خهبات: لاپەڕەی كاروباری كوردستانی – سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی:-
وێنەكان: ئەرشیفی ڕۆژنامەی خەبات
لە یادی 61 ساڵەی گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو بۆ كوردستان و 26 ساڵەی هێنانەوەی تەرمی نەمران بارزانیی نەمر و سەركردەی هەر لەیاد ئیدریس بارزانی، شۆرش و قۆناغێكی دیكەبوو لە بزاڤی رزگاری خوازی كورددا. دوای شەهید كردنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، بارزانیی نەمر وهەڤاڵەكانی رێگای مان و نەمانیان هەڵبژارد لەپێناو بەردەوامی دان بە خەبات و بەرخودان پاش لەخاچدانی كۆماری كوردستان لە مهاباد. دوای چەندین شەڕو و رووبەرووبوونەوە لەگەڵ سوپای هەرسێ دەوڵتەی ئیران و عێراق و توركیا بارزانی نەمر و 500 لە هەڤاڵانی بۆ ماوەی 2 مانگ زیاتر بە پیادە و خۆیان گەیاندە رووباری ئاراس و چوونە نێو خاكی یەكێتی سۆڤیەت.
دیداری باقرۆڤ لەگەڵ مستەفا بارزانی
پاش چوونە نێو خاكی یەكێتی سۆڤیەت. رۆژی 15/11/1947 ژەنڕال بارزانی لە نامەكەیدا باقرۆڤ سەركردەی ئازەریجانی یەكێتی سۆڤیەت، زۆر هۆشیارانە باسی لە مێژووی كورد و پشتتێكردنی یەكێتی سۆڤیەت سەبارەت بە گەلی كورد و پەردەی لەسەر زۆر دیاردە دەربارەی نەتەوەكەمان هەڵماڵی، بەرنامەی كاری بۆ نەتەوەی كورد و بارزانییە پەناهەندەكان پێشنیاز كرد، كە پاشتر بەشێكیان بوون بە پڕۆگرامی یەكێتی سۆڤیەت لەگەڵ بارزانییەكان. ئەوە بوو بە دڵێكی فراوان بەشێك لە داخوازییەكانی بارزانی قەبووڵ كرد و كردنی بە پرۆژەی كاری كۆماری ئازەربایجان لە باكو.
سەرۆك مسعود بارزانی لە پەرتووكی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد سەبارەت بە چاوپێكەوتنی باقرۆڤ لەگەڵ بارزانی، لە زاری بارزانی نووسیویەتی: كاتی باقرۆڤ پێشوازیی لێكردم پێمگوت: ئێمە گەلێكی زوڵم لێكراوین و زولمەكەشمان هیچ سنووری بۆ نییە، هیوامان هاتۆتە سەر گەلانی سۆڤیەت، ئێمە پێویستیمان بە زانست وهونەری سوپاییە. تكات لێدەكەم پشتمان بگرە، یارمەتیمان بدە وكێشەی كوردستان بگرە بە دەستەوە. من ئەو تكایە بەناوی گەلی كوردەوە بە ئێوە ڕادەگەیەنم و هیوادارم ئێوەش بیگەیەنە سەركردایەتیی باڵای سۆڤیەت لە مۆسكۆ. رۆژی 10/12/1947 هەموو بارزانییەكانیان گواستەوە باكۆ و لە ئۆردوگایەكی سەربازیان دانان و هەموو یان بەرگی سەربازییان لەبەر كرد و ئامادەی مەشق پێكردن بوون، رۆژی 22/12/1947 ژەنەڕال بارزانی لەگەڵ ژەنەڕال ئاتاكیشیوڤ كارگێڕی ئیداریی و ئەمنیەتی ئازەربایجان كە پێشتر لە سەردەمی كۆماری كوردستان دا لە مەهاباد و تەورێز بوو، سەردانی بارزانییەكانی كرد و رۆژانە لە بەیانیەوە تا ئێوارە لە ڕۆخی دەریای خەزەر ڕووبەرووی خاكی ئێران مەشقی سەربازیان دەكرد.
