خهبات: سەید فاتیح بەرزنجی:-
هەموو ساڵێك لەرۆژی 1/10 ساڵرۆژی جیهانی بەساڵاچووان لەكوردستان لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان بەچەندین چالاكی و ئاهەنگی قەشەنگ ئەو یادە دەكرێتەوە، توێژی بەساڵاچووان ئەو توێژە لەبیركراوەن و ساڵانێكی زۆر خزمەتیان بە كۆمەڵگە كردووە، بەڵام وەكو پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە و تەنها لە ساڵڕۆژی جیهانی بەساڵاچوواندا یادیان دەكرێتەوە، بەمەبەستی ئەنجامدانی راپۆرتێك لەسەر بەساڵاچووان وەك رۆژنامەی خەبات ئەو راپۆرتەمان ئامادەكرد.
لەكۆمەڵگەی بەساڵاچووان ئاهەنگ سازكراو دیاریان پێدرا
لەشاری هەولێر، ساڵانێكی زۆرە خانەی بەساڵاچووان هەیەو لەوەتەی كە دامەزراوە خزمەتێكی بێ وێنەی بەساڵاچووانی شار و شارۆچكەكانی دیكە كردووە و تا ئێستاش تاكە خانەیە كە بەساڵاچووان تیایدا ئاسودەن و بەماڵی خۆیانی دەزانن، بەگوتەی “كامەران تۆفیق” بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی بەساڵاچووانی هەولێر: لەشاری هەولێر ساڵانێكی یەكجار زۆرە خانەی بەساڵاچووان هەیەو خزمەتی دەیان كەسی بەساڵاچووی كردووە و تائێستاش ئەو خانەیە لەجاران زیاتر خزمەتی بەساڵاچووان دەكات و نازیان دەكێشێ، لەو خانەیەدا هەموو بەساڵاچووان ئاسودەن، دیارە هەموو ساڵێك لە رۆژی 1/10 بەبۆنەی ساڵڕۆژی بەساڵاچووانی جیهان ئەو یادە بەچەندین چالاكی و سازكردنی ئاهەنگی قەشەنگ ساڵڕۆژەكە بەرزو پیرۆز رادەگیرێ، هەرچەندە لەساڵانی بەر لە قەیرانی دارایی كار و چالاكی زیاتر و بەرنامەی تۆكمەتر و دەوڵەمەندتر هەبوو، قەیرانی دارایی كار و چالاكیەكانی سست و لاواز كرد، ئێستا واخەریكە بەهەوڵ و كۆششی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دووبارە كار و بەرنامەكان دەستپێدەكەنەوە، بۆئەمساڵ توانیمان بەچەندین چالاكی ئەو یادە بكەینەوە، ئەویش بەدوو چالاكی یەكێكیان بریتیبوو لە نمایشی كار و چالاكیەكانی خۆمان لەگەڵ هەندێ یاگاری بەساڵاچووەكان و بەشی دووەمیش بریتیبوو لە ئەنجامدانی ئاهەنگێكی قەشەنگ بۆ بەساڵاچووەكان، بەئامادەبوونی “خاتوو كوێستان محەمەد” وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و “یوسف چاوشین قازی” بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و”ئەحمەد نەجمەدین” بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی هەولێر و نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی و دەزگای نانەكەلی و دەزگای كار ودەگای خێرخوازی حاجی یەحیا كار و چالاكی بەوبۆنەیە سازكرا.
