ژیار بندیان
ئەمەریكا پێش جەنگی جیهانی دووەم سیاسەتی گرینگی پێنەدانی لە سیاسەتی دەرەوەیدا هەڵبژاردبوو. واتە دەستێوەرنەدان لە كاروباری وڵاتانی دیكە، بەڵام لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەمریكا قوربانییەكی زۆری دا لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەراست. لەم كاتەوە تاكو ئێستا گرینگی زۆر بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی دەدات و توانیویەتی سەركەوتنی بەرچاو لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەدەست بێنێ بەتایبەت دوای ئەوەی توانی (سوپای سووری سۆڤییەت لە ئەفغانستان بەدەرنێت و تاڵیبانیش بروخێنێ.
بنەمای دارشتنی سیاسەتی نوێی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا لە دوو تێروانین خۆی دەبینێ، ئەمانەیش شەری دژی تیرۆر و پەرەدان بە دیموكراسی بە جەنگ یان ئاشتی لەناوچەكەدا، ئەوەی كە ئەمریكا یان ئەو هێزانەی پاڵپشتی دیكتاتۆرییەت دەكەن لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەربەركانێ دەكەن و بەدوای بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیانەوەن، ئەوەی جێگای باس كردن نیە لەبەر ئەوەی هەر وڵاتێك بەهەر شێوەیەك بێت بەرژەوەندیی خۆی لە پێش هەموو شتێك دادەنێت، بەڵام بۆ ململانێ لەگەڵ تیرۆر و دیكتاتۆرییەت و بیركۆن لە بەرژەوەندیی حكوومەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دایە و باشترین جێگرەوە بۆ تیرۆر جێگیركردنی دیموكراسییە لە ناوچەكەدا، بە سەیركردنی كورتەیەك لە ساڵانی رابردوو ئەو وڵاتانەی لە ژێر سیستەمی دیكتاتۆرییەت رزگاریان بووە لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لەبواری ئەمنی بە تەواوی سەقامگیر نەبوونە، بەڵام بۆ گەیشتن بە دیموكراسی بەرادەیەكی زۆر بەرەوپێش چوونە، كوردستانی عێراق یەكێكە لە نمونەكانی بەرەوپێش چوونی دیموكراسییەت كە پێشتر لە ژێر رەشەكوژی و ئەنفال كردن و كیمابارانی رژێمی پێشووی عێراقدا بوون، بەڵام لە دوای رزگار كردنی عێراق، كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانی سەركەوتوو بێت بە دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری . هەروەها بەرەوپێش چوونی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی.
لە ئێستادا كۆماری ئیسلامی ئیران لە قەیرانێكی گەورەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دایە قەیرانەكان قووڵتر بوونەتەوە بەتایبەت لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی،
ئەم سیاسەتەش كە خاڵی سەرەتای وەلانانی سەرۆكی سازشكاری ئەمەریكا باراك ئۆباما بووئیستا بەرە و كۆتاییە و ئەم گۆرانكارییانەی لەم دواییانەدا لە ئیدارەی ئیستای ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی دۆنال تراپ بەرچاو دەكەوێت ئەو هەنگاوانانەی بۆ وەستانی حكوومەتی ئەمریكا لە تەنیشت گەلانی ئیران.
