دڵشاد مستەفا وەسانی
كەس هێندەی عێراقییەكان، باس لە پیرۆزیی سنوور ناكات، كەسیش هێندەی ئەوان، بێڕێزیی پێناكات، ئەمەش رێك ئەو دووفاقییەیە، كە عەلی وەردی، عێراقییەكانی پێ ناسیوە.
ناچمەوە سەر سەرەتای مێژووی دروستبوونی دەوڵەتێك، بە تۆبزی كوردستانیان پێوە لكاندووە، نیشتمانێكی ساختەیان بەناوی (عێراق) لێ دروست كرد، كە لەوێ رۆژێوە، كورد تێیدا دەچەوسێتەوە، عەرەبیش هەر لە بەرەبەیانی مێژووی ئەو دەوڵەتەوە، لاف و گەزاڤی ئەوە لێدەدەن، كە نیشتمانی عەرەب، بە هۆی رێككەوتننامەی سایكس بیكۆوە، پارچە پارچە بووە و جوێن بە ئەندازیاری دروستكردنی عێراق و تەواوی دەوڵەتە بڕیاربەدەستەكان دەدەن.
لە دوای 2003ـەوە، كێرڤی وابەستەبوونی عێراقییەكان بەودیو سنوورەوە بەرزتر بۆتەوە، ئەگەر پێش ئەو مێژووە، سەدام حوسێن و سەرۆكەكانی پێش ئەویش، بۆ لەناوبردنی كورد، بێڕێزییان بەسنوور كردبێت و فەرموویان لە دراوسێكان كردبێت، ئەوا لە دوای ئەو ساڵەوە، كە بەحیساب عێراقی نوێیە، بەردەوام عێراقییەكان وابەستەی ئەودیو سنوورن بوون، بە بەرچاویانەوە سنووری هەرێمی كوردستان بەزێندراوە، هەر لەبەر ئەوەی كورد ئازاردراوە، خۆیان لێ بەخەم نەكردووە.
ئەو دەستوورەی بەڕەزامەندی هەموو پێكهاتەكان نووسرا، ساڵی 2005 دەنگی پێدرا، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا، وردە وردە پشتیان تێكرد و لێی پەشیمان بوونەوە، لەبەرامبەریشدا، وابەستەبوونیان بە ئێران، عێراقی گەیاندە ئاستێك، زۆر لە عەمامە بەسەرەكان بڵێن، هەر ناكۆكییەك بكەوێتە نێوان عێراق و ئێران، لەگەڵ ئێران دەبین، هەروەها لە كاتی هاتنی زیارەتكارانی ئێرانی، عێراقییەكانیان لەسەر ئەوە راهێنا، بچەمێنەوە و پێلاوی ئەو ئێرانیانە ماچ بكەن، بۆیە عێراق بووە گۆڕەپانی ململانێی ئەجندا دەرەكییەكان، كە باری عێرقییەكانی زۆر گران كرد.
ئەو دەرفەتەی دوای 2003 رەخسا، دەكرا بە راستی عێراقێكی نوێ دروستكرابایە، دەستوور گرەنتی پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانە، خڕبوونەوە لە دەوری ئەو دەستوورە، تاكە رێگەی دروستبوونی عێراقی نوێیە، بەڵام بەرژەوەندیی دەرەكی و لێكگرێدانەوەی لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەو هێزانەی وابەستەی دەرەوەی سنووری عێراقن،سەرچاوەی سەرەكی هەموو كێشەكانی عێراقە.
ئەو هێزە سیاسییانەی كارەكتەری سەرەكیی عێراقن، هەموو هێز و توانا و وزەی عێراقیان خستە خزمەت ئەودیو سنوورەوە، ئاخر بارودۆخی عێراق، كەی بەرگەی ناكۆكیی ئەمەریكا و ئێران دەگرێت؟ عادل عەبدولمەهدی بەترسەوە لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دێتە پێشەوە، لەگەڵ گەورە بوونی خۆپیشانانەكانی عێراق، هەر كە تاران گوتی دەستی ئەمەریكا و ئیسرائیل و سعودیەی تێدایە، هێز و لایەنی وابەستەبوو، دەرفەتیان قۆستەوە و گوتیان حكوومەت هەڵبوەشێتەوە.
كورد لەوەتەی شۆڕش دەكات، هەوڵی داوە ناكۆكی نەكەوێتە نێوان كورد و عەرەب، كەچی بەداخەوە، لەم یەك دوو ساڵەی دوایی، سەركردەكانی عێراق لەشاشەكان، یان كە دێنە كوردستان، وتاری پڕ لە بەلاغەت دەخوێننەوە و بەبرای گیانی بە گیانیمان دەزانن، لە ژێرەوەش دژایەتی كوردیان بردۆتە حوسێنییەكان و لەوێوە جوێن بە رەمزەكانمان دەدەن و هەڕەشەمان لێ دەكەن، بەرگی عەقیدەیان لەبەركێشەی هەولێر و بەغدا كردووە.
عێراق لە نێوان دوو وابەستەبووندایە، وابەستەبوون بە دەستوور كۆتایی بە هەموو كێشەكانی دەهێنێت، وابەستەبوونیش بە دەرەوە، دایساندنی ئاگرێكی دیكەیە، پێناچێت عێرق رووی لە وابەستەبوونی یەكەم بێت، ئەگەر هەر شەیدای دووەمیان بێت، دەبێت چاوەڕێی دۆزەخێك بكات، بڵێت (هل من مزید)؟!










