مەلا عەبدوڵڵا شێركاوەیی❊
ئەمساڵ بە شێوازێكی جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ساڵیادی دامەزراندنی خۆی بەڕێ كرد، یەكەم جارە ئەم یادە لە شارۆچكەی گەڵاڵەی پایتەختی سەردەمی شۆڕش و بەرخودان و كوردایەتی كرایەوە، كە یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، بە راسپاردە و سەرپەرشتی راستەوخۆی مەرحوم مەلامستەفای بارزانی و ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە زانایانی كوردستان لێی دامەزرا.
دامەزراندنی ئەم یەكێتییە لەسەر دەستی سەركردەیەكی نەتەوەیی وەك جەنابی مەلامستەفای بارزانی ئاماژەی گرنگی ئەو یەكێتییە و رێز و پێگەی زانایان بووە لەلایەك و زەرورەتی یەكهەڵوێستی و پێكەوەبوونی زانایانی ئایینی بووە لەلایەكی ترەوە.
ئەو یەكێتییە كە دامەزرا كۆمەڵێك فاكتەر و ئامانجی لە خۆ گرتبوو، كە دەكرێ بڵێین كۆی ئامانجەكان هەڵقوڵاوی ژیرمەندی و رۆئیابینی زانایانی ئەوسا و تێڕوانینی ئیسلام بووە، بە ئاراستەی خزمەتێكی جوانتری هەردوو پرسی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان.
ئەو ئامانجانە بوونە ستراتیژ و بناغەی كاركردنی ئەو رێكخراوە و بەدرێژایی تەمەنی وێڕای لەمپەر و هەڵكشان و داكشانەكانی زەمەن، توانی لەسەر پێ بوەستێ و بە هەوڵ و هیممەتی مامۆستایان ببێتە چەترێكی كۆكەرەوە و ئاوێنەی هەڵوێست و دیدگا و هەنگاوەكانی زانایانی كوردە.
وێڕای ئەمانەش یەكێتیی زانایان هەڵگری پەیامی ئاشتی و یەكریزی و پێكەوەژیان و ئاوێتەكردنی رۆحی ئاینداری و ئیسلامپەروەری بووە، كە دواجار وەك پاڵپشتێكی مەعنەوی و مەیدانی، بۆ هەستی كوردایەتی و پارێزگاریی نیشتمان، بۆتە هێز و وزەی هەڵسانەوە و بەرەوپێشچوونی زەمینەی هەنگاوە دروست و بەرژەوەندئامێزەكانی گەلی كوردی موسڵمان.
لەهەمان كاتدا بە رۆحی بەرهەڵستكاری و بەرەنگاری بەرامبەر كۆی ستەم و نادادی و كردە ناڕەواكانی دوژمنان بەتایبەت لەسەردەمی رژێمی بەعس وەستاوەتەوە و دلێرانە هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە، ئەمەش وای كرد ژمارەیەكی زۆر لە زانایان رێی خەبات و هەڵگرتنی چەكی شەڕەف و رێبازی كوردایەتی و رۆحی بەرگریی لە ئیسلام و نەتەوە و نیشتمان هەڵبژێرن و لەو رێیەشەوە بەشێكیان ئاوارە و ئەنفال و شەهید بوون و سەربەرزانە لەپێناو دۆزی رەوای گەلەكەیان سەریان نایەوە.
یەكێتیی زانایان پەیامێكی دروستی ئایینی و میانڕەوی دوور لە هەر گرژی و دەمارگیری و توندڕەوییەكەوە گەیاندووە و لە چارەسەری گرفت و ئاریشە كۆمەڵایەتی و هزرییەكاندا بەگیانی بەرپرسیارێتی و خەمخۆرییەوە خزمەتیان كردووە.
سەرۆك مەسعود بارزانی لەمیانی وتارەكەیدا لە بارەگای مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان لەبەرواری
22/9//2019 كە بە مەبەستی پیرۆزبایی 49هەمین ساڵەی دامەرزاندنی یەكێتی زانایان تەشریفی هێنا بوو، ئاماژەیە بۆ بایەخی بەرێزیان بە زانایان و خودی ئەو رێكخراوە لەلایەك و لە لایەكی دیكەوە زیندوو كردنەوەی هەمان هەڵوێست و رۆحی گرنگیدان و رێزگرتنی مەرحومی مەلامستەفا بارزانی لە مامۆستایانی بەرێزی ئایینی لەرابردوو.
ئەو سەردانەی بەڕێزیان بەلای زانایان هەنگاوێكی دڵخۆشكەر و ئومێدبەخش بوو، مایەی روحێكی تازەتری كردەوە بەر خودی ئەو رێكخراوەیە، بەتایبەت لە ئەجێندای كار و بەرنامەی خۆی، كە بتوانێ رۆڵی زیاتر ببینێ لە سەر هەردوو ئاستی ئایینداری و نەتەوەپەروەری لە ئایندەی گەلەكەمان.
سەرۆك بارزانی لەپەیامەكەی بە شێوەیەكی گشتی تیشكی خستە سەر چەند تەوەرێكی گرنگ و پەیوەست بە دۆخی ئێستای كوردستان و زەمینەی هەنگاوەكانی ئایندە، لەوانە:
یەكەم: بەرز نرخاندنی رۆڵی زانایان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و گەیاندنی ئامۆژگاریی جوان و هاندانی خەڵك بۆ پاڵپشتی پێشمەرگە و پەروەردەكردنیان بە هەستی كوردایەتی.
دووەم: راستكردنەوەی ئەو بەلاڕێدانەی لەناو كۆمەڵگەی ئێمە دروست بووە، لە ئەنجامی بیری توندڕەوی و نامۆ بە فەرهەنگی نەتەوەكەمان.
سێیەم: جەختكردنەوە لەوەی ئیسلام ئایینی تەساموح و لێبوردەیی و پێكەوەژیان و موحیبەت و برایەتییە و قبووڵكردنی یەكترە، نەك ئەوانەی بەناوی ئیسلامەوە گەورەترین خیانەتیان لە ئیسلام كرد و بە كردەوەی نەشیاویان هەزارەها تاوانیان ئەنجام دا، كە لەگەڵ كرۆكی ئیسلام یەك ناگرێتەوە.
چوارەم: پێكەوە گرێدانی هەستی ئیسلامپەروەری و نیشتمانپەروەری، بەوەی ئیسلام و نیشتمان لێك جیا ناكرێنەوە، بەڵكو ئەوەی دیندار بێت نیشتمانی خۆش دەوێ، ئەوەشی نیشتمانی خۆش بوێ دیندار دەبێ.
كۆی ئەو پەیڤ و پەیامانە دەكرێ بكرێنە ستراتیژی بنەڕەتی تەواوی هەنگاوە ئیداری و سیاسی و پیشەییەكان لە كوردستاندا، چونكە هەموومان بەتاسەوە تامەزرۆی زەمینەیەكی ساغ و دروستی لەو چەشنەین، لەهەمان كاتدا ئەگەر لە بیركردنەوە و دەنگ و رەنگیشەوە جیاواز بین ناكرێ جیاوازییەكان لە پێشكەوتن و پرسە چارەنووسسازەكانی نەتەوەیی ساردمان بكەنەوە، بەڵكو دەبێ خاڵە هاوبەشەكان بخەینە پێشەوە و بە یەكهەڵوێستی و هەستی كوردایەتی كار بكەین و ئیرادە و خۆراگریمان بەهێزتر بكەین و نێو ماڵی كورد زیاتر و باشتر یەكخەین.
❊ بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان.









