دكتۆرە مەیادە نەجار❊
ئەگەر تێرامانێك بەمێژووی تێكۆشانی نەتەوەكەماندا بكەین ماڵی بارزان نموونەیەكی بێوینەبوون لەتیكۆشان و پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی نێو ماڵی كورد، بێگومان باوكی ڕۆحیمان (سەرۆك بارزانی نەمر) وەك یەكەم سەركردە لەمێژوودا بریاریدا خەباتی هاوبەشی نەتەوەیی كوردایەتی لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی كوردستان دەست پێبكات و یەكەم گزنگیش بەشداریكردنی (باوكی رۆحیمان سەرۆك بارزانی نەمر ) و سەدان گەنجی پاڵەوانی بارزانیەكان لەدامەزراندنی كۆماری كوردستان لەمەهاباد و خۆبەختكردنیان لەپێناو سەرخستنی خەباتی رۆژهەلاتی كوردستان.
سەرۆك بارزانی دەنگی كوردانی رۆژئاوای گەیاندە كۆڕبەندی نێودەوڵەتی
ئەمرۆ مەرجەعی نەتەوەیمان ڕیزدار (سەرۆك مەسعود بارزانی) هەموو هەوڵێكی لە پێناو یەكخستنی خەباتی نەتەوایەتی و چارەسەركردنی پرسی كوردە لەسەرجەم پارچەكانی كوردستاندا بەشێوەیەكی دیپڵۆماسی و دانوستانی هاوبەش. هەوڵەكانی مەرجەعی نەتەوەیمان بۆ چارەسەری پرسی رۆژئاوای كوردستان لەدوای قەیرانی سووریا بەچەندین قۆناغدا تێپەریوە لەرووی هاوكاری و هەماهەنگی لە هەموو بورارێكدا، هەر لە هەوڵە دیپلۆماسییەكان تا دەگاتە هاوكاری گەیاندنی دەنگیان بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامبووە. بەدرێژای ئەو سەردەمەی كە رۆژئاوای كوردستان بەهۆی جەنگی تیرۆلیستانی داعش لەڕەوشێكی زۆر ناهەمواردابوون، بەڵام پاڵپشتی سەرۆك بارزانی ئەگەری سەرەكی بوو بە مانەوە و بەرگریكردنیان بەو ئاستە بەهێزەی كەهەبوو.
بەهەوڵی (سەرۆك بارزانی) هاوكاری پێشكەش بە رۆژئاوا كرا
لەسالی2014)دا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆن كێری وەزیری دەروەی ئەمەریكا ئەجامدا داوای لێكرد هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانی ئاسمانی كورد لە ڕۆژئاوابكەن و زەمینەسازی بكرێت بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەناو خاكی توركیاوە رەوانەی كۆبانێ بكرێت، ئەوەبوو هاوپەیمانانی نیودەوڵەتی داواكەی پەسەندكرد و كۆبانێ ڕزگاركرا. ئەم هەنگاوانەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) وایكرد كوردانی رۆژئاوا وەك كیانێكی سەربەخۆ لەلایەن كۆمەلگەی نێودەوڵەتیەوە مامەڵەیان لەگەل بكرێت و پەیوەندی دیپلۆماسیان لەگەل دروست بكرێت. ئەگەر زیاتر ووردبنینەوە لە بەردەوامی هەوڵەكانی رێزدار (سەرۆك بارزانی) بەتایبەتی لەپێناوی یەكخستنی سەرجەم هێزە كوردستانیەكانی رۆژئاوادا، دەبینین چەندینجار تەواوی لایەنەكان بانگهێشتی هەرێم كران، تالەئەنجامدا هەردوو ڕێككەوتنی هەولێر و ڕێككەوتنی دهۆك لەنێوان لایەنە كوردییەكان ئەنجامدرا. بەڵام بەداخەوە سەركردایەتی پەیەدە لەڕێككەوننامەكە كشایەوە و دژایەتی بۆ سەرجەم لایەنەكانی دیكە دەربڕی. پەیەدە دەیوست خۆی وەك هێزی فەرمانرەوایی تەنیا بناسێنیت، بەڵام لەگەل ئەمانەشدا ڕێزدار (جەنابی سەرۆك بارزانی) لەهەوڵە دیپلۆماسیەكانی خۆی بەردەوامبوو چەندینجار لەدیدار و كۆبوونەوە و پەیام و نامەكانیدا، بەرێزیان دوای لەسەرجەم لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا كردووە كەیەكبگرن و خاوەنی هێزێكی هاوبەشی بەتوانابن لەئایندەدا خاوەن پێگە دەبن، چونكە ئەگەر بەپەرتەوازەیی بمێنەوە ئەوا لەهەموو حاڵەتەكاندا مافخورا دەبن.
پەیەدە چی دەكا؟!
