لەم رۆژانەدا كتێبی “كەوتن لە بەهەشتی ئەوروپا” كە لێكۆڵینەوەیەكی مەیدانی رۆژنامەوانییە لەگەل پەنابەرانی كورد لە وڵاتانی ئەوروپا ئەنجام دراوە كە دووچاری كێشە و گرفت و ئاریشەی جۆر بە جۆر بونەتەوە، بە چاپ گەیاندرا.ئەم كتێبە لە لایەن هاوكاری پێشوومان، رۆژنامەنووس فریاد محەمەد كە نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە ئامادە كراوە، دەزگەی رۆژنامەوانی وشە ئەركی بە چاپ گەیاندنی لە ئەستۆ گرتووە.لەم بارەیەوە نووسەری كتێبەكە فریاد محەمەد لە لێدوانێك دابەخەباتی وتی، ئەم كتێبە بەرگی یەكەمە و لە 128 لاپەرە پێكهاتووە، لێكۆڵینەوەیەكی مەیدانی رۆژنامەوانییە لەگەل پەنابەرانی كورد لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەوانەی لە رێگەی چوون بۆ ئەوروپا، یانیش لە كاتی مانەوە لەو وڵاتانە رووبەرووی كێشە و ئاریش و شكست هاتوون، بەشێكیان كەس و كاریان لە دەستداوە، لە دەمی خۆیانەوە چیرۆكەكانیان دەگێردرێنەوە و دیمانەیان لەگەل ئەنجام دراوە.
لە بارەی گرنگی نووسینی ئەو كتێبەش بۆ خوێنەر، نووسەر وتی: گرنگی ئەم بەرهەمە لەوە دایە بۆ تێگەیشتن لە خەونی گەیشتن بە ئەوروپا كاتێك تاكی كورد بڕیار دەدات بۆ هەتا هەتاییە نیشتمان بە جێبهێلێ و كۆچی یەكجارەكی بەرەو غوربەت بكات، بێ ئەوەی لە ساتی كۆچ لە سەلامەتی گیانی خۆی و ماڵباتەكەی دڵنیا بێت، هەروەها نەكەونە ناو داوی دڕۆی و فێڵی قاچاخچی، هەروەها بێ ئەوەی لە ئاینیدەی ژیانی خۆی و منداڵەكانیشی دڵنیا بێت، كۆچ دەكات. بۆیە لە رێگەی گەیشتن و هەندێكجار لە ساتی مانەوە و ژیان لە یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا دووچاری دەیان كێشە و گرفت دەبن بە جۆرێك چیرۆكی هەر یەكێك لەو پەنابەرانە خۆی لە خۆی دا تراژیدیایەكە.
ئاماژەشی پێ دا، بۆیە تاكی كورد لەو مەترسیانە لە كاتی كۆچ رووبەروویان دەبێتەوە بەر لە كۆچ كردن گرنگە پێی بزانن، هەموو ئەو مەترسیانە لە زاری ئەوانە دەگێردرێنەوە كە لە رێگەی خەونی گەیشتن بە بەهەشتی ئەوروپا رووبەروویان بونەتەوە.