هەرچەندە ژەنەڕال مستەفا بارزانی سەركردەیەكی وردبین بوو، لە فێڵەكانی باقرۆڤ دەگەیشت و زانیاریی لەسەر هەبوو ، لەبەرئەوە پێویست بوو بارزانی بە هۆشیارییەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ سیاسەت و بۆچوونەكانی باقرۆڤ بكات. كاتێك باقرۆڤ تێگەیشت ناتوانی دەسەڵاتی دیكتاتۆڕانەی خۆی بەسەر بارزانی دا بسەپێنێ و بارزانی ناچێتە ژێر فەرمانی، ئیزنی پێنەدان كە حاڵ و وەزعی خۆیان بەرێكخراوەكانی جیهان بگەیەنن و لە دیدارێكیدا هەڕشەی لە بارزانی كرد كە باشترە پێشنیازەكانی قەبووڵ بكات، ئەگەر نا لەپاشەڕۆژدا بەرپرسیار دەبێ،بارزانی وەڵامی باقرۆڤ دیەوە: هاوڕێ باقرۆڤ ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووینە ئێرە كە تۆ هەڕەشەمان لێ بكەی، ئەگەر ئێمە لە هەڕەشە بترسایەین تۆ منت لێرە نەدەدی. ئێمە بۆ ئەوە هاتووینەتە یەكێتی سۆڤیەت كە دەنگی گەلی زوڵم لێكراوی كوردستان بە گەڵانی سۆڤیەت ڕابگەنین، دەمانەوێ پیاوەتی و سەربەرزیی خۆمان بپارێزین. تكات لێدەكەم ئەوەش بزانە، ئێمە گەلێكین سەر بۆ هەڕەشە دانانەوێنین و بە هیچ بارێ نابین بە پاشكۆی هیچ گەلێك، با دۆست و براشمان بێ وەكو گەلی ئازەربایجان، بەڵام هیچی لە ئێمە زیاتر نەبێ، ئێمە گەلێكی سەربەخۆین و پارچەیەك لە ئازەربایجان نیین و ناشمانەوەێ كەسایەتیی گەلەمان بێتە پێشێلكردن بەم شێوەیە گرژی كەوتە نێوان بارزانی نەمر و باقرۆڤ.
دیداری خرۆشۆڤ لەگەڵ مستەفا بارزانی
ستالین لە مانگی مای ساڵی1953 كۆچی دوایی كرد و خرۆشوڤ جێی گرتەوە بە مردنی ستالین تا ڕادەیەك ئازادی ڕووی لە كۆمارەكانی سۆڤیەت كرد، میر جەعفەر باقرۆڤ و لاورنتی بێریا بە تاوانی خەیانەت لە لایەن كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئیعدام كران، بارزانی ویستی سەردانی مۆسكۆ بكات و چاوی بە كاربەدەستە نوێیەكانی سۆڤیەت بكەوێ و باسی كێشەی كورد وئەو زوڵم و ستەمانەیان بۆ بكات كە كۆمارەكانی ئازەربایجان و ئۆزبەكستان بەسەر خۆی و هەڤاڵانی هاتووە، بە نهێنی لە ئۆزبكستانەوە چوو بۆ مۆسكۆ و دوای هەوڵدانێكی زۆر توانی لە كۆتایی مانگی نۆڤێمبەر و سەرەتای دیسێمبەری ساڵی1954 لە كرمیلن چاوی بە ڕێبەرانی حیزبی كۆمۆنیست و خرۆشوڤ بكەوێت، خرۆشوڤ داوای لە بارزانی كرد كە بەسەرهاتی خۆی و هەڤاڵانی بۆ بگێڕێتەوە و ئەوەیش هەموو ئەو زوڵمەی كە لە لایەن باقرۆڤەوە لێیان كرا بوو، بۆ خرۆشۆڤی گێرایەوە و گوتی:خۆم و هاوڕێكانم بەگژ حەوت حكومەتدا چووینەوە تا توانیم بگەمە مۆسكۆ. خرۆشۆڤ داوای لێكرد ناوی ئەو حكومەتانای پێ بڵێت: بارزانی لە وەڵامیدا گوتی:ئەمریكا، ئینگلیز، عێراق، توركیا، ئێران، ئازەربایجان و ئۆزبكستان.