خهبات: ساسان دەروێش- هۆڵەندا:-
شەهیدانی سەربەرزی نیشتیمان وێڕای لە دەستدانی خودی خۆیان و گیانفیداییان بۆ خاك و گەلەكەیان، دواتر خێزان و خانەوادەكانیشیان بوونەتە قوربانی و پڕكردنەوەی هەنگاوەكانیان، لەو پێناوەشدا ئافرەتان باجی گەورەی قوربانییەكان بوون لە هەڵگری ئێش و ئازاری كەسە نیشتیمانپەروەرەكانیان. ئەوەتا بەنموونەی هەزاران لەو قوربانیانە خاتوو فریشتە یەزدانپەنا كوردی ڕۆژهەڵات و خوشكی دوو شەهید كە وەك براكانی ێشمەرگە بووە و دواتریش لە تاراوگە وەك ئەندامی كۆمیتەی ڕێكخستنی پارتی ئازادیی كوردستان كاردەكات و لە زۆربەی زۆری چالاكیەكانی ڕەوەندی كورد دەبینرێ و هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ خزمەتی كورد و كوردستان.
زوڵم و زۆری دوژمنان كردمی بە پێشمەرگە
خاتوو فریشتە یەزدانپەنا لەبارەی چۆنیەتی و هۆكاری بوونی بە پێشمەرگەو رووكردنە شاخەوە گوتی: من و خانەوادەكەم لە هیچمان كەمنەبوو بەڵكو زۆر بەخۆشی دەژیاین، بەڵام كاتێك هاواری نیشتیمان و بندەستكردنمان لەلایەن داگیركاران كە نزیكەی بۆ سەدەیەك زیاتر دەچێت زوڵم و زۆریان گەیشتە دەریایەك خوێن، نابێت چاو داخەین و پشت لە خواستی نیشتیمان بكەین كە بوون بە پێشمەرگەیە، بۆیە هیچ كات پەشیمان نیم لە هەموو ئازار و ئەشكەنجەكانم و شانازیش بە شەهیدبوونی براكانم دەكەم و هەوڵەكانیشم لە تاراوگە هەر بۆ كورد بووە و هەر بۆ كوردیش دەبێت، ئەمەش ڕاستیەكە كە هەموومان دەیزانین و باسی ناكەین كە ئافرەتی كورد شانبەشانی براو كوڕ و باوك چەندە زەحمەتكێش و ماندوون، ئەگەر یەك كەس لەنێو خانەوادەیەكدا دەركەوێت و ببێتە پێشمەرگە و دواتر بگاتە كاروانی شەهیدان تەنها بۆ خودی پێشمەرگەكە قوربانی نەبووە، بەڵكو قوربانییەكان بەپلەی یەكەم ئافرەتان دەگرێتەوە، ئاخۆ لە شوێن پێ هەڵگرتنەوەیان یاخود پەروەردەكردنی منداڵ و یادگارییەكانی شەهیدان، بۆیە تا كوردستان ئازاد و سەرفراز و سەربەخۆ نەبێت ئێمە هەردەبێت پێشمەرگە بین.
كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانی هەبێت
لە كۆتاییشدا خاتوو فریشتە یەزدانپەنا زۆر بەئومێدو دڵخۆشی دەیڕوانیە ئایندەی كوردستان و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان و لەوباریەوە گوتی: لەم كات و ساتەدا كە چاودیرانی سیاسی و شرۆڤەكاران پێیانوایە كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كوردستان بەتایبەتی لەبەردەم گۆڕانكارییەك دایە، ئێمەی نەتەوەی كوردیش دەبێت ئامادەكاریمان هەبێت بۆ دەرفەتەكان كە بە نموونە باشووری كوردستان كە ئومێدی گەورەی هەموومانە كە لەوێوە جاڕی سەربەخۆیی بدرێت بە پشت بەستن بە بڕیارە بوێرانەكەی سەرۆك مەسعود بارزانی و ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان كە لەم بەشەدا هەنگاوی باش نراوەو بەهیوام كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست و یەك وتاربێت لەبەردەم ئەو پێشهاتانەی چاوەڕوانكراون كە كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانی هەبێت، ئەمەش لە خۆڕانایەت بەڵكو دەبێت قوربانی و خەبات و تێكۆشانی بۆ بكەین بەهەموو لایەكمان تاگەیشتن بەو خەونەمان كە سەربەخۆییە و لەو ڕوانگەیەشەوە ئافرەتی كورد ماندووبوونی دەحەوێتەوەو چیتر بەرگ ڕەش و جەرگ سووتاو نابێت و وەك هەموو ئافرەتانی جیهان بە ئاسوودەیی بیرلەژیانی ئاسایی خۆی دەكاتەوە نەك جەنگ و كوشتار دووبارە سوپاس.









