رێبین ڕەحیم
مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی ئێمە لەگەڵ عێراق بەزۆر وێستگە و قۆناغدا تێپەڕیوە و هەڵكشان و داكشانی زۆری بەخۆیەوە دیوە و هەموو جارەكانیش زیانمەندی ڕاستەقینەی دۆخ و پێشهاتەكان خەڵكی كوردستان بووە و سەرەنجامیش هەموو عێراق سوتوی ئەو هەموو پێكدادانە بوون بەڵام تاهەنووكە هەمان یاری و موماتەڵە و كات كوشتن و دواخستن و پاشقول لێدان بەردەوامی هەیە و پێویستە بەگومان بین. دوای خیانەتی(16ی ئۆكتۆبەر) و پێشێلكارییەكانی عێراق بەرامبەر خەڵكی كوردستان جارێكی دیكە ئەزموونە تاڵەكانی ڕابردوو خۆیان نمایشكردەوە و هەموومان عەقڵییەتی قڕكردن و جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستانمان بینی لەلایەن بەغداەوە، بۆیە هەقی خۆمانە لەهەموو هەنگاوێكیان بەگومان بین و بەحەزەرەوە هەنگاوەكانمان هەڵگرین. ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو و هەوڵەكانی ڕاستكردنەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوەی ڕووی لەهەرێمی كوردستان كردبوو سەرەتای گەڕێكی دیكەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی(هەولێر- بەغدا)بوو كە زۆرێك لە وڵاتانی جیهانی داخوازییان لەكوردستان ئەوەبوو پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا ئاسایی بكاتەوە و بگەن بە ڕێككەوتن و لێكگەشتن، بەرەنجامی هەموو ئەمانە ئێستا پەیوەندییەكان لەقۆناغێكی باشتردان لەچاوپێشووتر. كابینەی نوێ و ئەو پەیوەندییە نوێیەی كە سەرۆك بارزانی بناغەكەی بۆدانا و عادل عەبدولمەهدیش لێكتێگەیشتنی باشی بۆی هەیە، سەرەتای كردنەوەی پەڕەیەكی نوێی پەیوەندییەكان و چارەسەری كێشە وگرفتەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە بەجۆرێك چارەسەری ڕیشەییان بۆبدۆزرێتەوە لەبەر ڕۆشنایی بەندەكانی دەستوری عێراق و ئەو یاسایانەی كە بۆ ئەم مەبەستە لەئایندە دەردەكرێن. ڕۆژانە شاندەكانی هەولێر و بەغدا لەسەر ئاستی جیاواز سەردانی یەكتری دەكەن و كۆبوونەوەكان بەردەوامی هەیە تا بتوانرێت تێكڕای كێشە هەنووكەیی ودوور مەوداكانیش چارەسەر بكرێن، ئەم دۆخە نوێیە پێویستی بە چاودێری ورد و بەدیقەت هەیە، تابتوانین زۆرترین سوود بە گەلەكەمان بگەیەنین و سەربەرزانە لێی بێینە دەرەوە و جارێكی دیكە فرت و فێڵی یاسایی گیرۆدەی دۆخێكی دیكەمان نەكاتەوە. ئەزموونی ڕابردووی تاڵی ئێمە و بەغدا پێمان دەڵێ عێراق پابەندی ڕێككەوتننامە و واژۆكانی خۆی نابێت، چونكە هەركات عێراق لاواز بووبێت پەنای بۆ ڕێككەوتن و گفتوگۆ هێناوە، هەركاتیش بەهێز بووبێتەوە پەشیمان بووەتەوە و پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبووە، بۆیە گرنگە لەگەڵ عێراق و لەسەر بنەمای سوودی دوولایەنە ڕێككەوتن بكەین، بەڵام نابێت هەموو هێلكەكانی خۆمان بخەینە سەبەتەی عێراقەوە و پێویستە هەمیشە بەحەزەرەوە هەنگاو بنێین.









