شەنگە هاوار كاكەیی
”ماهاتما” كە بە زمانی سەنسكریتی بە واتای “رۆحی پیرۆز” دێت، ئەو ناوەبوو كە بەخشرایە غاندی سەرۆكی بزووتنەوەی رزگاریخوازی هیند، ئەو كەسایەتییەی كەوا ساڵیادی لەدایكبوونی بوو بەمولهیمی رێكخراوە مرۆییەكانی جیهان و ئەو رۆژەیان لە هەموو ساڵێك تەرخان كرد بۆ ئاهەنگگێڕانی لێبووردەیی لەژێر ناونیشانی “نا بۆ توندو تیژی”.
دیارە نووسین لەسەر ئەم سەركردە جیهانییە كە زادەی مرۆڤایەتییە سەنگی خۆی هەیەو ناكرێ لە وتارێكی كورت و كتوپڕیدا باس لەتێكڕای رایەڵە فیكری و كاریگەرییەكانی بكەین، كە ئاراستەی كۆمەڵگەی هیندی لە كۆمەڵگەیەكی بڤەو ترسنۆك بۆ كۆمەڵگەیەكی بزێو و ئازاو ئازاد گۆڕی. ئەم رەهندە فیكرییانە ئەوەندە كاریگەر بوون، خودی غاندی خۆی نەتەوەكەی گۆڕی لە مرۆڤێكی یاخی بۆ مرۆڤێكی نەتەوەپەرست و لە دەرئەنجامیشدا ئەم رەهەندە فیكریانە خەڵوان لە ئاسمانی بزووتنەوەیەكی بێ چەكداری و رەچەشكێن لەژێر تەوژمی ئەو دەریای فیكرییەی كە هاتنە ناو هزر و ئایدیای غاندی لە رێگەی كاراكتەرە بەهێزەكانی بواری رۆشنبیری و ماریفەت لە نووسەران و ئەدەبدۆستان وەكو نووسەری رووسی “تۆلستۆی” كە غاندی رزگار كرد لە بیرۆكەی توندوتیژی و بیرمەندی ئەمەریكی “داڤێد تۆرۆ” وە بیرمەندی ئینگلیزی “جۆن راسكن” كە لە رێگەی كاریگەریی بیرۆكەكانی توانی میللەتی هیند فێری ناڕەزایەتی مەدەنی بكا، لە هەمان كاتیشدا بایەخێكی زۆری بەخوێندنەوەی ریتوایلێتە ئاینییەكان دەدا، لەوانە خوێندنەوەی “ئینجیل و تەورات و قورئان” لەپاڵ هۆنراوەكانی “تاغور” كە شاعیرێكی هیندی موتەسەوف بوو.
ئەم باكگراوندانە بووە هۆی دروستبوونی بیركردنەوەی جیاواز و لە دواجاریشدا بوو بە پردێك بۆ پەڕینەوەی ئاواتی میللەتەك بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی و بۆ كەنارێكی ئارام هەر لە هەڵوێست دەربڕینی دژی داگیركەری بەریتانی تا گەیشتنی رەهەندە رۆحیەكانی بۆ ترۆپكی ئینسانییەت. تەنانەت لەدوا چركەكانی ژیانیشیدا هەر بە بانگەشەی لێبووردەیی چاوی بە ئەفراندنی ئینسانییەت نوقاند، كە لێبووردە بوو لە بكوژەكەی. جا گەورەیی و ئینسانیەت لێرەیەو سەرەتایەكیشە بۆ بیركردنەوە لە رۆحی پیرۆز! پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەوە چ پاڵنەر و چ هێزێكی مەعنەویە وا لە مرۆڤ دەكا لێبووردە بێ بەرامبەر بە قاتیل و بكوژی رۆحی خۆی؟ غاندی تاكە سەركردەبوو وەكو رابەری رۆحیمان مەلا مستەفای بارزانی كە دونیای بەجێهێشت هیچ شتێكی نەبوو، بەڵام توانی سەروەتێكی مرۆیی گەورە لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە. غاندی كاتێك پێشەوایەتی بزووتنەوەی رەوتی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری وڵاتەكەی گرتەئەستۆ وازی نەهێنا تا رزگار و ئازاد و بەختەوەری كرد و رزگاری كرد لە چنگی داگیركەری بەریتانی و وازی نەهێنا نە بەكۆدەتا و تاكتیكی سیاسی، نە بە هێزی چەكیش، چونكە وڵاتی هیند وڵاتێكە لەئاستی بەرزی هەژاری دایە.
یەكێك لە خەسلەتە جوانەكانی غاندی كە تاكو ئێستا ئاسەواری ماوەو وەكو مۆركێكی ئینسانی لە گوندەكەی لەو شۆێنەی كە لەدایكبووە خەڵكی ئەو گوندە وەكو نەریت جگەرە ناكێشن و مەشروبیش ناخۆنەوە. هەروەها وەكو ئەوەی غاندی بە هەمیشەیی لەگەڵیانە هێشتا شارە دینییەكەیان لە ژێر ركێف و مەئمەرەتی غاندی دایە، چوونكە رۆحە نەمرەكەی باڵی كێشاوە بە سەر هەموو كون و كەلەبەرێكی ئەو شوێنە. بۆیە كە دەڵێین سەربەرزین بە رابەری رۆحیمان و ئێمەش غاندیمان هەیە، خۆ خەباتی نەپچڕاوی بارزانی هیچی كەمتر نییە لە خەباتی غاندی و ناحەقی قەڵەمی نووسەرێكیش مەگرن چونكە كە سەردانی دەڤەری بارزان دەكەی هەمان ئیحساس لەنەستت دروست دەبێتەوەو هەست دەكەی رۆحی مەلا مستەفای بارزانی لە بەرزاییەوە بانگهێشتت دەكا بۆ دەڤەری بارزان بە هەمان رێڕەو و هەمان رێچكەو هەمان سكێجوڵی بازانی غاندی و غاندیش بارزانی! بە فەلسەفەی ناتوندوتیژی هەست دەكەی كێو و شاخ و دەشت و دۆڵ و سروشت و لانەی ئاژەڵەكانیش بەهەمان ئاوكەنج و كێوەكانی سەوز بووەو لە شۆخانن.
بۆیە جێگەی پەیكەری غاندی لەپاڵ پاركی سامی عەبدولڕەحمان، دەڤەری بارزانە، دیارە یەكێك لە راسپاردەكانی ماستەرنامەكەم دامەزراندنی زانكۆی ناتوندوتیژییە لەم دەڤەرە. لەكۆتاییشدا دەڵێم ئێمە بەختەوەرین و لە غاندی خۆمانەوە فێری وەلای نیشتیمانی بووین و غاندی كوردان لانەی گەرمە لە بلەو بارزان.. هەمیشە بژی كورد و بژی كوردستان .
❊ ماستەر لەیاسای گشتی/ زانكۆی حیكمە لە بەیروت









