خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی:-
ئەمڕۆ 74ساڵ بەسەر چوونی مەلا مستەفا بارزانی بۆ هاوكریكردنی یەكەمین كۆماری جوانەمەرگی كوردستان تێپەڕ دەبێت، بە مەبەستی هاوكاریكردنی ئەو كۆمارە بارزانی نەمر و پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكانی لە 11/10/1945گەیشتنە مەهاباد بۆ بەگری كردن لە كۆماری كوردستان. یادكردنی ئەم رۆژە مێژووییە خستنەرووی هەوڵوێستێكی نیشتیمانپەروەرانەی بارزانی و بارزانییەكانە كە هەموو ژیانی خۆیان تەرخانكرد بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكانی گەلی كورد. بۆیە ئەمڕۆ هەموو خەڵكی كوردستان متمانەی تەواویان بە بارزانی و كادیرانی رێبازی بارزانی هەیە، كە تەنها ئەوان خەباتكارن بۆ بەدیهێنانی مافی رەوای خەڵكی كوردستان پارێزەری راستەقینەی خاكی كوردستانن لە هەموو داگیركاریێك.
ئەم راستیەش مێژووی پارتی و بارزانی لە رابردوو سەلماندوویەتی، هەروەها ئەمڕۆش قوربانی و فیداكاری لە داستانەكانی شەڕی دژی داعش و داستانەكانی پاراستنی كوردستان لە پردێ و سحێلا و مەحموودییە و زومار و تەلسقوف شایەتی ئەوەن كە نەك تەنها لە مێژوودا بەڵكو لە ئێستا و لە داهاتووشدا بارزانی و رێبازی بارزانی پارتی دیموكراتی كوردستان تەنها خەباتكاری مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان دەبن و تەنها ئەوان پارێزەی خاكی كوردستانن.
بۆ زیندوو كردنەوەی ئەم یادە مێژوییە، سودمان لە كتێبەكەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد بەرگی یەكەم 1931-1958 وەرگرتووە كە كتێبێكی دانسقەیە لە تۆماركردنی رووداوەكانی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان. هەروەها سودمان لە چاوپێكەوتنی هەڤاڵانی بارزانی نەمرە وەرگرتووە كە پێشووتر لە رۆژنامەی خەبات بڵاومان كردۆتوە، بەداخەوە ئێستا ئەو بەرێزانە كۆچی دوایین كردووە.
خوالێخۆشبوو هەڤاڵی بارزانیی نەمر و پێشمەرگەی قارەمان مامحەسۆ ككشار مێرگەسۆری لە دیداریكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات دەرباری چوونی بارزانی نەمر و هەڤاڵەكانی، گوتی: لە دوای شەڕێكی نابەرامبەر لە گەڵ رژێمی حكوومەتی عێراقی ئەو كات دوژمن لە 3 بەرە هێرشیان هێنایە سەردەڤەری بارزان و ناوچەی مێرگەسۆر و بەرە و دەڤەری مەزنێ پەرەیسەند. شەڕ لە مەیدان مۆریك دەستی پێ كرد، كە تێیدا چەندین دەسكەوت بەدەست هات و چەندین مرۆڤی ئێمە شەهید بوون. لەبەرەی ئاكرێ لەوێش حكوومەتی عێراق حەرەكەتی كرد، لەبەرەی دۆڵی دینارتە بارزانیی نەمر خۆی سەرپەرشتی شەڕێكی قورسی كرد و كاتێ سوپا و جاشەكان ویستیان چیای پیرس بگرن بەڵام پێیان نەكرا، شەڕێكی گەورە و خوێناوی لە