خهبات: پەریها عومەر:-
گرنگی بڕوانامە باڵاكانی وەك ماستەر و دكتۆرا بۆ ئافرەت چییە، ئەو ئافرەتانەی بڕوانامەی بەرزیان هەیە تاچەند توانیوویانە لەبوارەكەی خۆیاندا سەركەوتووبن؟ لەم راپۆرتەدا ئەم پرسە دەخەینە بەردەم چەند مامۆستایەكی زانكۆ:
تانیا نورەدین مامۆستای زانكۆ دەڵێت: بەبۆچوونی من ئافرەت رۆڵێكی كاریگەرو زۆر باشی هەیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ حەزی ئافرەتان لە پیشەی مامۆستایەتی بە تایبەتی مومارەسەكردنی ئەو پیشەیە لە ئاستێكی بەرزتری وەك زانكۆ رۆڵەكەیان كاریگەرتر دەبێت لەو بوارە.
دكتۆر ئەكرەم فەرەیدوون لەزانكۆی سەڵاحەدین بەشی ڕاگەیاندن لەم بارەیەوە دەڵێت: بوونی بڕوانامە بۆ هەردوو رەگەز گرنگە و بە گرنگ تەماشا دەكرێت لە هەر پسپۆریەكدا بێت، ئەمەش لە رەگەزی مێینەدا گرنگترە و دەبێـت زیاتر هانبدرێت. وەرگرتنی هەر بڕوانامەیەك لەدوای بەكالۆریۆس پێویستی بە ماندووبوون و شەونخونی و زیاتر ماندبوون و هەست بە بەرپرسیارێتی لە كایەكانی ژیاندا هەیە، ئەمە لەلایەك و پاش وەرگرتنی ئەو بڕوانامانە و چۆنیەتی مامەڵەكردندیان لەگەڵ خود و چواردەوردا لەلایەكی ترەوە.
دكتۆر ئەكرەم گوتیشی: پێویستبوون و بەدەستهێنانی بڕوانامە بەبێ پاشخانی فیكری و باش مامەڵەنەكردن تەنها كاغەزێكە و هەڵواسینیشی رێگەگرتنێكی جوان نابێت لە ژوورەكاندا، بۆیە بەدەستخستن و رۆڵ بیبینن و گرتنەبەری رێگەیەكی پرۆفیشناڵانە لە پسپۆریدا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو رێگایانەی كە دەبێ بەشێوەیەكی زانستیانە بیانبڕیت و هەوڵیان بۆ دەدەیت.
گوتیشی: بڕوانامە لەهەموو پسپۆریەكاندا زۆر گرنگە بەتایبەتی رۆڵی خۆی دەبێ لە گۆڕین و فەراهەمكردنی جوانییەكانی ژیان بۆیە دەبێ زۆر هەوڵی بۆ بدرێت و رێگای كردنەوەی ئەو گرێكوێرانەی كە لەبەردەمی بەدەستهێنانی ئەو پلە زانستیانەدا هەن دەبێ بكرێنەوەو ئاسانكاری بكرێت بۆ گەیشتن پێیان. ئافرەتانیش وەك بەشێكی هەرە گرنگی ناو كۆمەڵگەی كوردەواری دەبێ سەرمەشقبن لە رۆڵ بینبن و وەرگرتنی ئەو پلە زانستیانەی كە پێویستن بۆ خزمەت بە نەوەكانی داهاتوو. ئەمەش وەك پێویستیەكی زۆر دەبێ رەچاو بكرێت و هانبدرێن تا هەنگاوەكان زیاتر و زیاتر بەرەوپێش بڕۆن. كەمبوونی هەر پسپۆرییەك هەموو تاكەكان بەرپرسیارن بەهەردوو رەگەزەوە و هەر یەكەیان بەپێی كەم و زۆریان ئەو ئازارەیان بەردەكەوێت كە نەیانتوانیوە ببنە هۆكارێك بۆ هەڵكردنی ئەو رووناكیەكی كە هەمووان چاوەروانی دەكەن رێگا سەختەكانیان بۆ رۆشن بكەنەوە.
باران محەمەد مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین بەشی ڕاگەیاندن دەڵێت: ئافرەت لە هەر بوارێكی كاركردن بە هۆكاری پێشكەوتنەكانی سەردەم و كرانەوەی ئەقلەكان ڕۆڵی زیاتر بووە ئێستا لە زۆرینەی بوارەكان ئافرەت لە پاڵ پیاوەكان كار دەكەن و ڕۆڵی گرنگ دەگێرن، سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەت لە بەدەستهێنانی بڕوانامە و پڵەی باڵاتر لەسەر ئاستی ئەكادیمی لە ئێستادا ئەوەی بەرچاوە ڕێژەیەكی باشە، بەڵام بوونی ئافرەت تەنها ناكرێ لە زیادبوونی ڕێژە و ژمارە بوەستێت. ئافرەتان توانیویانە تا ئاستێك ببن بە سیمبولێك لە بواری خوێندن قوتابیانی تری كچ زیاتر هانبدرێن بۆ كاركردن و درێژەدان بە خوێندن، هەرچی سەبارەت بەوەی ڕێژەی ئافرەت ڕەنگە بەرامبەر نەبێ بە پیاو، چونكە بۆ ئافرەت ئەو ماوەیەی كە كرانەوەی ئەقلەكان دروست بووە رەنگە زۆر نەبێت كە لە زووەوە ئافرەتان لەو بوارە چانسی زیاتریان هەبێ.









