خەبات-مەریوان نەقشبەندی
خاتوو كیوجی سوجینو كەسایەتی ناسراوی ژاپۆن و سكرتێری گشتی رێكخراوی ئاشتی جیهانی ئەو وڵاتە و سكرتێری كارگێڕی دامەزراوەی نێودەوڵەتی ئاینەكان لەپێناوی ئاشتی لە لێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات باسی مەترسییەكانی ئاشتی لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان دەكات و دەڵێ گوشارێكی گەورەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەسەر كوردستان هەیە و جیهان هەموو چاودێری كوردستان و حیكمەتی سەركردەكان و گەلی كوردستان دەكەن.
خاتوو كیوجی سوجینو لەدرێژەی لێدوانە تایبەتەكەیدا بۆ رۆژنامەی خەبات گوتیشی: لە كێشەی هەردوو كۆریا بگرە هەتا كێشەی ڤەنزویلا و دانیشتووانە رەسەنەكەی كیشوەرەكانی باكوور و باشووری ئەمەریكا و ئەفریقیا و ئوسترالیا و لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەیجیریا و ئۆگەندە و كێشەی كشمیر لەنێوان هندستان و پاكساتان و موسڵمانانی میانمار و بوزییەكان و كێشەی توندڕۆیی ئاینی و مەزهەبی و سیاسی و كێشەی كۆچبەر و پەنابەر و برسێتی و تێكچوونی ژینگە هەموویان پێكەوە هەرەشە لەهەسارەی زەوی و دانیشتووانەكەی دەكەن.
ئەم خاتوونە ژاپۆنیە كە چالاكوانێكی ناسراوی بواری ئاشتی و پێكەوەژیانی جیهانە لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نائارامیەكی ئێجگار زۆر لەهەست و دڵی دانیشتووانی ناوچەكە هەیە كە گرنگترینیان مانەوەی كێشەی كورد لەناوچەكە و كێشەی عەرەب و ئیسرائیل و كێشەی مەزهەبی نێوان سوننە و شیعەیە كە سەری كێشاوە بۆ دەستوەردانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەتەواوی وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەتیش هەرەشەی دوولایەنەی ئەمەریكا و ئێران بۆ بەرپاكردنی شەڕێكی كاولكار كە هەموو خەڵكی ناوچەكە زەرەرمەند دەبن تێیدا.
خاتوو كیوجی سوجینو گوتیشی: ئەگەرچی كورد لەباكووری عێراق ژیرانە سیاسەت دەكەن لەمامەڵەكردنیان لەگەڵ ئەم كێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەی كە دەیان ساڵە پێوەی دەناڵێنن، بەڵام چارەسەركردنی كێشەی كورد و لەبەرچاوگرتنی مافی رەوای گەلانی كوردستان و ئەو ئەزموونە سەركەوتووەی كە هەرێمی كوردستان لەئاشتی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی نێوان ئاین و نەتەوە و مەزهەبەكان پەیڕەو دەكرێ، گەرەنتی هێوركردنەوەی بەشێك لەكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و پێویستە نەتەوەیەكگرتوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر مرۆییانە هەڵسوكەوت بكەن و لەسەر بنەمای بەهێزی و لاوازی، گەورە و بچووك مامەڵە لەگەڵ خەڵكی كوردستان و ناوچەكە نەكەن. لەكۆتایی قسەكانیشیدا ئەم خاتوونە هیوای خواست لەنزیكترین كاتدا سەردانی كوردستان بكات و بەچین و توێژەكانی بگات و گفتوگۆیان لەگەڵ بكات.
سهرهتا چاوپێكهوتن كیوجی سوجینو سكرتێری گشتیی رێكخراوی ئاشتیی ژاپۆنی بۆ خەبات :گوشارێكی گەورەی ئیقلیمی...









