سابیر حوسێن
ئایا ترەمپ دیاریەكی ژەهراوی پێشكەشی ئەردۆگان دەكات ؟
بە گوێرەی پلانی لەشكركێشییەكەی توركیا بۆ باكووری رۆژهەڵاتی سووریا، سوپاكەی توركیا 30 كیلۆمەتر دەچێتە ناو قوڵایی خاكی سووریا و 500 كیلۆمەتریش بە پانی هێزەكانی بڵاوە پێ دەكات و نزیكەی دوو ملیۆن عەرەبی ئاوارەی تێدا نیشتەجی دەكات. بەم جۆرەش توركیا دەگات بەو پیلانەی كە دیمۆگرافیای ئەتنی ناوچەكە بگۆڕێ .كورد لەو قەناعەتەدان، كە ئەمەریكا لەپشتەوە چەقوی لێیان وەشاندووە، ترەمپ بەم بڕیارە چاوەڕواننەكراوەی لە كشانەوەی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا دیاریەكی ژەهراوی و مینڕێژكراوی پێشكەشی سەرۆكی توركیا كردووە، ئەگەری هەیە سوپای توركیا لەوێ گیربخوات و نەتوانێ دەربازی بێت.
براوە و دۆڕاوەكان لە بڕیارەكەی ترامپ
لە ئەنجامی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی سووریا پەرچەكردای زۆر هاتوونەتە ئاراوە. بێگومان ئەوەش بەو مانایە دێ كە توركیا دەست بە كردەی سەربازی خۆی بەتەواوی كردووە لەو ناوچانەی لەژێر فەرمانڕەوایی كوردەكاندایە. زۆربەی رۆژنامە جیهانیەكانیش پشت تێكردنی ئەمەریكا لە كوردەكانی رۆژئاوا و هاوپەیمانی رووسیا لەگەڵ توركیادا بە میهرەجانی خیانەتكردن وەسف دەكەن، تاكە دۆڕاویش لەم هاوكێشە كورد دەبێت، چونكە ئەمەریكا دوای ئەوەی شەڕی تیرۆرستانی داعشی بە كوردەكان كرد، ئێستا دوور لە هەموو مۆراڵێكی سیاسی پشتی تێكردوون.
جەنگی توركیا لە سووریا
توركیا مەبەستیەتی نەخشەی ناوچەیەكی ئارام بۆ ئاوارە عەرەبەكان لە رۆژهەڵاتی فورات جێبەجێ بكات. ئەم هەنگاوەی توركیاش چەندین مەبەستی لە پشتەوەیە. یەكەمیان ئەوەیە كە سنوورەكە بۆ توركیا ئارام بێت و كۆتایی بە مەسەلەی پەناهەندەكانی ئەو سنوورە بێت. واتە پەناهەندەكان دەبنە سنووربەندێك بۆ رەواندنەوەی مەترسی كوردەكانی رۆژئاوای سوریا، واتە زیاتر لە دوو ملیۆن عەرەبی سوریا لەو ناوچانە نیشتەجی بكات كە بە رەسەن زێدی كوردەكانی سوریایە بەمەش گۆڕانكاریەك لە ناوچە دیمۆگرافیەكان دروست بكات. جگە لەمەش ئێرانیش لە رووی مەزهەبگەراییەوە قازانج دەكات، بۆ ئەم پرۆسەیەی توركیا كە لەسەر حیسابی كوردەكان كۆتایی دێ، بە هەماهەنگی روسیا و ئێران بووە. ئەمەریكا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە سوریا نارژێتەوە دەریای بەرژەوەندییەكانی سوریا لە ناوچەكەدا.
دیاری نوێی ئەردۆگان بۆ بەشار و داعش
حەقیقەتێكی تاڵ هەیە، كە ئەمڕۆ گۆڕەپانی خاكی سوریا وەك یاریگایەكی فراوانی لێهاتووە بۆ هەموو ئەو یاریزانانەی دەیانەوێ گۆڵی خۆیان تۆمار بكەن. هەر ئەم یاریگایەیە كە ئەمڕۆ توركیا مەبەستیەتی لە غیابی دەسەڵاتی مەركەزی لە سوریا گۆڵی خۆی تێدا تۆمار بكات و ئەو خەونە لەمێژینەی بەدی بهێنێ كە بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر لەناو خاكی سوریا ناوچەی پارێزراو بۆخۆی دروست بكات، بەڵام تەنها ئەردۆگان یاریزان نییە لە گۆرەپانە كراوەكەی سوریادا، هەر ئەویش نییە كە دەیەوێ گۆڵ بكات، بەڵكو ئێرانیش بەهەمان شێوە گەمەی خۆی دەكات و هەژموونی ئێرانی لە ناوچەكەدا بڵاوكردۆتەوە، هەروەها روسیاش خۆی بە یاریزانێكی لێهاتوو نیشان داوە و هەرسێ وڵات كەوتوونەتە سەر كەلاكی وڵاتێك كە ناوی سوریایە.