، خرۆشۆڤ پێكەنی و گوتی چۆنت توانی بچیتە ناخی باقرۆڤەوە و بیناسی؟ بارزانی گوتی:ئێمە ڕێبازی یەكێتی سۆڤیەت دەزانین، بریتییە لە پشتگیریی گەلانی چەوساوە كە كوردیش لە پێش هەموویانەوە دێ. بۆیە ڕوومان كردە خاكی سۆڤیەت تا كێشەی گەلی خۆمان بخەینە بەردەست، كەچی هەر لەگەڵ گەیشتنمان، جۆرە رەفتارێكمان لەگەڵدا كرا كە شیاوی مرۆڤ نەبوو و بە پێچەوانەی قسەكانی لێنینە. كەسێك بەتەنگ ناوبانگی گەلێكی مەزنی وەكو یەكێتی سۆڤیەتەوە بێ، چ جار رەفتاری وەكو باقرۆڤ ناكا لەگەڵ ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان بەگژ ئیمپریالیزمدا چوون وپاشان پەنایان هێناوەتە بەر یەكێتی سۆڤیەت، تا هاواری گەلەكەیانی پێڕابگەیەنن. خرۆشوڤ گوتی: ئێمە هەموو ئەونامانەمان بینی كە كاتی خۆی ناردوتن و لەلایەن بێریاوە دەستیان بەسەردا گیراوە. وەنەبێ تەنیا ئێوە بە دەست ئەو تاقمە تاوانبارەوە ئازارتان چێشتبێ، هەموو گەلانی یەكێتی سۆڤیەت هەندەی ئێوە و بگرە زیاتریش ئازاریان چێشتووە.
دوای ئەو دیدارە لەگەڵ خرۆشۆڤ بارزانی توانی سەرنجی سەركردەكانی حزب و حكومەتی سۆڤیەت بەرەو كێشەی كورد ڕابكێشێ و پێوەندیەكی گەرم و دۆستانە لەگەڵ ئەو سەركردانە و لێپیرسراوانی تری سۆڤیەت دامەزرێنێت. دواتر كاربەدەستانی سۆڤیەت داوایان لە بارزانی كرد لە مۆسكۆ بمێنێتەوە و یەكێك لەراوێژكارەكانی بەشی پەیوەندییەكان بە ناوی ڤۆڵۆشین بۆ دانا كە لەگەڵی لە پەیوەندی دا بێت . بارزانی لە مانگی مارسی1951 لەگەڵ ڤۆڵۆشین راوێژكاری بەشی پەیوەندییەكان گەڕایەوە بۆ تاشكەند و چوو چاوی بە هەڤاڵانی كەوت و یەكەیەكە لێی پرسین و حەوتویەكیان لەلا مایەوە و ئاكامی چوونی بۆ مۆسكۆ و بڕیاری كاربەدەستانی سۆڤیەتی پێ ڕاگەیاندن.
بارزانیی نەمر نموونەیەكی باش بوو بۆ هەڤاڵان لە خوێندن وهەوڵەكانیدا بۆ كورد و كوردستان، هاوكات لەگەڵ خوێندنی لە تەمەنی45 ساڵی دا لە خوێندنگەی بەرزی یەكێتی سۆڤیەت و بەسەركردنەوەی هەڤاڵانی و هاوبەشبوون بەكێشەی ژیان وخوێندن و كاركردنیان. ساڵی1956 بارزانی چوو بۆ ئەرمەنستان و سەردانی كوردەكانی ئەو كۆمارەی كرد و حەوتویەك لە لایان مایەوە. ئەو چوونەی بارزانی پەیوەندییەكی پتەوی لە نێوان بارزانی و بەرپارسانی ئەرمەن و ساسەتمەداران و رۆشنبیر و پیاواقوڵانی كورد لە ئەمەنستان دروست كرد.