روباری بەرێڤ شۆ كرا و قورسایی شەڕەكە كەوتە سەر شیڤە هرس و هەموو شوێنك گیرا، دوو فەوجی عەسكەری لە دینارتێ گەمارۆ دران، فەوجەكان چاوەڕێ بوون خۆیان تەسلیم بكەن و هیچ ئەرزاقیان پێ نەبوو، بەڵام خیانەتی جاشەكان لە رۆژهەڵات كە لە پشتەوە هاتنە دینارتە و دواتر جەبهە بەرفراوان بوو،هەروەها قوەتی پێشمەرگە و چەك زۆر كەم بوو، پاشان بەرەی ئامێدی هاتە گرتن و دوژمن لە هەموو لایەكەوە هێرشی دەكرد و فڕۆكەكانی رژێم بەردەوام دەهاتنە سەر گوندەكانی دەڤەری بارزان و ماڵ و منداڵ بۆمبە باران دەكرد. بۆ رزگاركردنی گیانی سڤیل و ژن و منداڵ، خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزان و بارزانیی نەمر بە ماڵ و خێزانەوە بارزانییەكان روومان كردە ئێران. دوای شەڕ گەیشتینە نزیك شانەدەر لە گوندی مەزنێ لە رۆژهەڵاتی عەشیرەتی دۆلەمەریان، لە جەبهەی ئاكرێش سەری پیرس هاتە گرتن، لە ئامێدیش شەڕ تا باڵندە پەرەی سەند و لەلای رێكانیان تا وەكو دلۆ و ستونە و ئەرگۆش شەڕ بەردەوام بوو، بە ناچاری عەشیرەتی بارزانیەكان بە مالأ و خێزان و ئەو رێگایەی كە ناخۆشترین و سەخترین رێگای پیادەبوو بە تینووییەتی و برسیەتی كەوتینەڕێ لە رێگای كێلەشین، مەرگەوەڕ چووینە رۆژهەڵاتی كوردستان گەیشتنمان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان مانگێكی خایاند.
جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە كتێبی بارزانی وبزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد1932-1958 بەرگی یەكەم پێش چوونی لەشكری بارزانییەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان نووسیویەتی: شۆڕش لەهەر جێگایەك بێ، پێویستی بەوكەسانە هەیە كە لەواتەی شۆڕش تێ دەگەن، شۆڕش دەستەواژەیەكی بازرگانی نییە و بەڵێنی كار نییە، بگرە كردەیەكی گرانە هەموو كەسێك پێ ناكرێ، دەبێ شۆڕشگێڕ بكاتە موڵكی میللەتی خۆی و خاوەنی توانین و هەناسەی درێژ، كە ئەم رەشتانەش لە سەرۆك هۆزەكاندا نییە، ئەوان خاوەنی ئاوەزەییەكی كەمن و تەنیا لە بەرژەوەندی بچووكی خۆیان تێ دەگەن. پیاوەكانی ئیمیپریالیزمی ئینگلیز كە خاوەن مەشق بوون، ئەو ڕاستییەیان باش دەزانی كە هەرچەندە شۆڕشگێڕان سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێنابێ بەسەر حكوومەتدا، بەڵام ئەم سەركەوتنانە خوێن هاتووەتە دی و زۆری فیداكاری ویستووە. سەرۆك هۆزەكان بەرامبەر حكوومەت خۆیان بەكەم دەزانی و گۆی لە مستی پۆڵیسێك بوون، كەچی لە گەڵ یەكتر ئاوا بەفیز بوون.حكوومەت زۆری تەقەلا دا سەرۆك هۆزەكان راكێشێتە لای خۆی و دژی شۆڕش چەكیان پێ هەڵگرێ، دەمێ بە هەڕەشە و دەمێ بە تەما وەبەرنان، لەم تەقەلایانەدا ئەفسەرە ئینگلیزەكانیش بەشدار بوون.
