خهبات: موسلیم دۆڵەمەڕی – بارزان:-
دەڤەری بارزان كە خاوەنی دەیان شوێنەواری مێژوویی گرنگە نموونە ئەشكەوتی شانەدەر كە شوێنەوارێكی جیهانی و لانكی مرۆڤایەتییە، بەڵام تاكو ئێستا نەتوانراوە وەكو پێویست خزمەت بەم شوێنەوارانە بكرێت و بكرێن بە شوێنی گەشتیاری و مێژوویی
بۆ ئەم مەبەستەش سۆران ئەمیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسوور بەمشێوەیە بۆ خەبات دوواو گوتی: فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسوور لە ساڵی 2016 فەرمانی كردنەوەی ئەم فەرمانگەیە دەرچوو، وەكو زەروورە تێك بۆ ناوچەو قەزای مێرگەسوور لە رووی شوێنەوارەوە دەوڵەمەندەو خاوەنی چەندین شوێنەوارو یەكەم شوناس و دەستپێكی مرۆڤایەتییە ، لە ماوەی دەستبەكاربوونمان وەكو فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسوور توانیمان زیاتر پەرە بە شوێنە شوێنەواریەكان بدەین، بتوانین چەندین شوێنی شوێنەواری لەم دەڤەرەدا تۆمار بكەین . بەهۆی ئەوەی لە كاتی قەیرانی دارایی دامەزراین كێشەی كەمی میلاك و شوێنەوارناسمان هەیە، بەهۆی بەرفراوانی سنووری قەزای مێرگەسوور خاوەنی یەكەم شوێنەواری گەشتیارین لە هەرێمی كوردستان كە بتوانین لە ئایندە دا بكرێینە بەڕێوەبەرایەتی.
سەبارەت بە جۆراوجۆری شوێنەوارەكان گوتی: شوێنەوارەكانی ئەم دەڤەرە جۆراو جۆرن، ئەمەش بەڵگەو دیكۆمێنتی ئەوەمان دەخاتە بەردەست ئێرە لانكەی شارستانیەت و پێكەوە ژیان و دەستپێكی راگوزەرانی ژیانی مرۆڤایەتی بووە، نزیكەی 200 مەوقع شوێنی شوێنەواریی لە قەزای مێرگەسوور تۆمار كراون ، نموونە گەلەك هەن وەكو ئەشكەوتی شانەدەر وەكو یەكەم شوێنی دەستپێكی ژیانی مرۆڤایەتی و زاوەی چەمی وەكو كۆنترین گوندی كشتوكاڵی و زریمۆك و قشڵی هۆستان و قشڵی مەزنی و مزگەوت و كەنیسەو كەنیشك لە بارزان و كانی خوی پیران چەندین ئەشكەوت و ناوچەی تر شوێنەواری لەم دەڤەرەدا هەنە . ئەم كۆمەڵە شوێنەوارانە مێژووشوناسی مرۆڤایەتی لەم دەڤەرە نیشاندەدات لە سەردەمی مرۆڤی نیاندەرتاڵ و پاشان ئەو پێكەوە ژیانەی كە لە بارزان هەبووە، بە درێژایی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و ژیان لێرەوە درێژەی هەبووە تاكو ئێستا.
