خهبات: ڕۆشنا عەلی:-
سیستەمی بریتش كاونسڵ ئەو سیستەمەی ماوەی چەند ساڵێكە وەزارەتی پەروەردە پێوەی سەرقاڵەو دەیەوێت وەك بنەمایەك بۆ چاودێریكردنی پڕۆسەی خوێندن پشتی پێ ببەستێت ، وەك ئەوەی لە وڵاتانی دنیادا هەیە بە تایبەتی لە بەریتانیاو چەند وڵاتێكی تر سیستەمەكە بریتییە لە خۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەكان و ئامانجیش لێی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و پەروەردەیی قوتابخانەكانە بەپێی سیستەمەكەش دەسەڵاتێكی تەواو دەداتە دەست بەڕێوەبەر كە بتوانێت بەو جۆرەی ئاڕاستەی قوتابخانەكە پێویستێتی لەگەڵ سەرپەرشتیارێك وەك هاوڕێی ڕەخنەگرو چەند لیژنەیەك كارەكان بەڕێوەبەرێت ، لێرەوە دەپرسین ئایا ئەم سیستەمە دەتوانێت ئاستی قوتابخانەكان لە هەردوو ڕووی پەروەردەیی و زانستییەوە بەرزبكاتەوە ؟ ئایا كەم و كوڕی و لایەنی نەرێنی ئەم سیستەمە چییە ؟ئایا لە هەموو سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەتوانرێت وەك یەك جێبەجیدەبێت وهەمان ئامانج بپێكێت ؟ ئایا بەپێی قۆناغەكانی خوێندن لەهەرسێ قۆناغی باخچەو بنەڕەتی و ئامادەیی جێبەجێدەكرێت و هەمان ئامانج بەدیدەهێنێت ؟ئەمانەو چەندین پرسیاری دیكەمان ئاڕاستەی چەند سەرپەرشتیارو بەڕێوەبەرێك كرد وەك بەدواداچوونێك بۆ بابەتەكە:
لە پەروەردەی مێرگەسوور
هێمن بورهان حسێن سەرپەرشتیاری كارگێری لە پەروەردەی مێرگەسوور دەربارەی خاڵی نەرێنی سیستەمی بریتش كاونسڵ بەتایبەتی لەپەروەردەكەی ئەوان و كاریگەرییەكەی ئاماژەی بەوەدا كە خاڵی سلبی ئەم سیستەمە لە پەروەردەكانی دەرەوەی شارەكان و دوورە دەستەكان زۆرترە لە ناوشارەكان ئەو لەمبارەیەوە وتی : ئێمە لە دوو ڕوەوە كێشەمان هەیە یەكەم لە ڕووی یەكەی سەرپەرشتیكردنەوە بۆ نموونە ئەم پەروەردەیەی ئیمە لەگەڵ یەكەی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەی سۆران زۆر جیاوازی هەیە كە ڕەنگە ژمارەیەكی زۆر سەرپەرشتیاری هەبێت وهەر سەرپەرشتیارێك پێنچ قوتابخانەی بەردەكەوێت وەك هاوڕێی ڕەخنەگر ، كە دەبێتە لیژنەی هەڵسەنگاندنیش واتە دەستەی سەرپەرشتیار دەبێتە پانزە قوتابخانە ، بەڵام لە پەروەردەیەكی وەك پەروەردەی مێرگەسوور ئێمە كە شانزە سەرپەرشتیارین هەریەكەمان نۆ قوتابخانەمان بەردەكەوێت واتە كاری دوو سەرپەرشتیار دەكات جگە لەوە ئێمە زۆر جار باسی ئەرك و ماف دەكەین كە زیاتر لایەنی مادی ڕەچاو دەكرێت ئێمە سەرپەرشتیارین نۆ قوتابخانەمان بەردەكەوێت سەرپەرشتیاری پەروەردەیەكی تر پێنچ قوتابخانەی بەردەكەوێت هەمان مافیشمان هەیە من ئەگەر نۆ قوتابخانەم هەبێت و هەر قوتابخانەیەك لەماوەی مانگێك دوو سەردان بكەم زۆرە لەبەر هەندێك گرفت كە بۆ نموونە من شوێنی نیشتەجێبوونمان ئێرە نییە ئێمە سوود لە هەینی شەممە وەردەگرین ڕۆژێكمان هەیە پابەندین بە دەوامی خۆمان دەبێت لەدەوام بین پێنچ رۆَژ دەمێنێ بەماوەی مانگێك دوانزە سەردانمان هەیە ببێتە سیانزە من 25 سەردان دەكەم و مافێكی زیاتریش وەرناگرم ئەمەش بمانەوێ یان نا ڕەنگ دەداتەوە لەسەر كارەكانی من ، لەلایەكی تر ئێمە كێشەی میلاكمان هەیە كە ئەمەش ڕێگرە لە جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە تا ئەمەش چارەسەر نەكرێت ئەم پڕۆژەیە ناتوانێت وەك ئەوەی هەیە جێبەجێبكرێت و بیگەیەنینە ستاندارد ئێمە 134 قوتابخانەی بنەڕەتی و 25 ئامادەییمان هەیە یەك ڕێنماییكارمان هەیە كە بە پێی ڕێنمایی دەبێت هەتبێت.