لەبارەی پەنابردنی بارزانی بۆ كوردستانی رۆژهەڵات جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە بیرەوەرەیەكان نووسیویەتی: ئامانجی بارزانی بۆ پێكهێنانی ئاواتە ڕەواكانی گەلی كورد بوو. هەموو رەنجێكی دژواریشی لە پێناوی ئەم ئاواتەدا هەڵدەگرت. كاتێ كە بینی شەڕ بووەتە شەڕی ناوەخۆییی كورد و بەچاو بینی سەرۆك هۆزەكان كەپێش دەستەكانی سوپا دەكەون بە گژ شۆڕشگێڕاندا چوون. لەكاتێكدا هەندێك سەرۆك هۆزەكان لەگەڵ شۆڕش دا بوون و هەندێك هەر تەماشایان دەكرد كە چی سوێند و پەیمانیان لە بیر چووەوە، لە بارێكی ئاوادا درێژەدان بەشەڕ زەحمەت بوو، بۆیە بارزانی بە پەلە ڕاوێژی لە گەڵ هەیئەی ئازادیدا كرد و پاش وەرگرتنی پەسندی شێخ ئەحمەدی بارزان ، بڕیار درا پێش دەستپێكردنی بەفر و باران و رێگە گیران، ماڵ و منداڵ و خێزانی بارزانییەكان بكێشێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، بەتایبەتی كە ریزە چیای سەربڵندی سەر سنوور پاش بەفربارین ڕێگەی دەرچوون نادەن، واتە پێش ئەوەی دوژمن و سروشت دەوری ناوچەی بارزان بگرن. بارزانی فەرمانیدا بە فەرماندەكانی بەرە تا بە شێوەیەكی ڕێك، پاش ئەوەی ناوچە لە خێزانەكان پاك دەكرێتەوە، بكشێنەوە بۆ سنووری ئێران. لە كۆتاییی ئەیلوولدا شۆڕشگێڕان بە پێی نەخشەیەكی ورد روویان كردە رۆژهەڵاتی كوردستان.
لەبارەی گەیشتنی بارزانییەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان و پێشوازی كردنیان لە لایەن خەڵكی رۆژهەڵات، جەنابی سەرۆك بارزانی نووسیویەتی:
كاتی بارزانییەكان لە 11-10-1945 لە ڕێگەی كێلەشین- مەرگەوەڕ داڵامپەر ەوە، چوونە كوردستانی ئێران، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق تا دوا پنتی سنوور بە دوای ماڵ و خێزانەكانەوە بوو. چونی ماڵ و خێزانی بارزانییەكان بەرەو رۆژهەڵاتی كوردستان بە پلانێكی ورد و ڕێكوپێكی جێبەجێ كرا، بە جۆرێك كە نەیەك خێزان بە جێ ما و نە یەك كەس كەوتە دەستی دوژمن. شێخ ئەحمەدی بارزان خۆی لەگەڵ خێزانەكاندا دەڕۆیشت و هاوبەشی ماندووەتی و ڕەنجیان بوو. شۆڕشگیڕەكانیش بە دوای خێزانەكاوە بوون، لە گەڵ گەیشتنیان بۆ كوردستانی ئێران، لەلایەن خەڵكی رۆژهەڵات زۆر بە گەرمی پێشوازی كران و برا كوردەكانی رۆژهەڵات كەوتنە یارمەتیدانیان و بەسەر 49 گونددا دابەشیان كردن، كە ماڵ و خواردنیان لەگەڵدا بەش كردن. بارزانی چوو بۆ گوندی كە فەرماندەی سوپای سۆڤیەتی ئەو ناوچەیەی لێ بوو، لەگەڵیدا ڕێك كەوت كە خێزانەكان بەسەر گوندەكانی ئەو ناوچەیەدا دابەشبكرێن، وەكو مەرگەڤەڕ،شنۆ، نەغەدە، مەهاباد داواشی لێ كرد كە لێژنەیەكی پزیشكی بنێرێ بۆ دەرمانكردنی نەخۆش و بریندارەكان، لەسەر داوای جەنابی بارزانی لێژنەی پزیشكی هات، نەخۆشخانەیەكی مەیدانیی لە گوندی كانی سپی داندرا و دەست كرا بە تیماری بریندار و نەخۆشەكان، یەك لە بریندارەكان محەمەد سەدیق بوو. ئەو خێزانانەش بەسەر ناوچەكاندا دابەش كران، شێخ ئەحمەد لە مەهاباد دانیشت، بارزانی خۆی و بابۆی برای و ئیبراهیمی برازای لە شنۆ، شێخ سلێمان لەگەڵ خێزانی محەمەد سەدیق لە نەغەدە و محەمەد خالید لە گوندی كۆكێ و ئەسعەد خۆشەوی لە ناوچەی تەرگەوەڕ.
