خهبات: توانا زرار:-
رێكخراوی چەپك بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، لە شاری ئارنهێمی وڵاتی هۆڵندا سیمینارێكی لە ژێر ناونیشانی ئاستەنگەكانی بەردەم میدیای كوردی بۆ نوسەر و رۆژنامەنوس دلێر عەبدولخالق بەڕێوەبرد.
لەسەرەتادا، شاخەوان ئەكرەم دوكانی، سەرۆكی رێكخراوی چەپك ئامانجی چالاكیەكانی رێكخراوەكەی بۆ ئامادەبووان روونكردەوە و رایگەیاند: بۆ رەوەندی كوردی لە ئەوروپا و هۆڵندا چالاكی سیاسیی و كۆڕ و كۆبونەوە و سیمینارەكان فاكتەری پێكەوەیی و بەیەكگەیشتنی كوردانی دانیشتوی ئەوروپا هاوكاتیش بانگهێشتكردنی رۆژنامەنوسان و چالاكانی هەرێمی كوردستان دەبێتە سەكۆی ئاگاداربوون لە رەوشی سیاسیی و رۆژنامەوانی هەرێم و دانەبڕانی كوردانی تاراوگە لە واقعی ژیانی كوردستان.
دواتر و دوای بەخێرهاتنی نوسەر و رۆژنامەنوس دلێر عەبدولخالق بۆ ئەوروپا، ناوبراو سیمینارێكی چڕو پڕی لەسەر رەوشی میدیایی كوردی و ئاستەنگەكانی بەردەم رۆژنامەنوسان و كاریگەری واقعی سیاسیی و یاسایی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لەسەر میدیا پێشكەش كرد.دلێر عەبدولخالق ئاستەنگەكانی بەردەم میدیای كوردی بۆ لەمپەڕە سیاسیی و یاسایی و پیشەیی و ئابوری و كۆمەڵایەتی دابەشكرد و لەسەر هەر ئاستەنگێك بە ژمارە و داتا و كەیس بەرچاو ڕوونی بۆ ئامادەبووانی سیمینارەكە خستەڕوو. هاوكاتیش تیشكی خستەسەر ئاڵنگاریەكانی رۆژنامەوانی كوردی و بوونی میدیای سێبەر و ئەو كەناڵەنەی هی كەس و شەخسن و سەرگەرمی بە شەخسەنەكردنی پەیامی میدیاین وەك مەترسی جدی ئەم قۆناغەی هێنایە زمان.ناوبراو باسی لەو پێشێلكاریانەش كرد كە لە ماوەی رابردوودا بەرامبەر رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستات كراون و بەشێك لەو كەیسە قانونیانەشی روونكردەوە كە تێیدا مافی رۆژنامەنوسان بەرامبەر سیاسیەكان و دەسەڵاتداران پێشێلكراوە. رەخنە لەوەشگیرا یاساكانی رۆژنامەنوسی جێبەجی ناكرێن و زۆرجار رۆژنامەنوسان بە گوێرەی یاسای سزادانی عێراق ژمارە111ی ساڵی 1969 سزا دەدرێن.
دواتریش ئامادەبووان بەشداریەكی كارایان لەو پرسەدا كرد و چەندین پرسیار و سەرنج و تێبینیان پێشكەش بە سیمینارەكە كرد. كە زۆرینەیان ئاماژەیان بە رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئازادی رۆژنامەوانی و دەستبەركردنی مافی زانین بۆ هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسانی هەرێم دەكرد. لە كۆتایدا، چەپكەگوڵی رێزلێنان و میدالی رێزلێنانی رۆژنامەنوسی لەلایەن رێكخراوی چەپكەوە پێشكەش بە دلێر عەبدولخالق كرا.









