بەكر كەریم حەسەن
چینییەكان دەلێن” ئەوەی زمان شیرینی و رووخۆشیم لەگەڵ دەكات دووژمنمە، ئەوەی گلەیی و گازاندەم لێ دەكات مامۆستامە”.
مامۆستا رۆلی سەرەكی و گرنگی هەیە لە بنیاتنانی كەسایەتی قوتابی و بنیاتنانی بیروهزری قوتابی، كاریگەری مامۆستا هەر بە تەنها پەیوەست نییە بە لایەنی فێركردن، بەڵكو رۆلی كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەلایەنی پەروەردەكردنی قوتابی، بۆیە مامۆستا كۆمەلێ ئەرك و بەرپرسیاریەتی گرنگی هەیە بەرامبەر قوتابی و پێویستە پابەند بێت بە سەرجەم ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكانی بەرامبەر قوتابیان تاوەكو لە كۆتایدا بەرهەم و ئەنجامی باش بەدەست بهێنێت، ئەویش بنیاتنانی كەسایەتی قوتابی قوتابییە و بنیاتنان و پەرەپێدانی هزرو بیری قوتابییە، كە قوتابیش تاكێكە لە تاكەكانی كۆمەڵگە، وە بنیاتنانی كۆمەڵگە دەوەستێتە سەر بنیاتنانی تاك كە قوتابییە، بۆیە پێویستە مامۆستا بەوپەری دڵسۆزی و لە خۆبوردەییەوە قوتابی پەروەردە بكات كە لە كۆتاییدا كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو سەر هەڵدەدات.
واتە پیشەی مامۆستا هەستیار و كاریگەرو یەكلاكەرەوەیە لە كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، بۆیە دەبێ مامۆستا هەردەم پێشەنگ و نموونەیەكی جوان بێت لە كۆمەڵگە بە تایبەتی لە قوتابخانە و لە ناو پۆل لە پێش قوتابییەكانی هەڵس وكەوت و رەفتار و كردار و گوفتاری ئەوپەری پەروەردەیی و نەرم و نیان و هەماهەنگ بێت و بەردەوام ئامۆژگاری قوتابییەكانی بكات لە سەر رەوشت و هەڵس وكەوتەكانیان بە گشتی و شارەزایی و زانیاری تەواوی هەبێت لە سەر ناوی قوتابییەكانی و تواناكان و كارامەییەكان و چالاكییەكانیان، هەروەها بزانێ قوتابیان گرنگی و بایەخیان بۆ بابەتەكان چۆنە و لە هەمان كاتیشدا هەوڵ بدات پێداویستی و داواكاری قوتابییەكان جێ بەجێ بكات لە هۆیەكانی فێركردن و پەروەردەكردندا. ئەوەشمان لە بیر نەچێت نابێت مامۆستا بابەتەكەی فەرامۆش بكات، پێویستە بەردەوام پەرە بە پسپۆڕی خۆی بدات و بابەتەكە ئامادە بكات و كۆنترۆلی پۆل بكات لە رووی بابەت و پەروەردەییەوە، گرنگە بەردەوام پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرجەم قوتابییەكانی هەبێت، جودا لەوەش گرنگە پەیوەندی بەردەوامی هەبێت لەگەڵ كەس وكاری قوتابی لە پێناو بەرژەوەندی قوتابی تا بەرهەدوولا مامۆستا و خێزان بتوانن كێشەی قوتابی چارەسەر بكەن ئەگەر هاتووكێشەیەك هەبێت، گرنگە مامۆستا گوێ گرێكی باش بێت بۆ قوتابییەكانی و بە سینگی فراوان و پشوو درێژ بێت لەگەڵیان و بەردەوام هانی بەهرەداران بدات و كار بكات لە سەر پەرەپێدانی تواناكانیان، هەمیشە مامۆستا نموونەی هەرە بەرز و پێشەنگە لای قوتابی بە چاوی رێز و شانازییەوە تەماشای دەكات، لە هەمان كاتدا پێویستە مامۆستاش ئەو ویژدانە زیندووە بێت پارێزگاری لەو ئەمانەتە بكات كە قوتابییە، ئەمانەتی دایك و باوك و كۆمەڵگەیە لای مامۆستا تا بەباشترین شێوە پەروەردەی بكات و فێری بكات، بە چاوی یەكسانی و دادپەروەری تەماشای سەرجەم قوتابیان بكات، سەركەوتنی مامۆستا لە پۆل و لە قوتابخانە پەیوەستە بە دادپەروەری مامۆستا، چونكە دادپەروەری بنچینەی سەركەوتنە.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاكی وەرزش و هونەر










