چەند رۆژێك لەمەوبەر یەكێتی قوتابییانی كوردستان كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و نووسەرو دەستگای میدیایی جۆراوجۆری لە مەراسیمێكدا خەڵات كرد، بەوپێیەی ئەوانە بەشداری كاریان هەبووە لەكاتی ڕیفراندۆمدا.
ئێمە لەكاتێكدا دەستخۆشی لەو دەستپێشخەرییە دەكەین و بە ئەرێنی دەینرخێنین هاوكات سەرسوڕمانی خۆشمان وەك رۆژنامەی خەبات و نووسەرانی رادەگەێنین و دەپرسین هۆكار چییە رۆژنامەی ئۆرگانی حزب ئاوا لەو مەراسیمەدا پشتگوێ خرا كە لای ئێمە جێگای پرسیارە.
ئێمە بە ئەركی سەرشانی خۆمان وەكوو پێویست و ئەرك زۆر بە چاكی و چالاكی جێبەجێ كرد كە ئەمەش كاری رۆژنامەی خەباتەو دەبوو بیكەین ئەگەرچی ئێمە وەك رۆژنامەی خەبات زۆر زووتر- تەنانەت پێش راگەیاندنی هەڵمەتی ریفراندۆم- خستە بەرنامەی كاری خۆمانەوە.
دیارە دەبێ ئەو بەڕێزانەی ئەم مەڕاسیمەیان سازدا هیچ ئاگایان لە ئۆرگانی حزبەكەیان نەبووە كە هەموو توانای خۆی بۆ پڕۆسەكەو سەرخستنی تەرخاندەكردو چۆن رۆژانە بەدەیان نووسین و لێكۆڵینەوەو راپۆرت و چاوپێكەتنمان بۆ ئەو مەبەستە ساز دەكردو لە رۆژنامەكەدا بڵاومان دەكردەوە كە هەندێ لەو نووسینانە لەمەودوا وەكو كتێب بڵاوكرانەوە
جا گەر یەكێتی قوتابییانی بەڕێز خۆیان ئاگایان لە رۆژنامەی مەركەزی حزب نەبێت ئەو هیچ گوناهی ئێمەی تێدا نییەو گەر پاساویشیان ئەوە بووبێ كە باری داراییان سەخت بووە ئەوەش هیچ پاساو نییە، چونكە دەیانتوانی لە سایتی رۆژنامەی خەبات موتابەعەی نووسینەكانی تێدا بكەن كە هیچ لەسەریان نەدەكەوت.
ئێمە وەك كارمەندانی خەبات پێویستمان بە خەڵات و پاداشت نییەو داواشی ناكەین و هیچ نووسەرێكیشمان وەك شەخسی گلەیی لێتان نییە، چونكە هەموو ئەركێكی حزبی و نیشتمانیمان جێبەجێ كردووە، بەڵام خۆ دەكرا رۆژنامەكەمان، رۆژنامەی خەبات خەڵات بكەن
ئەمەش چەند ڕاستییەك دەردەخات، یان ئەوەتا قوتابییانی بەڕێز كەسیان رۆژنامەی حزبەكەی خۆیان ناخوێننەوە یان هەڵسوڕێنەرانی مەراسیمەكە بە ئارەزووی خۆیان كێ-یان پێخۆشبووبێ پاداشتیان كردووە.
بۆیە هیوادارین ئەم كەمتەرخەمییە و پشتگوێخستنەی رۆژنامەی مەركەزی حزبمان بەمەبەست نەبووبێ و تەنیا بێ ئاگایی بێ سەروبەری بووبێت. ئەمەش چەردەیەك لەو نووسینانە بۆ بەڕێزتان و خوێنەران.
رۆژنامەی خەبات جگە لەوەی بەردەوام كاری لەسەر خەباتی نەتەوایەتی كردووە، ناوە ناوەیش مەسەلەی مافی رەوای گەلەكەمانی لە بڕیاری چارەنووسسازانە و لەبەرچاوگرتنی دروشمی قۆناغەكان، لە ساڵی 2015 تەوەرێكی لەبارەی دەوڵەتی كوردستان ئامادە كرد و بیروڕای چەندین نووسەر و رۆژنامەنووس و مامۆستایانی زانكۆی خستەڕوو، كە زیاتر لە مانگێكی خایاند و هاوكارمان گوڵباغ بەهرامی ئامادەی كردبوو، دواتر هەر لەو ساڵەدا تەواوی تەوەرەكە كرایە كتێب بەناوی دەوڵەتی كوردستان .. بۆچوونی جیاواز.