كێشەیەكی تر ئەنجومەنی دایبابانە و خەڵكی ئەم ناوچەیەش ئەوەندەی خەریكی كاركردنن و مەجالی ئەوەی نییە بێت لەگەڵ من ببێتە ئەنجومەنی بەڕێوەبردن.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بەمجۆرە بێت چۆن ئەتوانین پشت ئەستوور بین بە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی پەروەردەیی قوتابخانەكان كە ئەم كێشانەی هەبێت كەواتە هیچ لە حاڵ و بارودۆخی قوتابخانەكان دەگۆڕێت ؟
بەڵێ ئەگۆڕێت بەڵام ڕێژەییە لەوانەیە ئاستی بەرەو پێشچوون و كاریگەری لە سنووری مێرگەسوور زۆر سست تر بێت وەك لە پەروەردەی سۆران سۆران سسترە وەك لە شەقڵاوە كە كاریگەرییەكەی كەمترە وەك لە هەولێر.
سەربەخۆبوونی قوتابخانەكان
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەم سیستەمە باس لە سەربەخۆبوونی قوتابخانە دەكات بەڵام تەنانەت پارەی حانووت سەربەخۆی نییە ئایا ئەم سیستەمە پێویستی بەلایەنێكی دارایی نییە پاڵپشتی قوتابخانەبكات ؟مامۆستا هێمن لەمبارەیەوە وتی : ڕاستە سەربەخۆبوون ئەوەیە تەنانەت بەڕێوەبەر بتوانێت مامۆستا بۆخۆی دابینبكات و گرێبەست لەگەڵا مامۆستا بكات وەك قوتابخانەی ناحكومی كە مەرجی لەسەر دادەنێت ، چونكە بەڕێوەبەر ئەگەر لە ئاستی یەك هاتەوە لادەبرێت كە خەتای ئەوی تێدا نییە میلاكی سفرە و تەنها وانە بێژی هەیە وانەبێژیش هەر كاتێك بیەوێت ئەڕوات تەنها فۆڕمێكی پێ پڕئەكرێتەوە هیچ بەڵێن و یاسایەك نایگرێتەوە.
مامۆستا جەهبی بەڕێوەبەری قوتابخانەی مێرگەسووری هاوڕێی بنەڕەتی بۆ خەبات لەبارەی قورسی ئەركی ئەوان وەك بەڕێوەبەرو كاریگەری لەسەر قوتابخانەكەی وتی : كێشەی ئێمە لە میلاكە میلاكمان كەمە و پێشم وایە لە پەروەردەیەكی وەك مێرگەسوور ئەو كاریگەرییە بەهێزەی نەبێت هەرچەند بەرنامەی سیستەمەكە بەرنامەیەكی باشە.

ئەركی سەرپەرشتیاری پسپۆری
مامۆستا سەعدی نەقشبەندی سەرپەرشتیاری پسپۆڕی زیندەوەرزانی لە شاری سلێمانی لەبارەی ئەم سیستەمەوەو كە تاچەند بۆ شێوازی پەروەردەی ئێمە گونجاوە ئاماژەی بەوەدا كە ئەم سیستەمە بە هیچ شێوەیەك هاوكار نییە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و بگرە بە پێچەوانەوەیە ئەو لەمبارەیەوە وتی “ئەم سیستەمە هاوكار نییە بۆبەرزكردنەوەی ئاستی زانستی ، چونكە ئەركی سەرپەرشتیاری پسپۆڕی وەلا دەخرێت هیچ ڕۆڵێكی نامێنێ ،چونكە تەنها بەڕێوەبەری قوتابخانە هەڵسەنگاندنی %100 دەكات بۆ( مامۆستاو یاریدەدەر)بۆنموونە ئەگەر بەڕێوەبەر پسپۆڕی عەرەبی بێت چۆن دەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ بابەتە زانستییەكان بكات ، ئەگەر مامۆستاكە هەڵەش بكات بەڕێوەبەر نازانێت چاكی بكات ، چونكە پسپۆڕی ئەو نییە قوتابییەكە بەهەڵە فێر دەبێت ئەمەش چەند ساڵێكی دیكە هەستی پێ دەكەین كە چەند ئاستی زانستی دادەبەزێت لەبارەی نەبوونی سەرپەرشتیاری پسپۆڕیش ئەو سەرپەرشتیارە وتی : ئەم سیستەمە دەبێتە هاندانی دروستبوونی مامۆستای تایبەت یاخوود مامۆستای بازرگان كە قوتابی هەژار بڕوتێنێتەوە ، چونكە قوتابی فێر نابێت ناچار دەبێت پەنا ببرێت بۆ(وانەی تایبەت).