یەكێك لە بەشداربووەكانی بەرگری كردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد خوالێخۆشبوو فەرماندەی خەباتكار وهەڤاڵی دێرینی بارزانیی نەمر مام عەلی خەلیل خۆشەوی لە بارەی چۆنیەتی بەرگری كردن لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و پاراستنی ئەم دەسكەوتە مەزنە، لە چاوپێكەوتنێك كە پێشووتر بڵاو كراوەتەوە گووتیەتی: هەرچەندە هەموو شتم بە بیرنایتەوە بەڵام دیسان مێژوو تۆماری كردووە كە بارزانیی نەمر بەخۆی و لەشكری چۆن لە مهاباد بەرگریان لە كۆماری كوردستان كردووە و بۆچی ئەم كۆمارەی پاراستووە، چونكە بارزانیی نەمر ئەم كۆمارەی بەدەستكەوتێكی گرنگ دەزانی بۆ گەلی كورد و پێی وابوو ئەم كۆمارە هی هەموو خەڵكی كوردستانە، بۆیە ئێمە لەم كۆمارە بە جدی خەباتمان دەكرد و لە 11-10-1945 هەرچەندە فڕۆكەكانی دوژمن ئێمەیان بە ماڵ و خێزان بۆردومان دەكرد، بەڵام توانیمان بگەینە رۆژهەڵاتی كوردستان و خەڵكی ئەم ناوچانە پێشوازیەكی گەرمیان لە ئێمە كرد و جل و بەرگ و پێداویستییان بۆ ئێمە دابین كرد. نابێ هاوكاری و ئەو خزمەتەی كە خەڵكی مەهاباد و ناوچەكانی دەوروبەری كە بۆ ئێمەیان كردووە لە بیر بكەین، هەروەها دواتر ئێمەیان دابەش سەرگوندەكانی كوردستان و ناوچەكانی دەوروبەری كرد و ئێمە لە ناوچەی تەرگەوەڕ بووین و دوایی ئێمەیان بە پیرو گەنج و لاو خۆمان ناونووس كرد بۆبەشداری كردن لە لەشكری كۆماری كوردستان لە مەهاباد، ئێمە دەبوایە بۆماوەی 3 هەتا 4 مانگ زیاتر مەشقمان بكردایە، منیش چەكم بۆ كۆمار هەڵگرت. كاتی هەڵگرتنی چەك بۆ كۆماری كوردستان سوێندمان خوارد كە ئێمە نابێ خیانەت لە كۆمار بكەین. لەهەموو شەڕەكان بەشداریمان لەم كۆمارە كرد بە سەرۆكایەتی بارزانیی نەمر و گەورەترین زەربەمان لە دوژمندا. هەر لەشەڕی یەكەم لە بەرگری كردنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد كە شەڕی قاراوە بوو ئەم شەڕە بەسەركەوتنی بارزانیی نەمر و پێشمەرگەكان كۆتایی هات و بووە هۆی بەرزكردنەوەی ورەی خەڵك، هەروەها هەستی نەتەوەیی رەنگی دایەوە و شارەزای شەڕی ئێمە بارزانیەكان بوون دڵسۆزی و قارەمانایەتی خۆمان بۆ خەڵك سەلماند. لە هەموو شەڕەكان وەكو مامەش و شەڕی قاراوە و مل قەرەنی و سەقز و.. هتد، بە هەموو ئیرادە توانیمان بەسەر دوژمنان زاڵ بین و سەركەوتنمان بەدەست هێنا و ئەوەیش لێهاتوویی و توانا و ورەی بارزانیی نەمر بوو بۆ ئێمە كە خۆڕاگر و بە توانا بین و هەرچەندە ئێمە شەهید و بریندارمان دەدان و لەشەڕی مل قەرەنی كە هەندێك بریندار و برام شەهیدی قارەمان و فەرماندە خۆشەوی خەلیل خۆشەوی شەهید بوو. ئەوەیش وەكو قارەمانێك بوو فەرماندەیەكی مەزنی شەڕ بوو و ئەوەیش رەوانە كرا بۆ مەهاباد و بەمەراسیمی شایستە و شكۆدار و رێورەسمی عەسكەری لە شنۆ نێژرا و یەكەم شەهیدی بارزانییەكان بوو، بەڵام دیسان ورەی خۆمان لە دەست نەدەدا و بارزانیی نەمر دەیوست بە دوژمنان بڵێت كە ناتوانن بستێك لە خاكی كوردستان داگیر بكەن. بۆیە ئێمەش شەڕی مان و نەمانمان دەكرد. هەرچەندە كۆماری كوردستان لە مەهاباد زۆری نەخایاند،لەو ماوەیەی كە لە بەرگری كردنی كۆماری كوردستان بووین، توانیمان هەموو هێزی خۆمان بۆ سەركەوتنی ئەم كۆمارە تەرخان بكەین.