ترامپ هاوپەیمانێكە متمانەی پێ ناكرێ
ئەو دەنگدانەوە گەورەیەی لە ئەنجامی هێرشی توركیا بۆ سەر باكووری رۆژهەڵاتی سوریا كەوتۆتەوە لێكدانەوەی زۆری بەدوای خۆی هێناوە. لەم بارەوە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی دەربارەی هەڵوێستی ترەمپ جەخت دەكاتەوە كە ترەمپ بەردەوام تویتی ئەوەی كردووە كە هێزەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوین دووچاری زیانی مادی و گیانی زۆر بوونەتەوە، بۆیە ناچارە كە بڕیارێكی لەو شێوەیە وەربگرێ. لەكاتێكدا باراك ئۆباما سەرباری ناڕەزایەتی زۆری توركیای هاوپەیمان، بەڵام بەهەموو شێوەیەك هەماهەنگی و یارمەتی هێزە كوردیەكانی لە سوریا دا. كەچی ئێستا دۆناڵد ترەمپ كۆتایی بەهەموو ئەو كارانە هێنا و گلۆپی سەوزی بۆ سوپای توركیا پێكرد تاوەكو لەشكركێشی خۆیان دەست پێ بكەن.
ئەردۆگان لەبەردەم بژاردەی گران دایە
هەروەها لە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاماژە بەوە كراوە كە ئەردۆگان توانیویەتی قەناعەت بە دۆناڵد ترەمپ بهێنێ، تاوەكو شەرعیەت بدات بە لەشكركێشی توركیا بۆسەر رۆژهەڵاتی باكووری سوریا. ئێستاش كە پرۆسەكە دەستی پێكرد، ئەردۆگان كەوتۆتە بەردەم بژاردەی زەحمەتەوە. بەر لە هەموویان ئەو تێچووەیە كە جەنگی گرانبەهای ئەم پرۆسەیە لەخۆی دەگرێ و تاكەی بەردەوام دەبێ و كەی كۆتایی پێ دێ ؟ سەرچاوەكە ئەوە روون دەكاتەوە كە ئەم لەشكركێشیە بەشێكە لە كەلتوری ئەو گیانبازیەی، كە ئەردۆگان پێی ناسراوە و لێ ناترسێ، چونكە بە درێژایی حوكمڕانیەتی خۆی بەردەوام لە بۆنەكاندا ئەوە دووپات دەكاتەوە كە توركیا لەبەردەم هەڕەشەی كوردەكاندایە و ماوەی 40 ساڵە لەگەڵ ئەو گرووپە كوردیانە لە جەنگدایە.
سیاسەتی ترەمپ لە سوریا، رەنگە رێكخراوی داعش زیندوو بكاتەوە
هاوكات لە رۆژنامەی ئەندیپێندنتی بەریتانی راپۆرتێكی شیكاری بڵاوكراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بە سیاسەتی پەیڕەوكراوی ترەمپ دراوە، كە رەنگە پیادەكردنی ئەو جۆرە هەڵوێستانە جارێكی تر رێكخراوی داعش بگێڕێتەوە گۆرەپانەكە.لەو راپۆرتەدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ هەمیشە سەرنەكەوتن و نوشست خواردن بووە بەرامبەر هاوپەیمانەكانی واشنتۆن.نزیكترین نمونەش كوردەكانی رۆژئاوای هاوپەیمانی ئەمەریكا بوون، كە ترەمپ لە نیوەی رێگا بەجێی هێشتن و مەیدانەكەی بۆ توركیا چۆڵكرد تاوەكو بە ئارەزووی خۆی هێرشیان بكاتە سەر.
گەمەی دۆڕاوەكان لە سوریا
لەشكركێشی توركیا بۆ داگیر كردنی سوریا وچۆڵكردنی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە، بەواتای ئەوە دێ كە واشنتۆن رێگەی داوە توركیا دژ بە كوردەكان جەنگی خۆی بەرپا بكات. ئەو كوردانەی رۆڵی سەرەكیان هەبوو لە شكست پێهێنانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە ناوچەكەدا. ئەمەریكا بەو كارەی كوردەكانی وەك بارمتە رادەستی توركەكان كردووە كە بەهەموو شێوەیەك لە رووی بەراوردكردنی چەكەوە لەگەڵ كوردەكان هاوتا نین. لەلایەكی تر ئەردۆگان بە ئاشكرا بانگەشە بۆ سڕینەوەی ئەتنی گەلی كورد دەكات لە رۆژئاوای سوریا، بە بیانوی ئەوەی ئەوان بەشێكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان و دژ بە توركیان. لە ناوەرۆكی ئەو بابەتەدا ئاماژە بە بەڵێنەكانی ترەمپ دەكات لەكاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا كە بەڵێنی دابوو كۆتایی بەو شەڕانەی ئەمەریكا بهێنێ كە كۆتاییان نەهاتووە. بە گشتی بڕیارەكەی ترەمپ شەرمەزاری بوو، چونكە ئەو پشتی لەو كوردانە كرد كە خۆیان بە هاوپەیمانی دەزانی. تەنانەت هەر كوردەكان بوون تا كۆتایی لەگەڵ ئەمەریكا هاوپەیمانێكی راستگۆ بوون. بۆیە پرسیاری جیددی ئەوەیە كە ئەمەریكا بۆچی پشتی لە كوردەكان كرد و ئەم هەنگاوەشی چۆن یەك دەگرێتەوە لەگەڵ مەسەلەی لاوازكردنی ئێران؟ ئەی لەحاڵەتی داگیركردنی توركیا بۆ ناوچە كوردیەكان چارەنووسی دەیان هەزار داعش و خێزانەكانیان چی بەسەر دێ و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێ و چ كارەساتێك روودەدات ئەگەر هاتوو ئەو تیرۆرستانە دزەیان كردەوە ناو شانەكانیان و دەستیان بە كردەی تیرۆرستی كردەوە؟ ئەمانە هەموویان پرسیاری جیددین و ئایندە وەڵامیان دەداتەوە.










