راپۆرت- فاتیح بەرزنجی
بەگوتەی “عەمید شوان عەبدولقادر” بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەولێر: زۆربەی رووداوەكانی ئاگركەتنەوە هۆكارەكەی بۆ شۆرتی كارەبا دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوەی سیستەمی كارەبامان تەواو نییە، بۆیە ئەو ئاگركەوتنانەی كە دروستدەبن، هۆكارەكەی شۆرتی كارەبایە جائەو ئاگركەوتنەوەیە لە (كۆگا و دوكان و شوێنە گشتیەكان) روودەدەن و لەلایەن خاوەنی ئەوشوێنانەوە لەكاتی داخستنی شوێنەكان لە بۆردی سەرەكی كارەبا ناكوژێنرێتەوە، بۆیە شۆرتی كارەبا دروستدەبێت، لە95% سیستەمی بەرگری شارستانی لەو شوێنە گشتیانەدا نییە.
مەرج و ڕێنماییەكانی بەرگری
شارستانی هەولێر بۆ خاوەنی شوێنە گشتیەكان
پێویستە لەسەر خاوەنی (دوكان و كۆگاو وێستگەكانی بەنزین و شوێنە گشتی)ەكان پابەندی مەرج و رێنماییەكانی بەرگری شارستانی بن، بۆئەوەی دووچاری زیانی زۆر نەبن و هەوڵی دانانی ئامێری ئاگركوژێنەوە بدەن، تا لەكاتی ئەگەری ئاگركەوتنەوەدا سوودی لێوەربگرن، لەكاتی داخستنی دوكانەكانیاندا، پێویستە دوكانداران كارەبای سەرەكی دوكانەكانیان لە بۆردی سەرەكی بكوژێننەوە، جگەلە(دوكان و كۆگا)كان مەرج و رێنمایی گرنگ بۆ وێستگەكانی بەنزینیش هەیە، لەهەمووی گرنگتر دروستكردنی دیواری كۆنكریتییە، بۆ وێستگەكانی بەنزین، بەدرێژی (4 مەتر بەرەو سەر) تا ئەگەر هاتوو رووداوی ئاگركەوتنەوەش روویدا، تەشەنە نەكات و نەگاتە ناوماڵان، یاخود ناو جەنجاڵی هاووڵاتیان و زیان و زەرەر بەدەوروربەری خۆی نەگەیەنێت.
بەداخەوە زۆربەری وێستگەكان ئەو جۆرە پەرژینە كۆنكریتیەیان نییە و دروستیشی ناكەن، ئەوەتا لەو رۆژانەی دواییدا ئاگر لە وێستگەی زانكۆ لە هەولێر كەوتەوە و زیانێكی زۆر بەر ئەو وێستگەیە كەوت، ئێمە وەكو بەرگری شارستانی بەڵێننامەیان لێوەردەگرین كە پێویستە تانكی بەنزین لە ژێر زەوی بێت، باشتر و سەلامەتترە و بەهیچ شێوەیەك رەزامەندی بە هیچ وێستگەیەك نادەین كە تانكی بەنزینەكەیان لە ژێر زەوی نەبێت، دەربارەی مەرجەكانیان بۆ كۆگاكان (بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەولێر) گوتی: ئێمە وەكو بەرگری شارستانی هەولێر، لەلایەن لیژنەیەكی خۆمان پشكنینمان بۆ كۆگاكانی ناو شاری هەولێر و دەوروبەری كردووە و لیژنەكەش پسپۆڕن لەو كارەدا.
ئەوانەی كە پابەندی مەرجەكان نابن ئەوا دووچاری سزا دەبنەوە، رۆژانە چەندین كەس لە خاوەنی ئەو كۆگایانە سەردانیمان دەكەن و ماوەی 15 رۆژ مۆڵەتیان پێدەدەین تا بتوانن پابەندی مەرج و رێنماییەكانبن.
بیریان لە دانانی سیستەمی بەرگری شارستانی نەكردۆتەوەو نە تەنانەت كامێرای چاودێری و پاسەوانیان نییە، هەڵمەتێكی گەورەمان بۆ كۆگاكانی سەر رێگای (عەلوە و مەخمور) ئەنجامداوە و بەڵێننامە لە خاوەنی ئەو كۆگایانە وەردەگرین تا مەرجەكانی ئێمە جێبەجێدەكەن.
لە كۆتاییدا “عەمید شوان عەبدولقادر” دەربارەی ئامارەكانیان بۆ ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵ گوتی: رووداوەكان زۆرن، بە پێی تۆماركردنی رووداوەكانی ئاگر كەوتنەوە بۆ ئەو هەشت مانگە، ئامارەكان بەمشێوەیەیە:
لەماوەی (هەشت مانگدا 245 ) ئاگر لە ماڵاندا كەوتۆتەوە، لە باڵەخانەش 21 رووداو و لە فەرمانگەی حكوو میش 25 و رووداوی ئاگر كەتنەوە لە گەنم و جۆ، 58 رووداو و 99 رووداوی غاز، بەهۆی كەمتەرخەمیش349 رووداوو 14 رووداوی بەنزین و ءئاماری سووتانی ئوتومبیل بەهۆی فیتپەمپەوە 12 رووداو، رووداوەكانی سووتانی گەنم و جۆ زۆرە و سووتانی پووش و پەڵاش 1107 رووداوە.










