خهبات: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا:-
لە چەند رۆژی رابردوودا و لە مەراسیمێكی تایبەت و لە پاركی شانەدەری شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە رۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن، ساسان عەونی، نووسەر و وەرگێڕ، چوار كتێبی نووسین و وەرگێڕانی لەژێر ناوەكانی: چەند ڕەهەندێكی ڕێكخراوەیی، ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات، ململانێ و هەژموون، ڕوانین، ئامانجەكانی مۆسكۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بڵاوكردنەوە. وێڕای پەخشكردنی دیكۆمێنتاریەك لەسەر ژیان و كتێبە چاپكراوەكانی نووسەر، هاوكات لە مەراسیمەكەدا نووسەر و وەرگێڕ، ساسان عەونی ناساندنێكی خێرای بۆ كتێبەكانی كرد. دواتر هەر یەكە لە نووسەران و رۆشنبیران، مەهاباد قەرەداغی، دكتۆر سالار عوسمان، دكتۆر ئازار حەسۆ میرخان، لە گۆشەنیگای جیاوازەوە خوێندنەوەیان بۆ كتێبەكان كرد.
چەند ڕەهەندێكی ڕێكخراوەیی، سەرنج و ڕوانین
چەند ڕەهەندێكی ڕێكخراوەیی، سەرنج و ڕوانین، یەكێكە لە كتێبە تازە چاپكراوەكان، نووسەر لەم كتێبەیدا بە وردی تیشك دەخاتە سەر كاری حزبی و رێكخراوەیی، هەروەها بەڕێوەبردنی نوێبوونەوە و گۆڕانكاری میكانیزمەكانی بەرەوپێشچوونی رێكخراوەیی مۆدێرن، هەر لە دووتووێی كتێبەكەدا باس لە وەبەرهێنان لە گەنج دەكات و رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە گەشەسەندنی كۆمەڵگە، فەرامۆش نەكردووە، هاوكات باس لە سیستەمەكانی حزبایەتی، چەمكی هێزی نەرم، كە ئێستا ئەو چەمكی هێزی نەرمە، لە ئاستی جیهاندا بایەخی زۆری هەیە، بەجۆرێك ئەوەی لە شەڕدا بەدەستنایەت، دەكرێ لە رێگەی هێزی نەرمەوە واتە لەسەر مێزی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەتەوە بەدەست بێت.سوودەكانی كاری رێكخراوەیی بۆ لاوان، كاركردن بە تیم، گەشەپێدانی هەمیشەیی، پەیوەندییە گشتییەكان، خواستسازی كاری رێكخراوەیی، ئافرەت و پرسی یەكسانی و بەربەستەكانی، جەنگی دەروونی، ئەمانەش چەند تەوەرێكی تری كتێبەكەن، كە بە وردی شیكردنەوەیان بۆ كراوە و كاریگەری و گرنگیان بۆ خوێنەر خراونەتەڕوو.
ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات، ململانێ و هەژموون
ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات، ململانێ و هەژموون، ساسان عەونی، لەم كتێبەیدا بە سەلیقەیەكی ورد و بابەتییانە قسە لەسەر كۆمەڵێك چەمك و دەستەواژەی سیاسی دەكات، كە تایبەتن بە ململانێی هێزە گەورەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەم ناوچەیەدا كە زلهێزەكان و هێزە ئیقلیمییەكان، دەوڵەتە گەورەكان بەدوای بەرژەوەندی و هەژموون و شوێنپێی زیاتردا دەگەڕێن، ئەمەش بووەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەكە. نووسەر لە باسكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تیشك دەخاتە سەر ئابووری، ستراتیژی و هەڵكەوتەی جیۆپۆلەتیكییەكان، هەروەها هێڵە ئاوییە گرنگەكان و سامانی سرووشتی، بازرگانی، هەموو ئەوانەش لە ئەنجامدا خەڵكەكەی بەهۆیانەوە بوونەتە سووتەمەنی جەنگی بەرژەوەندیی زلهێزەكان و دەوڵەتەكان. هەر لەم كتێبەدا تیشك دەخاتە سەر ئاییندەی ناسەقامیگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ویستی سەربەخۆیی ناگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەكەم، داڕمانی چوارچێوەی جیۆسیاسیی رۆژهەڵاتیی ناوەڕاست، هەروەها باس لە براوە و دۆڕاوە نوێكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووبەڕووبوونەوەی پشێوی و مۆدێلی سیاسەتكردنی دۆناڵد ترەمپ دەكات. هەر لەم كتێبەدا بە وردی قسە لەسەر كەسایەتیی سەرۆك بارزانی كراوە، وەك سەرۆكێك و یاریگەرێكی بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە هەوڵەكانی بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیەكی دێرین و رەسەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەربەخۆیی دەنگدانەوەی جیهانی هەبووە.