لەبارەی تێكچوونی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، پێشمەرگەی قارەمان و هەڤاڵی بارزانیی نەمر مامڕەشید حەمۆ شنگێلی بەشداربووی بەرگری كردن لە كۆماری مەهاباد گوتی: هەرچەندە تەمەنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد كورت بوو و كۆمارەكە بەرەو چارەنووسێكی نادیار رۆیشت، ئێمەی لەشكر بەبێ جیاوازی لەگەڵ رابەرمان بارزانیی نەمر بە تەوای پاڵپشتی كۆمارەكە بووین و لە چەندین شەڕدا وەك سەقز و نەلۆس و ئالتون و میاندوئاب و….هتد، بەشداریمان كرد و گەورەترین زەربەمان لە دوژمن دا و وەرەمان لە دەست نەدەدا و گیانمان بۆ كوردستان دەكردە قوربانی تاكو خەڵكی كوردستان بەئازادی لە خاكی كوردستان بژین، لە یادمە كە بارزانیی نەمر چەندین جار بە پێشەوا قازی محەمەدی فەرمووو: “خۆت را دەستی دوژمنەكان مەدە چونكە هەر دەتكوژن، بە خۆت و هاورێیانت لەگەڵمان وەرن و ئەگەر نانێكمان هەبێت پێكەوە دەیخوێن”، بەڵام پێشەوا قازی محەمەد بە بارزانیی نەمری فەرموو: “ئێوە بڕۆن، دەمەوێت ئەمانەتێك بە تۆ بدەم و جەنابتان وەكو راسپاردەیەك ئەم ئەمانە بپارێزن، كە رۆژیك لە رۆژان دادێت ئەم ئاڵایە لە كوردستانی ئازاد هەڵبكرێت”، دواتر هەردووكیان خواحافیزیان لە یەكتر كرد، بارزانیی نەمر دەیزانی كە پێشەوا قازی محەمەد دەكوژن . دواتر لە رادیۆ گوێمان لێبوو كە پێشەوا قازی محەمەد و هاورێكانی گیانی خۆیان كردۆتە قوربانی كورد و كوردستان. ئینجا بە تێك چوونی كۆماری كوردستان روومان كردە یەكێتی سۆڤیەت و 12ساڵ لە وێ ئاوارەبوونی، ئینج سەربەرزانە گەڕاینەوە كوردستان و لە پێناو مافەر رەواكانی خەڵكی كوردستان دیسان دەستمان كردەوە بە شۆڕش و لە 11ی ئەیلوولی 1961 بەشداریمان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كرد.
سەرچاوە:
ـ كتێبی: بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد بەرگی یەكەم1931-1958 /مسعود بارزانی
ـ چاوپێكەوتن لەگەڵ چەند هەڤاڵێكی بارزانیی نەمر بەر لەكۆچی دواییان كە پێشتر لە رۆژنامەی خەبات بڵاو كراوەتەوە.