جان بۆڵتۆن كە ناسراوە بەسەرسەختی بەرامبەر حكوومەتی ئێران زۆرجار گوتوویەتی كە رۆژهەڵاتی ناوەراست یەك كێشەی هەیە ئەویش رژێمی دەسەڵاتدارە لە ئێران. هەروەها وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت سعودیا لەو بروایەدان مانەوە و تەیار بوونی حكوومەتی ئێران بە چەكی ئەتۆمی، بەمەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن و دوای كشانەوە ئەمەریكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی ئەو ناوچەیە لە جیهاندا چۆتە قۆناغێكی تازەوە كە زیاد لە رابردوو زەنگەكانی هەڵگێرسانی جەنگێكی نوێ لە ناوچەكە لێدەدرێ و لە ئێستادا وڵاتی ئێران كە خاوەنی پێگەیەكی بەهێزی ئابووری و سەربازییە لە ناوچەكەدا هەروەها كێشەی ئایدۆلۆجی و ئاینی و سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا هەیە بەتایبەت لەگەڵ سعودیا، كە ئەمەش رێگە خۆشكەرە بۆ سەپاندنی هەژموونی ئەمریكا بەسەر وڵاتانی تری ناوچكەدا. بروام وایە هەرچەندە وڵاتی ئێران لە ناوچەكە بەهێزتر بێت تارادەیەك لەبەرژەوەندیی ئەمەریكا دایە. چونكە هەرچەند ئێران بەهێزبێت وڵاتانی تری ناوچەكە پەنا دەبەن بۆ باوەشی ئەمەریكا هەتاكو بیانپارێزێت، كە ئەمەش پەیوەستە بە بوونی بەرژەوەندی بەهێزی ئابووری و سەربازی ئەمەریكا لە ناوچكە بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی كەنداودا، ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی ئێران بتوانێت ببێتە هەرەشەی جددی لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، بەڵام پێش ئەوەی حكوومەتی ئێران بەو رۆژە بگات بەهەمان دەردی رژێمی پێشووی عێراقی دەبەن، هەروەك چۆن لە ساڵی 1990 بەپلانێكی نێودەوڵەتی توانرا نرخی نەوت بەرێژەیەكی بەرچاو دابەزێنرێت كە كوێت بەشێك بوو لەو پلانە، هەر ئەمەش بووە هۆی لاواز بوونی عێراق، هەروەها ئەمە هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ داگیركردنی كوێت لە لایەن عێراقەوە كە ئەمە سەرەتایەك بوو بۆ بیانوو دان بە ئەمەریكا تاكو پلانێك دارێژێت بۆ لەناوبردنی رژێمی ئەوكاتی عێراق كە دەستی هەبوو لە ئەنفال كردن و كوشتنی بەناهەقی گەلی كورد، لە ئیستاشدا بە هەمان شێوە ئێران تووشی قەیرانی دارایی بووە و نرخی نەوتیش دابەزیوە، هەروەها ئێران راكێشراوەتە ناو جەنگی سوریا و یەمەن و كێشەی لوبنان و فەلەستین بەشێوەیەك توشی شەلە بووە و ناتوانێ بە ئاسانی خۆی دەربازبكات و بە تەواوەتی كەوتۆتە بۆسەی ئەمەریكا، بەهەمان شێوەیش ئەمەریكا ئێران تۆمەتبار دەكات بە بیانووی دروست كردنی چەكی ئەتۆمی هەر وەك چۆن لە رابردوودا عێراقی تۆمەتباردەكرد بە دروست كردنی چەكی كیمیایی، بروام وایە لە چەند ساڵی داهاتوودا واقعی سیاسی ناوچەكە بەتەواوی گۆرانی بەسەردا بێت و لەوانەیە چەند وڵاتێكی نوێ لەناوچەكە دروست بێت، ئەگەر ئەمەش رووبدات بە دڵنیاییەوە دەوڵەتێك بۆ كورد دروست دەبێت، بەتایبەت لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان كە ئەمەش دەبێتە چەكێكی بەهێز لە داهاتوویەكی نزیكدا و سەرەتای خۆ ئامادەكردن بوو بۆ چەند ساڵی داهاتوو، لەوانەیە ئەوكاتە لە سوریا و ئێران و تارادەیەكی كەمتر لە توركیاش هەرێمی سەربەخۆ بۆ كورد دروست بێت و چەند دەوڵەتێكی سونی عەرەبی دروست بێت، جا چ بەرێگای راپەرینی جەماوەری یان بەجەنگ بێت.