روخانی رژێمی پاشایەتی لە عێراق و قۆناغێكی نوێ
بارزانیی نەمر و هەڤاڵەكانی لە یەكێتی سۆڤیەت خۆیان بۆ ڕۆژێك ئامادە كرد كە سەر لە نوێ لە بوژاندنەوەی خەباتی نەتەوەیی كوردا رۆڵێكی باڵایان هەبێ، ڕۆژی دووشەممە لە كاتژمێر 6ی بەیانی 14ی تەمووزی1958 بەیاننامەی ژمارەی1 ی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی نیشتمان، لە ئیزگەی بەغدا لە لایەن عەبدولسەلام عارفەوە خوێندرایەوە، كە تێیدا مەرگی ڕژێمی پاشایەتی و هاتنە كایەی سەردەمی كۆماری راگەیاند، بۆ ڕزگار بوون لە كۆلۆنیالیزم و بەدیهێنانی چاكسازی كۆمەڵایەتی و ئابووری لە پێناو بەرژەوەندی گەل و جەماوەردا، ئاسوێەكی فراوانی لە بەردەم گەلانی عێراق بە كورد و عەرەب و كەمەنەتەوەكانەوە كردەوە، دوای راگەیاندنی كۆماری لە كوردستانیشدا تەواوی چین و توێژەكانی جەماوەر و راپەرین و جەماوەری شار و شارۆچكەكانی سلێمانی و كەركوك و هەولێر و كۆیە و دهۆك و زاخۆ و ئامێدی لە ژێر ڕێنمایی پارت و رێكخراوەكان بە تایبەت كەركوك وسلێمانی بۆ پشتگیریكردنی شۆڕش و لایەنگریی یەكەمی ڕژێمی كۆماری، گوشاریان خستەسەر كەرتەكانی سوپا و پۆلیس. بێگۆمان هەڵوێستی پشتیوانی كورد بایەخێكی زۆری هەبوو بۆ سەركوتكردنی ئەو پیلانانەی كۆڵۆنیالیزم كە دژی شۆڕش سازیان دەدا، لە 16ی تەمووزدا پارتی بەیاننامەیەكی ئاراستەی گەلی كورد كرد، تێیدا جەختی لە پشتگیری كۆماری نوێكردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە بارزانیی نەمر سەرۆكی بووە، سوربوونی خۆی ڕاگەیاند كە ئەم قۆناغە پێویستی بە خەباتی هاوبەشی كورد و عەرەب هەیە بۆ چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی لە وڵاتدا، سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا ،شاندیان بۆ بەغدا ڕێكدەخست پیرۆزبایی لە سەركردەكانی شۆڕش بكەن و لە پشتگیری ڕۆڵەكانی كوردستان دڵنییایان بكەن، عەبدولكەرم قاسم لە یەكەم دیداری شاندی كورددا، بڕوای خۆی بە برایەتی و كورد وعەرەب ڕاگەیاند، ئاماژەشی بە مافە نەتەوایەتییەكانی كورد كرد، لە چوارچێوەی دەستورە كاتییەكەی 27ی تەمووزی 1958ی كۆماری عێراق لە مادەی 3ی دەستورەكەش هاتووە عەرەب و كورد لەم نیشتمانەدا هاوبەشن. هەر لەو دانیشتنە لوتكەییەدا، عەبدولكەریم قاسم ئامادەیی حكومەتەكەی بۆ گەڕانەوەی مستەفا بارزانی بۆ شاندی كوردی خستەڕوو، وتیشی: بارزانییەكان لە سەردەمەكانی پێشوو زۆریان تەنگوچەڵەمە چەشتووە، بۆیە پێویستە لەگەڵتان نەرمتر بین. هەرچەندە لە لای تر عەرەبە شۆڤینیەكان پێیان وابوو، عەبدولكەریم قاسم لایەنگری پرسی كوردە لە عێراقدا، بۆیە كەوتنە بەرهەڵستكردنی گەڕانەوەی مستەفا بارزانی، بە بیانووی ئەوەی هێشتا كۆمار نەچەسپاوەو سەقامگیر نەبووە، ئەگەر بارزانی بگەڕێتەوە خاكی وڵات، دوژمنە زۆرەكانی