دواتر لەلایەن وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی یەكەیەكەی بەشەكان و هۆڵەكانی حەوانەوەی بەساڵاچووان بەسەر كرایەوە و پیرۆزبایی گەرمی لە بەساڵاچووان كرد و دیاری و خەڵات بەسەر بەساڵاچوواندا دابەشكرا، لەو كۆمەڵگەیە نزیكەی 73 بەساڵاچوومان هەیە، لەو ژمایەش نزیكەی 38بەساڵاچووی پەككەوتەن و25یشیان ئافرەتن دیارە لەو كۆمەڵگەیە چەندین بەشی گرنگ هەیە بۆ خزمەتكردنی توێژی بەساڵاچووان، پێشتر دوو یاریدەدەری پزیشكیمان هەبوو، بەداخەوە ئەمساڵ هەردوو یاریدەدەرە پزیشكیەكە تەنسیبیان هەڵوەشاندەوە كەخزمەتێكی باشی بەساڵاچووانیان دەكرد لە رووی خزمەتگوزاری تەندروستیەوە، بەبۆنەی ساڵڕۆژی بەساڵاچووان “دكتۆر چەتۆ حەمەدەمین” بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر سەردانی كۆمەڵگەی بەساڵاچووانی كرد و بەڵێنی ئەوەی پێداین كە دوو یاریدەدەری پزیشكیمان بۆ تەنسیب بكات ، زۆرجار هەبووە بەساڵاچووەكانیشمان بۆ پشكنین رەوانەی نەخۆشخانەكان كردووە، هەر لەو كۆمەڵگەیەدا دوو بەش هەیە، بەشی پەككەوتە و بەشی ئاسایی، لەو بەشەدا پێنج هۆڵمان هەیە، هۆڵێكیان تایبەتە بەدانیشتن و رۆژانە بەساڵاچووان لەو هۆڵەدا دادەنیشن و كاتێكی خۆشی لێ بەسەر دەبەن، لەبەشی پەككەوتەش پێنج هۆڵ هەیە لەگەڵ چێشتخانە بۆ بەساڵاچووان و كاتی دەوامكردن لەو كۆمەڵگەیە بەسێ شەفتە و 24 كاتژمێر كارمەندان دەوام دەكەن، ئێشكگرتنمان داناوە بۆ كاتی پشووەكان و چەندین چاودێرمان هەیە بۆ زیاتر خزمەتكردنی بەساڵاچووان، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هاوكاریمان دەكات، جگەلە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی چەندین دەزگای دیكەی خێرخوازی وەكو دەزگای خێرخوازی بارزانی و دەزگای نانەكەلی و گروپی كار و دەزگای حاجی یەحیا هەموو كاتێك بەبەردەوامی هاوكاریان كردووین، بەجل و بەرگ و خۆراك و سازكردنی گەشت بۆ بەساڵاچووان، ئومێد دەكەین حكوومەتی هەرێم بەهەوڵ و كۆششی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەچوارچێوەی كار و بەرنامەی خۆی كاری زیاترمان بۆ بكات، تا ئێمەش بتوانین زیاتر خزمەتی بەساڵاچووان بكەین.
لەوكۆمەڵگەیەدا بەساڵاچووان زۆر ئاسودەن
هونەرمەند “عومەر چاوشین” كە ئەكتەرێكی بەتوانایەو لەو كۆمەڵگەیە ژیان بەسەردەبات گوتی: لێرە زۆر ئاسودەم، زۆرسوپاسی هەموو كارمەندان و دڵسۆزانی ئەو كۆمەڵگەیە دەكەم كە لەخزمەتكردنی بەساڵاچووان كەمتەرخەم نین.
باجی “سامیە”ی تەمەن 65 ساڵان گوتی: شوێنی حەوانەوەم نەبوو بۆیە حەزمكرد ژیان لەو كۆمەڵگەیە بەسەرببەم بەڕاستی لێرە خزمەتێكی باشی بەساڵاچووان دەكرێت.
“مامۆستا ئەحمەد خدر”ی تەمەن 79 ساڵان گوتی: من ژنم نەهێناوە و زۆر حەزمكرد لە كۆمەڵگەی بەساڵاچووان ئەوەندە تەمەنەی كەماومە بەسەری ببەم و ئاسودەم، لەبەر ئەوەی كارمەندان بەباشترین شێواز خزمەتی هەموو بەساڵاچووان دەكەن بەبێ جیاوازی.











