خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین:-
زۆر یاریزان هەرن لەهەردوو ڕەگەزی كوڕان وكچان دوورن لەچاوی میدیاكانی وەرزشی كوردستان، بەڵكو زۆربەیان لەلایەن خوێنەرانی وەرزشی كوردستان هەر نەناسراون ، بەتایبەتی زۆر لەكچە یاریزانەكانی كوردستان هەن خاوەن بەهرەیەكی یەكجار بەرز و بەتوانان لە یاریكردندا، بەڵام بەداخەوە ئەوان وەك یاریزانانی تۆپی پێ بەدەزگا ڕاگەیاندنەكان نەناسراون و هەمیشە لەزۆر ڕووەوە فەرامۆش كراون.
جابۆ ئەم مەبەستە لەنزیكەوە بەباشمانزانی كچە یاریزانی پێشمەركەی سلێمانی بدوێنین و ئەو لەبارەی چۆنییەتی هاتنی بۆ نێو دونیای وەرزش بەمشێوەیە گوتی: بێگومان هەر لەمنداڵییەوە خولیایەكی زۆرم بۆ وەرزش كردن هەبوو بەتایبەتی لەقوتابخانەكان بەشداری زۆرترین چالاكی وەرزشیم دەكرد، بەتایبەتی لەرێگەی چەند هاورێیەكی نزیك لەخۆم ئەوان بوونە رێگەخۆشكەر كەڕوو لەدونیای وەرزش بكەم.
سەبارەت بەبەشداریكردنیان لەخولەكانی عێراق وكوردستاندا خاتوو راز بۆ ئەم مەبەستە گوتی: بێگومان بەشداریمان لەچەندین پاڵەوانیەتی عێراق وكوردستان كردووە و لەهەر هەمووان توانیوومانە ئەنجامی بەرز بەدەست بهێنن كەشایستەی ئاستی تیپەكەمان بێت، بەڵام ئەوەی نیگەرانی كردووین ماوەی ڕابردوو لەخولی تۆپی بالەی عێراق كە یانەكەمان بەشداری تێدا كردبوو، سیستەمی بەرێوەچوونی خولەكە زۆر ناخۆش بوو، هەموو رۆژێك یارییەكمان ئەنجام دەدا، ئەوەیان بۆ سەرجەم تیپەكەمان كارێكی قورس بوو، چونكە لەنێوان رۆژەكاندا هیچ پشووەك نەدرا بە یاریزان.
گوتیشی: وەرزش كردن زۆر شتی پێ بەخشیووم، لەوانە ناسینی چەندین هاورێی ئازیز لە نێو یانەكەمان بەگشتی و ڕاهێنەری تیپەكەمان بەتایبەتی كەئەو منی گەیاندە ئاستێك كەبتوانم درێژە بەیاری تۆپی بالەی بدەم و هیچ كات دەستبەرداری ئەو یارییە نەبم.
هەر لەبارەی پێشخستنی ئاستی یاری تۆپی بالەی كچان خاتوو راز بەپەرۆشەوە دەڵێت: خوازیارم فێرگەیەكی تۆپی بالەی لەسەر ئاستی بەچكەشێران ولاوان دابمەزرێت تا لەرێكەی ئەو فێرگەیەوە یاریزانی باش ولێهاتوو پێبگەیەندرێت و لەدوا رۆژدا ببنە بناغەیەكی پتەو بەهێز بۆ یانەكانی كوردستان.
دوا جار ئەو كچە وەرشوانە سەبارەت بەو كەسانەی كەبوونەتە هۆكاری سەركەوتنی لەنێو بواری وەرزشدا ئەو بۆ ئەم پرسە گوتی: بێگومان سوپاسی هەموو هاورێیە ئازیزەكان و بەتایبەتی ڕاهێنەر كاك كارزان دەكەم كە ئەو منی گەیاندە ئاستێكی بەرز كەبتوانم لەنێو گۆڕەپانی یاریكردندا خۆم بدۆزمەوە، هەمیشە شانازی بەیاریزانی خۆم دەكەم و هەوڵیش دەدەم لەرێگەی مەشق وڕاهێنانەوە پەرە زیاتر بەئاست و توانای خۆم بدەم.