لە كوردستاندا، دەبنە نەیاری كۆمار بۆیە عەبدولسەلام عارف و هەندی لە گەورە ئەفسەرانی دیكەی سوپا، دژی هاتنەوەی بارزانی بوون، بەڵام عەبدولكەریم قاسم سەبارەت بە پێویستیی گەڕانەوەی بارزانی وتەواوی بارزانییەكان هاورێی بۆ خاكی عێراق، نەكەوتە ژێركاریگەری هەڵوێستی ئەوان. یەكەم كاردانەوەی حكومەتی نوێ سەبارەت بە بارزانییەكان بەیاننامەیەكی ئازادكردن و لێبووردنی بۆ ژمارەیەك گیراوی سیاسی كە لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی حوكم درابوون دەركرد. لەوانەش: ئازاد كردنی شێخ ئەحمەد بارزانی لە بەندیخانە كە ئەو كاتە لە بەندیخانەی بەغدا بوو، شێخ ئەحمەد دوای 11 ساڵ ئازاد كرا و دوای ئازادبوونی بۆ ئاراستەكردنی سوپاس و پشتیوانی كردنی خۆی و بارزانییەكان بۆ حكومەتی نوێ چوو سەردانی وەزارەتی بەرگری كرد و لە لایەن عەبدولكەریم قاسم بەگەرمی پێشوازی لێكرا.10ی ئابی 1958 شێخ ئەحمەد بارزانی لە بەغداوە بەرەوە بارزان گەڕایەوە و لە شارو شارۆچكەكانی كوردستانیشدا جەماوەر بە پیادە و ئۆتۆمبێلەكانییان وەكو وەفایەك بۆ خەباتی درێژخایەنی بارزانی و بارزانییەكان، بەرەو پێشوازی چوون. ڕژێمی نوێی كۆماری، هەندێ هەنگاوی باشی نا، وەك پووچەڵكردنەوەی فەرمانی لە سێدارەدانی مستەفا بارزانی كە ئەوكاتەی لە سۆڤیەت بوو بێ ئەوەی لە دادگا بێت لە لایەن ڕژێمی پاشایەتییەوە دەرچوو بوو.
گەڕانەوە بۆ كوردستان و دیسان شۆڕش و خەبات
راوێژكاری بەشی پەیوەندییەكانی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی كۆمونیستی یەكێتی سۆڤیەت ڤۆڵۆشین كە ئەركی پەیوەندییەكانی بارزانی لەسەر شان بوو، هەواڵی شۆڕشی 14/7/1958ی عێراقی بە بارزانی راگەیاند. ئەوە هەر هەواڵێكی هەرە خۆشبوو بۆ بارزانی و هەڤاڵانی كە دەیتوانی چارەنوسی ئەوان بگۆڕێت و دوای بە نزیكەی12 ساڵ دووریی لە وڵات بگەڕێنەوە و لە نزیكەوە بۆ ماف و ئازادیی و ڕزگاریی خاك و وڵاتەكەیان تێبكۆشن. بارزانی لە رۆژی 21/8/1958 مۆسكۆی بەرەو ڕۆمانیا بەجێهێشت، میرحاج ئەحمەدو ئەسعەد خۆشەوی لەگەڵ خۆی برد و سەرۆكی رۆمانیا پێشوازی لێكرا لە بۆخارستەوە بەهۆی بالێوزخانەی كۆماری عەرەبی یەكگرتوو بروسكەیەكی بۆ عەبدولكەریم قاسم نارد و پیرۆزبایی سەركەوتنی شۆڕشی لێكرد و داوای لێكرد ڕێگا بدرێ خۆی و هاوڕێیانی بگەرێنەوە عێراق. وەڵامی عەبدولكەریم قاسم سەرۆكی وەزیرانی عێراق بۆ بارزانی: “بە شادییەوە بروسكەكەتمان وەرگرت، ئێمە هەموومان بە خێرهاتنەوەی گەڕانەوەتان دەكەین بۆ عێراقی خۆشەویست، هەموو پێویستیەكمان بە جێهێناوە بۆ دەرچوونی لێبووردونتان و ئاسان كردنی گەڕانەوەی خۆت و میرحاج و ئەسعەد خۆشەوی و ئەو هاونیشتمانییانەی لەگەڵتاندان، سەر لە باڵۆێزخانەی عەرەبی یەكگرتوو بدەن لە پڕاگ – چیكۆسلۆڤاكیا بۆ سازادنی گەڕانەوەتان”.