گونجاندن و كاریگەری بەپێی قۆناغەكان
دەربارەی ئەوەی كەتاچەند بۆ هەموو قۆناغەكان وەك یەك كاردانەوەی دەبێت لەمبارەیەوە ئەو سەرپەرشتیارە وتی : بە هیچ شێوەیەك گونجاو نییە بۆ قۆناغی ( 7هەتا 12 ) چونكە پسپۆڕی دەوری تێدا دەبینێ ، بەڕای من لەوانەیە بگونجێ بۆ قۆناغی 1-6 ی سەرەتایی ،چونكە پسپۆڕی ڕۆڵی تێدا نابینێت لای ئێمە پڕۆگرامەكانییان گشتییە .
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بەڕێوەبەر تاچەند دەتوانێت ڕۆڵی تەواو ببینێت و پێوەرێكی تەندروست بۆ مامۆستاكان پەیڕەو بكات لەسەر بنەمای بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابخانەكەی بێت مامۆستا سەعدی وتی : بەڕێوەبەر ناتوانێت ڕۆڵی تەواو ببینێت و دەبێتە هۆی دروستكردنی كێشە لە قوتابخانەكاندا كە جۆرە دیكتاتۆرییەتێك دروست دەكات ،چونكە هەموو دەسەڵاتێكی لایە ، هەرچەندە تاڕادەیەك ئەركی بەڕێوەبەری سەركەوتوو قورس دەكات و سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر دەبێتە پاڵپشتی وەك ڕاوێژكار بۆی نییە بڕیار بدات وە هاوڕێی ڕەخنەگر دەبێتە هاوكارو پاڵپشتی بەهێزكردنی پێگەی بەڕێوەبەرەكە ، من لێرەوە پێشنیار دەكەم هاوڕێی ڕەخنەگر ببێتە (یاریدەدەری گەڕۆك).
لایەنی نەرێنی
مامۆستا سەعدی لەبارەی لایەنی نەرێنی سیستەمەكەوە وتی : ئەم سیستەمە هیچ ئاماژەیەكی نەداوە بە قوتابی چۆن ئامادەبكرێت كە حەزوو ئارەزووەكانی دیاری بكات وەهەروەها هیچ گرنگی نەداوە بە دروستكردنی مامۆستای لێهاتوو كە بتوانێت حەزوو ئارەزووەكانی قوتابی دیاریبكات بە هێزی بكات لەو حەزانەی خۆیدا هەروەها هیچ ئاماژەیەكیش نەدراوە بە بوونی هۆكاری فێركردن و ڕۆڵی تاقیگەكان كە پڕۆگرامەكانی ئێمە بەتایبەتی زانستەكان %70ی تاقیگەیەو فەرامۆشكراوە.