ڕوانین
روانین، ئەم كتێبەش، نووسەر تەرخانی كردووە بۆ هەڵبژاردەیەك لەو وتار و چاوپێكەوتنانەی كە لە چەند ساڵی رابردوودا لە بۆنە و كۆنفرانس و كۆنگرەكان پێشكەشی كردوون، هەروەها لەگەڵ چەند رۆژنامەیەكیش ئەنجامدراون، بۆ قسەكردن لەسەر كاری رێكخراوەیی و پرسە سیاسییەكان. نووسەر لە پێشەكی روانیندا ئاماژەی بەوە كردووە، بەهۆی پێگەی كاركردنی لە دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشی زۆری بابەتەكانی تایبەت كردوون بە كاری رێكخراوەیی و هەندێ پرس و پێشهاتی سیاسی ئەوكات، كە لە چاوپێكەوتنەكانیدا بۆچوونی خۆی لەبارەیانەوە خستووەتەڕوو، وەكخۆی دەڵێ: بڕوام وایە بەشێكی راوبۆچوونەكان بە تێپەڕینی رۆژگار جێبەجێبوونە یان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە و پرسی نوێتر باون، بەڵام بەشێكیش لە بۆچوونەكان بۆ ئێستاش نوێن یان هەر بە نوێیی دەمێننەوە. نووسەر لە بەشێكی ئەم كتێبەیدا لەبارەی رێكخراو یان كاری رێكخراوەیی دەڵێت: رێكخراوی وریا دەزانێت كە ژیان تەنیا لەناو سەروەرییەكانی مێژوو، دابڕان لەگەڵ ئێستا دروست دەكات، رێكخراوی زیندووش هەردەم مێژووەكەی دەكاتە كەرەستەی بەرهەمێنانەوەی ئێستای بە میتۆد و شێوازی سەردەمیانە.
ئامانجەكانی مۆسكۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
ئامانجەكانی مۆسكۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە نووسینی دمیتری ترینینە، دمیتری لە ساڵی 1955 لە مۆسكۆی پایتەختی رووسیا لەدایكبووە و سەرۆكی ناوەندی كارنیگی بۆ لێكۆڵینەوەیە و خاوەنی چەندان لێكۆڵینەوە و كتێبی چاپكراویشە، بۆچوونەكانی كاریگەریان هەیە و لە ناوەندە سیاسییەكاندا بایەخ بە قسەكانی دەدرێت. ساسان عەونی، بە زمانێكی كوردەوارییانەی پاراو و بێ گرێ، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، كتێبەكە لە چوار بەشی سەرەكی پێكهاتووە لەژێر تایتڵەكانی مێژوو، جەنگ، دیپلۆماسییەت، بازرگانی، نووسەری كتێبەكە بە وریاییەكی زۆرەوە قسە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئامانجە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكانی مۆسكۆ لەو ناوچە گەرمەی شەڕ و ئاڵۆزییەكان دەكات. وەرگێڕانی ئەم كتێبەش لەكاتێكدایە لە دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا و سەرهەڵدانی داعش، مۆسكۆ وەك یاریكەرێكی بەهێز هاتووەتەوە ناوچەكە، واتە بەهێزتر خۆی ئەبدێتكردووەتەوە، بە جۆرێك چاوی بڕیوەتە ناوچەكە كە لەگەڵ ئەمەریكادا رووبەڕووی پێكدادانی سیاسیی كردووەتەوە.