كە دەنگوباسی ریفڕاندۆمیش پەیدابوو، خەبات كاری خۆۆی كرد، تا بەوە گەیشت كۆبوونەوەی رۆژی 7/6/2017 چەند حزبێك بەسەرپەرشتی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرا و بڕیار درا رۆژی 25ی ئەیلوولی ئەو ساڵە ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی بكرێت، لەو رۆژەوە خەبات لە چەند لایەكەوە كاری لەسەر ریفڕاندۆم كرد:
یەكەم: هەر لەو رۆژەوە تا رۆژی ریفڕاندۆم، هەرچی چاوپێكەوتنی میدیای جیهانی هەبوو لەگەڵ سەرۆك بارزانی، لەگەڵ ئەو وتارانەی لە كاتی بانگەشەی ریفڕاندۆم لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان كران، هەر هەموویان لە خەبات بڵاوكرایەوە و دواتر بەناوی بەرەو سەربەخۆیی .. دیدارە رۆژنامەوانییەكانی سەرۆك بارزانی 7/6/2017 بۆ 26/9/2017 لە ساڵی 2017دا، لە لایەن هاوكارمان شكار نەقشبەندی كۆكرایەوە و وەك كتێبێك بڵاوكرایەوە.
دووەم: لەماوەی بانگەشەی ریفڕاندۆم رۆژنامەكەمان لە 16 لاپەڕەوە كردە 20 لاپەڕە و پاشكۆشمان دەركرد، هەروەها دیزاین لەو ماوەیەدا گۆڕانكاری بەسەردا هات و شێوەیەكی تایبەتی دیزاینمان هەبوو.
سێیەم:پێكهێنانی تیمێك لە هەڤاڵ و هاوكارانمان كە سەردانی شارەكانی كوردستانیان كرد وەك سلێمانی و كەركووك و خورماتوو و چەندین چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كەسایەتی و نووسەر و كەسانی ئەكادیمی سازدا و بڵاو بوونەوە. پێكهاتبوون لە یاسین هێژا، سەردار حوسێن، هاوار مورتكەیی، هەروەها هەر لەسەرەتای بانگەشەی ڕیفڕاندۆمەوە تا کۆتایی، تەوەرێک کە هاوکارمان تریفە ئازاد بەناوی ( ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان) ئامادەی کردبوو، ژمارەیەک سیاسەتمەدار و نووسەر و بەرپرس لە لایەنەکان، لەو تەوەرەدا قسەیان کردووە و ڕای خۆیان لەبارەی ئەو پرسە گوتووە.
چوارەم: تیمێك لە هەڤاڵ و هاوكارانمان كۆڕە جەماوەرییەكانی هەولێر و دەوروبەریان رووماڵ دەكرد.
پێنجەم: تیمێكی بەردەوام لە ئۆفیسی سەرەكی رۆژنامە لە نووسەر و دیزاینەر و كارمەندی دیكەی بەشی هونەری و پەیامنێر كاریان دەكرد و لە ماوەی بانگەشەی ریفڕاندۆم تا درەنگانی شەو دەمانەوە.
شەشەم: جگە لەو وتارانەی بۆ رۆژنامە دەهاتن، كە زۆربەیان لەلایەن خەباتەوه رادەسپێردران، ژمارەیەك لە هەڤاڵ و هاوكارانمان بەردەوام وتاریان دەنووسی.
حەوتەم: چەند هەڤاڵێكمان هەر بە وتار نەوەستان، بەڵكو كتێبیان لەسەر ئەو رووداوە گەورە و 16ی ئۆكتۆبەر و بەگشتی بارودۆخی كوردستان نووسی، وەك سەلام عەبدوڵڵا كە بەرگی سێیەمی كتێبەكەی بەناوی ستوونەكان بۆ ئەو بابەتانە تەرخان كرا، دڵشاد مستەفا وەسانی كتێبی باشووری كوردستان . هۆكاری دەرەكی و رەنگدانەوەی لە ناكۆكیی ناوخۆییدا، شاخەوان برایم عەبدوڵڵا كتێبی كورد لە ئۆكتۆبەری رەشدا و زانیار سەردار قڕگەیی كتێبی گشتپرسی بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان لە شاری سلێمانی.
خەبات










