خهبات: رەمزی میرەكانی:-
ماتیاس دی لیخت، بەرگریكاری هۆڵەندی یانەی یۆڤانتسی ئیتاڵی، دڵخۆشی خۆی بە هاتنی ناوی لە پێكهاتەی نموونەیی فیفا بۆ ساڵی 2019 دەربڕی، كە هەفتەی رابردوو لە شاری میلانۆ، لە ئاهەنگی یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی فیفا راگەیاندرا. دوای تەواوبوونی ئاهەنگەكە دی لیخت، لێدوانی بۆ رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرت دا و وتی:” چەندین گۆڕانكاریم بەسەردا هاتووە، بەڵام شتەكان بە باشی گوزەر دەكەن، من بەڕاستی دڵخۆشم”.
هەروەها وتی:”وا خۆم فێری زمانی ئیتاڵی دەكەم، من دڵخۆشم بەوەی لێرەم، شتێكی خۆشە بە دەنگدانی یاریزانانی دیكە، ئەو خەڵاتە وەردەگرم، ئەوەش رێزلێنانێكی گەورەیە بۆ من”. ئەمەو دی لیخت، ناوی لە پێكهاتەی نموونەی فیفا هات، كە بەم شێوەی لای خوارەوە بوو: ئەلیسۆن بیكەر، سێرجیۆ رامۆس، ماتیاس دی لیخت، ڤیرجیل ڤان دایك، مارسیلۆ، لۆكا مۆدریچ، فرانكی دی یۆنگ، ئیدین هازارد، كلیان ئمباپێ، لیونێل مێسی، كریستیانۆ رۆناڵدۆ. شیاوی باسكردنە، دی لیخت، لە وەزری گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا، بەبڕی 85 ملیۆن یۆرۆ، لە یانەی ئەیاكس ئەمستردامی هۆڵەندییەوە رووی كردە ریزەكانی خانمە پیرەكەی ئیتاڵیا.









