نادر روستی
ساڵ دوای ساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاد دەبێت. بۆیە ئێستا زۆربەی وڵاتان لە پێشبڕكێدان بۆ ڕاكێشانی زۆرترین گەشتیار و دەستكەوتنی زۆرترین داهاتی گەشتیاری بۆ وڵاتەكەیان. هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو ناوچانەی كە بنەمای گەشتیاری زۆرە و دەكرێ بە شێوەیەكی باش سوودی لێ وەربگرین و بیكەین بە سەرچاوەیەكی داهات، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستیمان بە خۆرێكخستن و زیادكردنی خزمەتگوزاری گەشتیارییە لەهەرێم، گەورەترین كێشەش لەبەردەم كەرتی گەشتیاری لە ئێستادا نەبوونی یاسایی گەشتوگوزارە لە هەرێمی كوردستان، كەواتە بۆچی یاسامان نییە؟ لە كابینەی پێنجەم تەنیا یاسایی هەیكەلی وەزارەتی گەشتوگوزار دەرچوو، بەهۆی نەمانی وەزارەتی گەشتوگوزار یاساكەش سوودی لێوەرناگیرێ. دواتر یاسایی هەیكەلی نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەرچوو، كەواتە لە كابینەی پێنج و لە كابینەی شەش هیچ یاسایەك بۆ ریكخستنی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان دەرنەچووە، هەروەها یاسایی دەستەی گەشتوگوزاری ئیراق ژمارە 14 ساڵی 1997ز تاكو ئەمرۆ بۆ گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان هەموار نەكراوە. كەواتە گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان خاوەنی هیچ یاسایەك نییە، ئەمەش گەورەترین كەموكوڕی پێشخستنی گەشتوگوزاری كوردستانە. لێرەدا دەكرێ پرسیار بكەین، بۆچی نەتوانراوە لە بڕی یاسایەك چەند یاسایەك لە ساڵانی ڕابردو بۆ رێكخستن و پێشوەبردنی گەشتوگوزاری كوردستان دابنرێت؟ پێویستە ئەو راستیە بزانین كە هەر وڵاتێكی گەشتوگوزاری پێویستە بە یاسا ماف و ئەرك و چوارچێوەی كاركردن بۆ كەرتی تایبەت و خاوەن شوێنە گەشتیارییەكان دیاربكات، بە هەمان شێوە ئەركی حكومەت و مافی حكومەت و دەسەڵاتەكان و جۆری خزمەتگوزاری بە یاسا رێكبخرێن. كەواتە ناكرێ پشت بە یاسا كۆنەكانی ئیراق ببەستین، ئەمرۆ هەرێمی كوردستان قۆناغێكی زۆر پێشكەوتوی لە گشت بوارەكان بردۆتە پێشەوە، بە هەمان شێوە كەرتی گەشتوگوزار زۆر گۆڕان و پێشكەوتنی بە خۆیەوە دیوە، بۆیە ناكرێ و ناشێ هەرێمی كوردستان لە یاسایی تایبەت بە پێشخستنی گەشتوگوزار بێبەش بێت. وڵاتە گەشتوگوزارییەكان توانیویانە بە یاسا پێشكەوتن لە كەرتی گەشتوگوزاردا بكەن، هەندێك وڵات زیاتر لە 5 جۆری یاسایان دەركردوە، ئەمە جگە لەوەی یاساكانیان لە گەڵ پێشكەوتنی سەردەم هەمواردەكەن. بۆیە لێرەدا دەپرسین ئایا رێكخستن و ئامادەكردنی یاسایەك بۆ پێشخستنی هەرێمی كوردستان كارێكی هێندە قوڕس و سەختە؟ یان بودجەی زۆری دەوێت و بودجەكە حكومەت بۆی دابین ناكات تاكو بتوانرێ یاسای پێ دەربكرێ؟ یاخود خەمخۆرێكی گەشتوگوزار لە حكومەت یان لە پەرلەمانی كوردستان نییە كە خەمێك لەم بابەتە بخوات. یاخود نەبۆتە خەمی بەرپرسان كە لە كەرتی گەشتوگوزار كار دەكەن؟ یان لە كوردستان هەست بە گرنگی ئەو بابەتە نەكراوە؟ هەر هۆكارێك لەم هۆكارانە بێت گرنگ نییە، گرنگ دارشتنی پڕۆژە یاسایەكە بۆ گەشتوگوزار، ئەمەش بەر لە هەموو كەس و لایەنێك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پەرلەمانتاران لەم كەموكوڕیە بەرپرسیارن. ئەم پێشنیازەم لە ساڵی 2008 لە ورك شوپێكی گەشتوگوزار خستە ڕوو، هەروەها بە هەمان شێوە لە 2010 لە وۆرك شپێكی تر خستمەڕوو كە دوو ئەندام پەرلەمان و چەند بەرپرسێكی گەشتوگوزار ئامادەبوون، هەروەها لە كتێبی(گەشتوگوزار نەوتی ئایندەی كوردستان) و لە گۆڤاری دنیای گەشتوگوزار بە شێوەی جیاواز خستومەتەڕوو. لەبەر گرنگی بابەتەكە بۆ پێشخستنی گەشتوگوزار ئەم جارەش دەڵێم: پێویستە یاسا و رێنمای تایبەت بۆ گشت بوار و لایەن و بنەما و خاوەن شوێنە گەشتیارییەكان دەربچێت و ماف و ئەركی هەموو لایەك بەروونی دیار بێت، واتە گەشتوگوزاری كوردستان بە یاسا رێكبخرێت. بۆ ئەمەش پێویستە پرۆژەیاسەكە لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادە بكرێ و بدرێتە پەرلەمان….. تا ئێرە ئەم نووسینە لە ساڵی 2010 نووسراوە بەكەمێك دەستكاریەوە دامناوەتەوە. ئێستا 2019 كە ئەم نووسینە دووبارە نوێ دەكەمەوە كە خۆم بەرپرسی راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزارم بە پێی زانیاریەكانم رەشنووسی پرۆژە یاسای پەرەپێدانی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە بۆ ئەوەی بخرێتە ناو كاری پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ بكرێ بەڵام هەست دەكەم ئەم جارەش وەك چەند ساڵی رابردوو كەمتەرخەمی هەیە و ناخرێتە ناو ئەو پڕۆژانەی ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێن. بۆیە لە رێگەی ئەم نووسینەم داوا لە كابینەی نۆیەمی حكومەت دەكەم كە پەلە بكەن لە رەوانەكردنی یاساكە بۆ پەرلەمان چونكە هیچ خەرجیەكی ناوێت بەڵام هەرێمی كوردستان دەتوانێ لە 80%ی كێشەكانی گەشتیاری چارەسەر بكات و بۆ چەند ساڵی ئایندە لە رووی گەشتیاری هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو.