بەر لەوەی كەبارزانی پڕاگ بەجێهێلێت و بگەڕێتەوە بۆعێراق، كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنەیەكی بە سەرۆكایەتی ئیبراهیم ئەحمەد سكرتێری پارتی و ئەندامەتی نوری ئەحمەد تەها، سادق بارزانی، عوبەیدوڵا بارزانی ڕەوانەی چیكۆسلۆڤاكی كرد تا لە گەڕانەوەیدا هاوڕێی بارزانی بن، لە قاهیرەش ساڵح میران بەلەگەڵ ئەو لیژنەیە كەوت.
لە كۆتایی مانگی 9ی ئەیلوولی1958 بارزانی پڕاگی جێهێشت و لە قاهیرە دیدەنی سەرۆكی میسر جەمال عەبدولناسری كرد، كە لە نێو ماڵی خۆی پێشوازییەكی گەرمی لێكرد و پشتگیری خۆی و كۆماری یەكگرتووی عەرەبی بۆ ئایندە و سیاسی و پرسی كورد لەعێراق بەم شێوەیە دەربڕی ڕاستیی و ڕەوایی میللەتی كورد وەكو ڕووباری نیل بوونی هەیە.
گەلی عێراق بە گشتی و میللەتی كورد بە تایبەتی بە پەرۆشەوە لە هەنگاوەكانی گەڕانەوەی مستەفا بارزانییان دەڕوانی،گوێبسیتی بروسكەی نێوانقاسم و بارزانی بوون، كە لە ڕادیۆی بەغدا دەخوێندرانەوە بۆ پێشوازیكردنی بارزانی لە بەغدا، لێژنەیەك بە سەرۆكایەتی جەمال حەیدەری و عەبدولڕەحمان عەلائەددین پێكهاتبوو. پارتی كۆمۆنیستی عێراقیش ئەو كاتە ڕۆڵێكی گەورەی لە ئامادەكردن و جۆشدانی جەماوەڕ گێڕا. بەهاوسۆزی نزیكەی12 ساڵ پەناهەندەیی بارزانی لە یەكێتی سۆڤیەت، شیوعییەكان ژمارەیەكی زۆر وێنەی بارزانییان لە چاپخانەی گەل لە بەغدا چاپكرد بوو. بارزانی رۆژی 6/10/1958 گەڕایەوە بۆ بەغدا و بەشێوەی ڕەسمی پێشوازیی كرا. لە كوردستان و لە هەموو ناوچەكانی عێراقەوە چین و توێژێك و بە كوردو عەرەب و موسڵمان و ئاشووری و توركمان و كلدان و مەسیحی و ئێزیدی و هتد پێشوازییان لێكرد. ئەو رۆژە رۆژێكی مێژوویی بوو بۆ میللەتی كوردستان كە رابەریان بە سەلامەتی و سەربەرزی گەڕایەوەو پێی سەرفراز بوون دەیان هەزار كەس لە نوێنەرانی حیزب و لایەنەكانی گەل گەیشتبوونە بەغدا و لە فرۆكەخانەی موسەننا پێشوازییان لە بارزانی وەك قارەمانێكی نەتەوەیی كرد بۆ نیشتمان. بارزانی لە هۆتێل سەمیر ئەمیس دابەزی و میوانی حكومەت بوو رۆژی 7/10/1958 سەردانی عەبدولكەریم قاسمی كرد و سوپاسی خۆی پێشكەش كرد و پێ ڕاگەیاندخۆی بە سەربازێكی شۆڕشی تەمووز دەزانێ ولە ژێر فەرمانی زەعیم دایە هەر لەو رۆژەدا بەشێك لە نوێنەرانی حیزب و لایەنەكان و نوێنەرانی گەل لە باخچەی هۆتێل سەمیر لە بەغدا كۆبونەوە و بارزانی ئەم وتارەی پێشكەش كردن:
رۆڵە هاونیشتمانییە خۆشەوستەكانم