پڕۆژەیەكی فریاد ڕەس
مامۆستا سۆران محەمەد سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەروەردەی هەڵەبجە لەبارەی سیستەمەكەو كە ئایا تاچەند دەتوانێت ئاستی زانستی قوتابخانەكان بەرزبكاتەوە ئاماژەی بەوەدا كە پڕۆژەكە خۆی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی كوالێتی خوێندنە ئەو لەمبارەیەوە وتی : پرۆژەكە لەخۆیدا دروشمی بنیاتنانی تواناكانی بەرزكردۆتەوە لەپێناو باشتركردنی كوالیتی و یەكسانی توانای پرۆژەكە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و پەروەردەیی لەناوەندەكانی خوێندندا لەسەر توانای مرۆیی و كارامەیی جێبەجێكاری پرۆژەكە وەستاوە وەك بەڕێوبەر و مامۆستایان ئایا چەندە باوەڕیان بەگۆڕانكاری هەیە لەچوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا ئەگەر ئەم مەرجە لەكایەكەدا بێت بێگومان دەتوانین بڵێین پرۆژەیەكی فریاد ڕەسیشە لەكاتێكدا پرۆسەی پەروەردەوفێركردن لە بارێكی دژواردا بوو قەیرانی دارایی و بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن بڕستی لە پرۆسەكە بڕیبوو لەم كاتەدا پرۆژەكە وەك هەناسەیەكی ژیاندنەوە گیانی كردەوە بەبەریدا ..بەڵێ دەتوانین بڵێین گۆڕانكاری درووست دەكات و ئاستەكە بەرزدەكاتەوە بەڵام بە هەل ومەرجی تایبەتی خۆی وەك ئەوەی كە ئاماژەم پێدا.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا كاریگەرییەكەی چۆنە لەسەرهەرسێ قۆناغەكانی خوێندن ئەم سەرپەرشتیارە بۆچوونێكی جیاوازی هەبوو كە پێی وایە كاریگەرییەكانی ئیجابین بۆهەر قۆناغێك بەپێی قۆناغەكە مامۆستا سۆران وتی : پرۆژەكە ڕەونەق و جوانیەكی بەخشیوە بە ناوەندەكانی خوێندن بێگومان ئاوا پرۆژەیەك بۆ هەر قۆناغێك بەگوێرەی ئاست و قۆناغی خۆی كاریگەری بەجێدەهێڵێت ، بەشێوەیەكی گشتی هەموو توانا و كارامەییە مرۆییەكانی دامەزراوەی قوتابخانە وەك تیم دەچنە ژێر بەرپرسیاریەتی جێبەجێكردنی ئەرك و بەرەوپێشبردنی.بێگومان ئەم گۆڕاناریانەش لەكاتێكدا ڕوودەدەن سەركردایەتیەكی بەتوانا ڕابەرایەتی كۆی دامەزراوەكە بكات
پسپۆڕی
ئەویش هەمان بۆچوونی هەیە كە پڕۆژەكە ڕۆڵی سەرپەرشتیاری پسپۆڕی لاوازكردووە ئەو وتی : دیارە لەم پرۆژەیەدا ڕۆڵی سەرپەرشتیكردن لە ڕووی پسپۆڕیەوە لاواز دەكات ، بێگومان ئەمەش كاریگەریەكی نەرێنی درووست دەكات ، بەڵام خاڵە ئەرێنیەكانی پرۆژەكە پەردەی لەسەر ئەم دیاردەیە داوە چاوپۆشی لەم لایەنەكردووە و بە گرتنەبەری چەند هەنگاوێك بۆ پڕكردنەوەی ئەم كەلێنە كۆڵی داوە ، وەك ئەوەی بەڕێوبەر لە لاوازی مامۆستایەكی هاوڕێی ڕەخنەگر ئاگادار بكات و ئەویش بە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی ڕابگەیەنێت تاكو ڕێنمایی بكات و سەردانی مامۆستاكە بكات یاخود لە خولی شیاندن و بەهێزكردنی پسپۆڕیدا بەشداری پێ بكات ..لەكاتێكدا ئەم ڕێ و شوێنانە گرەنتی چارەسەری گرفتەكەناكات ، چونكە بەڕێوبەر مەرج نیە زانیاری لەسەر ئەو پسپۆڕیە هەبێت لەلایەك و پێدەچێت لە ڕوی مامۆستا دامێنێت و شەرم لەگەیاندنی كەموكوڕیەكانی بكات.
ئاستی بەڕێوەبەر
دەربارەی بەرپرسیارییەتییەكانی بەڕێوەبەر كە ئایا بەڕێوەبەر دەتوانێت ئەم بەرپرسیارییەتییە جێبەجێبكات وەك خۆی ئەو سەرپەرشتیارە وتی: بێگومان بەڕێوبەر ستون و ڕایەڵی سەرەكی پرۆسەی پەروەردەو فێركردنە لەبەر ئەوە پێویستە بۆ سەركەوتنی پرۆسەكەبیر لە كارامەیی و تواناكانی بەڕێو بەر بكەینەوە پاشان چاوەڕێی سەركەوتن لە پرۆژەكە بكەین ..سەركردەی كارامە ناوەندوچەقی هەر كارو پرۆژەیەكە كە بتوانێت چارەنووسی دیاری بكات ، لەبەر ئەوە جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەسەر توانا و كارامەیی بەڕێوبەر وەستاوە ، بەڵێ بەڕێوبەر دەتوانێت گۆڕانكاری و سەركەوتن بۆ دامەزراوەی قوتابخانە دەسەبەربكات لەكاتێكدا دارای مەرج و لێهاتنەكانی بەڕێوبەرێكی سەركەوتوو بێت.











