی گواستنەوەیان زیان وەبەر قوتابییەكانیان دەكەوێت.
لەلایەكی دیكەشەوە لەبارەی دامەزراندنی وانبێژان بەشێوەی گرێبەست بەڵێنی ئەوەی دا كە دەنگی خواستی وانەبێژان بگەیەنێتە سەرووی خۆی، ئەو پێی وابوو كە بە ئەنجام گەیشتنی ئەو هەوڵە سوودی زۆری بۆ پڕكردنەوەی كەمی لە میلاكی قوتابخانەكان دەبێت.
دواجار مامۆستا مەعروف حەمەد سەعید وەكو بەڕێوەبەری نوێی دەستبەكاربوو لە پەروەردەی خەبات ئاماژەی بەوە كرد كە دەستی بە سەردانی قوتابخانەكان كردووە و لەسەر ئەوە بەردەوام دەبێت تاكو ئاگاداری كێشە و گرفت و پێداویستییەكان بێت، ئەو باسی لەوەش كرد كە كۆمەڵێك لەداواكاری كارگێڕی قوتابخانەكانی لەلای خۆی تۆمار كردووە و كاریان لەسەر دەكات و راشیگەیاند كە ئەو داواكارییانەی لەلای خۆیان و لەڕێگەی یەكەی ئیداری لە قەزا و ناحیەكان و شارەوانی و دامودەزگا خزمەتگوزارییەكانی ئەو سنوورە جێبەجێ بكرێ ئەوا جێبەجێی دەكەن، ئەوانی دیكەش بە نووسراو ئاراستەی بەڕێوەبەراتی گشتی پەروەردەی هەولێرو وەزارەتی پەروەردە دەكرێت.