ئێوە ئاگادارن كەمن و هاوڕێیانم ناچاركراین خاكی نیشتمان جێبێڵین لەبەر خەباتی چەكدارنەمان دژی تاقمی فەرمانڕەوای ڕزیوی سەردەمی دوابڕوا و ئاغا ئیمپریالیزمەكانیان. بە درێژایی ئەم دوازدە ساڵە خەباتمانكرد دژی ئیمپریالیزم و كلكەكانی، ئاواتمان پێكهاتنی ئەو ئامانجە بوو كە گەلی عێراق بۆ سەربەخۆیی و ئاشتی خەباتی كردووە. ئێمە هەر لەگەڵ بیستنی هەواڵەكانی شۆڕشی پیرۆزی عێراق لە یەكەم ڕۆژدا ویستمان بگەڕێینەوە تا شەڕەفی بەشداری پاراستنی كۆمارمان پێ ببرێ. من لە كاتێدا سوپاسی پیاوانی شۆڕش دەكەم كە ئەم دەرفەتە بۆ ڕەخساندم، لەبەر دەمی گەلدا بەڵێنیان دەدەمێ كە خۆم و هاوكارانم لە ڕیزی پێشەوەی تێكۆشەران بین بۆ دەستەوەكەری لە كۆماری ساوامان و پێشكەوتن و گەشەكردنی هەموومان بە كورد و عەربەوە یەكڕیز لە ژێر رابەرایەتی ڕۆڵەی گەل زەعیم عەبدولكەریم قاسم دا ڕاوەستین.
بژی كۆماری عێراق بژی برایەتی كورد و عەرەب.
بارزانی نەمر سەردانی سلێمانی و كەركوك و هەولێر كرد
لە رۆژانی مانەوەی بارزانی لە بەغدا، دەستە بەدەستە خەڵك بە نوێنەرایەتی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا، لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان و عێراقەوە سەردانیان دەكرد، بارزانیش بڕیاری دا سنورێك بۆ ئاهەنگی شادومانییە دابنرێت بۆیە بەغدای بەجێهێشت و بۆ سەردانی خەڵك و هەڤاڵانی خۆی و هۆزەكانی لە دەڤەری بارزان ڕوویكردە كوردستان. لە كۆتاییەكانی ساڵی1958 بارزانی سەردانی شاری سلێمانی كرد و لە مزگەوتی گەورە سەردانی گۆڕی شێخ مەحمودی حەفیدی كرد. پاشان لە گۆڕستانی سەیوان چەپكە گوڵی لە سەر مەزاری دوو لە ئەفسەرە شەهیدەكان دانا، كە لەوێ نێژرابوون، تەواوی چین و توێژەكانی شاری سلێمانی بە دروشمی بارزانی بارزانی خۆشهاتی بۆ سلێمانی لە پێشوازیدا بوون. سلێمانی ئامادەی دیدەنیكردنی دۆستە دێرینەكانی وكەسایەتی شارەكە بوو، بارزانی سەردانی ڕێكخراوی مافی ئافرەتانی كردو وتارێكی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە، لە 22ی تشرینی یەكەمی1958 بارزانی لە رێگای كەركوكەوە لە نێو ئاپۆرەی جەماوەرێكی زۆر گەیشتە هەولێر لە پێشوازییكردنیدا، ئەنجوومەنی شارەوانی ئاهەنگێكی شایستەی رێكخست. پاش گەڕانەوەی بارزانی لە هەنگاوێكی تردا گەڕانەوەی هەڤاڵانی لەهەوڵدابوو بۆ گەڕاندنەوەی هەڤاڵانی لە یەكێتی سۆڤیەتەوە. حكومەتی عێراقیش ئاسانكاریی بۆ كردن بۆ ئەم مەبەستەش میرحاج ئەحمەد و ئەسعەد خۆشەوی بۆ سەرپەرشتی گەڕانەوەیان ناردە موسكۆ، 16/4/1959 هەڤاڵانی بارزانیی نەمر لە مۆسكۆوە بە هۆی كەشتی گرۆزیا كە بەژن و منداڵ گەیشتنە بەندەری بەسرا و بەنیشتمان شاد بوون.