سەبارەت بە كار كردن لەسەر شوێنەوارەكان و ناساندنیان گوتی: ئەوەی كاری لە سەر كراوەو بەڕەسمی كاری تێدا ئەنجامدراوە ئەشكەوتی شانەدەرە وەكو یەكەم شوێنەواری مێژوویی گەشتیاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسێندراوە، كە كۆمەڵەی دۆستایەتی كورد بەریتانیا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كاریان لە سەركردووە، دەتوانین بڵێین : ئەشكەوتی شانەدەر لە سەر ئاستی كوردستان هەموو ئەو شوێنەوارانەی كە لە كوردستاندا هەن یەكەم شوێنی شوێنەواریە كە زۆرترین گەشتیار و سەردانكەران رووی تێدەكەن ، هەروەها لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار كار لە سەر ئەوە دەكەین ئەشكەوتی شانەدەر داخلی لیستی شوێنەوارە مێژووییەكانی جهیانی یۆنسكۆ بكەین، پێشتریش رالف سولكی كە كاری لە ئەشكەوتی شانەدەر كرد بوو كاری لە زاوی چەمی كرد بوو وە چەندین شوێن تۆمار كراون سەردانیان كردووە بەڵام ماوە كاریان لەسەر بكەن و بتوانین ئەم شوێنانە لە كاتی بە گەشتیاریكردنیان ببنە سەرچاوەیەك داهات بۆ حكومەت بۆ زیاتر خزمەتكردنی ئەم شوێنانە. سەبارەت بە زانكۆی كامبریج و كاركردنیان لە ئەشكەوتی شانەدەر گوتی:ئەوەی ئێستا ئێمە لەگەڵ زانكۆی كامبریجی بەریتانی كە ماوەی پێنچ ساڵ بوو كاریان لە ئەشكەوتی شانەدەر كرد ئێستا بۆ ماوەی پێنچ ساڵی تر بەردەوامی بە كارەكانیان دەدەن لە ئەشكەوتی شانەدەرو لە دوو ساڵی كۆتاییدا رێ پێوی بە دووری 15 كم بە دەوری ئەشكەوتی شانەدەر دەكەن، وە لێكۆڵینەوە لەم شوێنانە بكەن كە لە دەوروبەری شانەدەرەوە هەنە، هەندێك شوێن مەترسی لە ناوچوونیان لەسەرە پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە بۆ ئەوەی لە مەترسی لە ناوچوون بپارێزرێن.
سەبارەت بە بەرنامەو كاری ئایندە لەگەڵ زانكۆی كامبریج گوتی: ئەوەی ئێستا لە بەرنامەی ئێمەدایە كارمان لەسەركردووە لەم قۆناغەدا لەگەڵ تیمی زانكۆی كامبریجی بەریتانی بتوانین لەم قۆناغەی یەكەمدا كار لەسەر دیزاینی مۆزەخانەی شانەدەر بكەین بۆ ئەشكەوتی شانەدەر وەكو دیزاینێكی مۆدێرن و سەردەمیانەی جیهانی سوود وەرگرتن لە شارەزایانی بواری دیزاین و مۆزەخانە لەگەڵ تیمی زانكۆی كامبریج لە جیهاندا . شانەدەر پێویستی بە دروستكردنی مۆزەخانەیەكی مۆدێرن هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو شارستانیەت و مێژوو و كەلوپەلی شوێنەواری لەم مۆزەخانە بپارێزین و مێژووی پێكەوە ژیانی ئەم دەڤەرە پیشانی هەموو هاوڵاتیانی گەلان بدەین كە ئێرە لانكەی شارستانیەت و پێكەوە ژیانەو ببێتە سەرچاوەیەك داهات بۆ زیاتر خزمەتكردنی ئەم ناوچەیەو هەروەها كار لەسەر ئەوە دەكەین كۆنفڕانسی زانستی شوێنەواری شانەدەر ئەنجامبدەین بەپشتبەستن بە زانكۆی كامبریجی بەریتانی لەگەڵ پسپۆڕانی زانكۆیەكانی جیهانی و زانكۆیەكانی هەرێمی كوردستان لە شانەدەر.
لە كۆتاییدا گوتی:داوا لە هاوڵاتیان و گەشتیاران دەكەین هاوكارمان بن لە پاراستنی شوێنە شوێنەواریەكان لە كاتی سەردانكردنیان دەستدرێژی نەكەنە سەر ئەم شوێنانە بە تایبەتی نووسینی ناو هەندێ هێما بە ناوی یادگاری لەسەر دیواری ئەم شوێنانە چونكە ئەم شوێنانە سامانی نیشتمانین ، پێویستە بیانپارێزین.










