كاروان محەمەد سینۆ
وو ساڵ لەمەو پێش وەكو ئەمڕۆ (16ی ئۆكتۆبەری 2017)، لەودەمەی هەموو خەڵك و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان ئامادەبوون بە گیان و ماڵ خۆیان فیدا بكەن و بەرگری لە خاك و شەرەف و كەرامەتی كوردستان بكەن، بەرگری لە بڕیار و ئیرادە و چارەنووسی خۆیان بكەن ، بەرگری لەو خەون و هیوا و ئاواتە بكەن، كە هەموو خەڵكی كوردستان لە ریفڕاندۆمدا بڕیاریان لێدابوو. لە هەمان كاتیشدا هەموو مرۆڤایەتی و دۆستان و ئازادیخوازانی جیهان لە چاوەروانی ئەوەدابوون كە هەموو كوردستانیان (سڤیل و چەكدار) بەیەك دەنگ و یەك هەڵوێست بەرگری لەو هەل و مەرجەی خۆیان بكەن و ئەو هەلە مێژووییە لەدەست نەدەن كە بە خوێن دابینكرابوو و بەرگری لە بڕیار و ئیرادەی خۆیان و مللەتەكەیان بكەن، بۆ ئەوەی كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان پاش ریفراندۆم لە چوارچێوەی دەستوور و رێكەوتنێكی یاسایی سیاسی بخرێتە بەر گفتوگۆ و چارەسەربكرێ، هەروەها ماددەی 140ی دەستووری عێراق كارا بكرێ و بڕگە و هەنگاوەكانی ئەم ماددە دەستوورییە جێبەجێ بكرێ و چیدی دەستوور پێشێل نەكرێ. ئا لەم كات و هەل و مەرجەدا، تاقمێكی خیانەتكاری خاك فرۆش و خۆفرۆش و كاڵفام، بێ لەبەرچاوگرتنی هیوا و ئاوات و ئیرادە و بڕیاری تەواوی خەڵكی كوردستان، لێمان بوون بە یەهودا (یەهودای ئەسخەریوتی❊) و تەنها لەبەر بەرژەوەندی كەسی و تایبەتی خۆیان، لە رێكەوتنێكی خیانەتكاریدا بڕیاری خۆ بەدەستەوەدانیاندا و رێك هاوشێوەی (یەهودای ئەسخەریوتی كە چۆن حەزرەتی مەسیحی رادەستی دوژمنانی كرد) ئەوانیش كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی كوردستانیان ڕادەستی داگیركەران كرد، كە لە ئەنجامدا قودسیەتی كەركووك و دەڤەرەكانی دیكەش خرایە ژێرپێی داگیرگەران. ئێستا جارجار لە هەندێ بۆنەوە و لێدواندا، هەندێك كەس لەم تاقمە خیانەتكارە، هەوڵدەدەن پاساوی عەجیب! غەریب؟! بۆخیانەتەكەیان ببیننەوە و وەكو تۆزێك لە چاوی خەڵكی كوردستان بكەن، پێیان وایە كە خەڵك لە گوێی گادا نووستووە و تەلەفزیۆن و میدیا و مێژوو هیچی تۆمار نەكردبێ و ئەوەی لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەردا كردیان، كەس پێی نەزانیوە!!. جار جاریش ئەم تاقمە خائین و خاك فرۆشە، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر وەكو دەستكەوتێك و پاڵەوانێتییەك و (گۆڵ)ێك؟! بە گوێی هەندێ؟! ئەندام و لایەنگرانی خۆیاندا دەچرپێنن. گوایە ئەوان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە؟!. ئەمەش بۆتە مایەی ئەوەی كە بەشێنەیی هەندێك پرسیار بكەین: ئەوە چ سەركەوتنێك بوو؟!، سەركەوتن بەسەر كێدا بوو؟!. چیتان دەستكەوت؟!. كێ سوود مەند بوو بەو سەركەوتنە خیانەتكارە؟!. سەركەوتنی ئەم تاقمە خائین و خاكفرۆشە بەو خیانەتەی كە كردیان تەنها ئەوەبوو كە حزب و كادیەرەكانی خۆیان بەرامبەر تەواوی خەڵكی كوردستان شەرمەزاركرد. ئەمڕۆ هەوادار و لایەنگر و ئەندام و كادیرانی حزبەكەی ئەوان بێ هۆدە و نائومێد و بێ هیوان.. شەرم لە خەباتی پێشووی خۆیان دەكەن لەگەڵ ئەو تاقمە!،. شەرم لە خوێنی شەهیدەكانی حزبەكەی خۆیان دەكەن كە لەپێناوی رزگاری كوردستان خوێنیان رژاوە،. شەرم لە دایكی و خێزان و كچ و كوری شەهیدان دەكەن. لەكاتێكدا ئەوتاقمە خیانەتكار و خاك فڕوشە، لە ئاهەنگ و یاد و بۆنە و كۆنفڕانس و پلنیۆم و بازنە و كۆبوونەوەكاندا بازرگانی و موزایەدە بە خوێنی شەهیدەكان دەكەن، كەچی ئەوان زۆر دوورن لە هەر بنەما و مەبدەئێك كە لاوی كورد لە پێناویدا شەهید بوونە. ❊ یەهودا ئەسخەریوتی. یەكێك بووە لە دوازدە قوتابییەكەی (حەزرەتی مەسیح سڵاوی خوای لەسەر بێت)، ناوی (یەهوزا سەمعان ئەسقەریوتی)ییە. هەروەك لە »ئنجیل« دا هاتووە.. یەهودا ئەسخەریوتی بەرامبەر 30 پارچە زیو خیانەتی لە (حەزرەتی مەسیح)كرد و ڕادەستی دوژمنانی كرد و ئەوانیش (حەزرەتی مەسیح)یان لەخاچدا، ئەمەش گەورەترین خیانەتە كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار كراوە.