لەو ڕۆژەداو لەساڵی 1992، گەڕاندنەوەی تەرمی لە بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانی هەمیشە لەیاد، هەر لە پێنجوێنەوە تا گەیشتنەوەیان بە بارزان، جارێكی دی خەڵكی كوردستان، بە هەموو چین و توێژ و لایەنە سیاسییەكانەوە، وەك راپرسییەك پەیامێكیان دایە دوژمنان، كە میللەتێكی وەفادارە بەرامبەر بە رەمزە نەتەوەییەكان، دوای ئەوەی لە پێنجوێنەوە داخیلی هەرێمی كوردستان بوون، هەر لە سەر سنوورەوە تا بارزان خەڵكی كوردستان لەسەر رێگادا بە پێوە وەستا بوون، سەرەتا شەوێك تەرمەكان شەوێك لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی هێڵدرانەوە، ئەو مزگەوتەی كاتی خۆی بارزانی نەمر دوای گەڕانەوەی لە یەكێتی سۆڤیەت سەردانی كرد، پاشان لەوێوە بەناو شاری سلێمانیدا و پاشان تەرمی نەمران بە شارو شارۆچكەكاندا تێپەڕی تا گەیشتە هەولێر لەوێشەوە برایە پەرلەمانی كوردستان، ئەو دامەزراوە شەرعییەی بەری رەنجی خەباتی بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانی هەمیشە لەیاد و شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانە، پاشان لە هەولێرەوە بەرەو بارزانی زێدی نەمران و لە مەراسیمێكی شكۆداردا بە خاك سپێردران.
كەژاوەی ئۆتۆمبیلەكان بەدرێژایی هەموو رێگاكە لەلایەن خەڵكی كوردستان گوڵباران كرا، ئەمەش رێز وەفاداری گەلی كوردستان بوو، بەرامبەر بارزانیی نەمر كە ساڵانێكی زۆر خەباتی بۆ كوردستان كرد و رێبەرایەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی كرد.
ئەمڕۆ یادی گەڕانەوەی بارزانی بۆ كوردستان و یادی 26 ساڵەی گەڕانەوەی تەرمی پیرۆزی نەمران دەكەین، كە دوای راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری1991 بڕیاری گواستنەوەی تەرمی پیرۆزی هەردوو نەمران درا لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ زێدی باب و باپیرانیان، لە 6/10/1993 تا 8/10/1993 لە نێو ئاپۆرایەكی جەماوەری بێ وێنەدا تەرمی پیرۆزیان گوازرایەوە بۆ گوندی بارزانی زێدی خۆیان و بۆ دواجار بە خاكی پیرۆزی كوردستان سپێردران.
سەرچاوەكان:
❊ بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد 1932-1958 نووسینی: جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی
❊ مستەفا بارزانی پێشمەرگە و سەرۆك نووسینی: حامد گەوهەری.
❊ مستەفا بارزانی ژیان و ڕۆڵ و هەڵویستی لە پێشهاتە سیاسیەكاندا 1958-1970 نووسینی: ڕەفیق ڕەحمان مام خول.
❊ ئەرشیفی رۆژنامەی خەبات.