هەردەم ئامۆژگاریەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ لایەنە كوردستانیەكان لەوەدابووە كە پێویستە هیزە كوردستانیەكان خۆیان بۆ سەرجەم گۆرانكاریە خێراكانی نێو گۆرەپانی سیاست ئامادەبكەن، هەر لە سەركەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد یان ئۆپۆزیسیۆنی سووریا یان هەر گۆرانكاریەكی دیكە، مەرجە كورد یەك دەست و یەكی هەڵوێست بێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەل ئەو دۆخ و پێشهاتە نوێیەدا مامەڵە بكات، لەهەر رێكەوتنامەیەكدا پێویستە مافەكانی كورد لە سووریا گەرەنتی بكرێ، بەڵام بەداخەوە پەیەدە تەواوی ئامۆژگارییەكانی پشتگویخستبوو، لەبەر ئەوەی سەركردایەتی پەیەدە تەنیا بەوە دڵخۆشبوو كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چەك وجبەخانەی لەپێناوی شەركردن دژی داعشدا پێشكەشدەكرن، لەكاتیكدا ئەوان هیچ جۆرە رێكەوتنامەیەكی دیاریكراویان لەگەل ئەمریكیەكاندا نەبوو بۆ دوای كۆتایهنیانی جەنگی داعش. بەڵام بەداخەوە سەركردایەتی پەیەدە تەواوی ئامۆژگارییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی پشتگوێ خستبوو لەجیاتی گوێگرتن و هەوڵدان بۆ یەكخستنی ماڵی كورد كەوتنە دوژمنایەتی كردنی پێشمەرگەو هەرێمی كوردستان.
یەكبوونی نیو ماڵی كورد و ئایندەی رۆژئاوا
بێگومان بەهۆی تاكڕەوی و نەبوونی بەرنامەیەكی دیپلۆماسی سەركردایەتی پەیەدە رۆژئاوای كوردستان تووشی ناهەموارترین دۆخی سیاسی و مرۆیی و گەورەترین كارەسات بووە كە هەڕەشە لەم ناوچەی كوردستان دەكات. لەم كاتە ناهەموارەدا رێزدار (سەرۆك مەسعود بارزانی) هەموو تواناكانی بەكار هێناوە لەگەڵ و ڕووسیا و وڵاتە یەكگرووەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەلمانیا و هێزە هەرێمیەكان بۆچارەسەركردنی كێشی رۆژئاوا، هەوڵەكانی لەچەندین بواری دیپلۆماسیدا بووە چەندین پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەل سەركردەی زلهیزەكانی جیهان ئەنجامداوە دیارترینیان ئەنجامدانی دیدارێكی دیپلۆماسی بوو لەسەر ئاستی لوتكە لەگەل وەزیری دەرەوەی ڕووسیا كە راستەوخۆ (سەرۆك بارزانی) داوای لە لاڤرۆڤ كرد كەرووسیا وەك زلهیزێكی جیهان و هێزی كاریگەری رۆژهەڵاتی ناوەراست هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی رۆژئاوابخەنەگەڕ و ڤلادمیر پۆتین لەم رێگەیەوە تەواوی نفوزی خۆی بۆ چارەسەری پرسی كوردانی رۆژئاوا و رێگری كردن لە هێرشی توركیا بەكاربهێنێت.
بیگومان سەرۆك بارزانی لەهەوڵە دیپلۆماسیەكانی بۆ چارەسەركردنی پرسی رۆژئاوا بەدەوامە، لەكاتێكدا كە قەیرانی سووریا بەگشتی زۆر ئاڵۆزبووە و چەندین هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمی بۆ بەرژەوەندی خۆیان رۆڵی تیدا دەگێڕن. كوردانی رۆژئاواش باجێكی قورسی هەڵەكان و تاكڕۆیی پەكەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان دەدەن هەر لەتێكدانی یەكڕیزیی نیو ماڵی كورد تادەگاتە دژایەتی كردنی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەوەی گرنگە لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا هێشتا درەنگ نییە، لەم دۆخە ناهەموارەشدا ئەگەر سەرجەم كوردستانیان لەگشت پارچەكاندا گوێڕایەڵی ئامۆژگاریەكانی مەرجەعی نەتەوەیمان ڕیزدار (سەرۆك مەسعود بارزانی) بن ، ئەوا دڵنیاین بە یەكریزی و یەكبوونی نیو ماڵی كورد گەورەترین ئومێد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەبێت. لەكۆتاییدا دەلێم مەرجەعی نەتەوەیمان ڕیزدار (سەرۆك مەسعود بارزانی) ئەو سەركردەیەبووە كە لەرۆژەكانی نائومیدا چرای هیوابەخشی هەڵكردووە و چەخماخەی شۆرشی گوڵانی داگیرساندووە، دامەزرێنەری بەرەی كوردستانی و ئەندازیاری ڕاپەرین و هەڵگری مەشخەڵی سەربەخۆی بووە، ئێستاش كلیلی چارەسەری سەرجەم كێشەكانە، چونكە سەرۆك بارزانی مەرجەع و خەمخۆر و رابەری رۆحی هەر چوار پارچەی كوردستانە.
❊ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.









