سلێمان عەبدوڵڵا ساڵح ناسراو بە سلێمانی عەبەكە هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری سلێمانییە و ماوەی زیاتر لە 70 ساڵە كاری ئەو پاسكیل چێتییە و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر كڕیار سەردانی دەكەن بۆ كڕینی پاسكیل.پاسكیل حەز و خولیای منداڵی بووە و زۆربەی ژیانی ئەم پیاوە لەگەڵ پاسكیلدا بووە، ئەو لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “لە تەمەنی چوار ساڵییەوە لەگەڵ براكەم دەستم بە كاری فرۆشتنی پاسكیل كردووە، سەرەتا لە ساڵی 1953 دوكانێكمان دانا و بوین بە بریكاری كۆمپانیای رۆیجی بەریتانی و بە كەناڵی سوێسدا پاسكیلمان لە بەریتانیاوە دەهێنایە عێراق و شاری سلێمانی و لە رێگەی بانكی رافیدەینیشەوە پارەكەمان رادەستی كۆمپانیاكە دەكرد”.
ئەو گوتی: “پاسكیل لە منداڵییەوە حەزو خولیای تایبەتی خۆم بووە و دوای تەواوكردنی پۆلی سێ لە قوتابخانەدا دەستم لە خوێندن هەڵگرت و خۆم بۆ ئیشەكەم یەكلاییكردەوە، ئێستاش منداڵەكانم هەمان كار دەكەن و سەرقاڵی كاری پاسكیلچێتین”.سلێمانی عەبەكە لەبارەی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی پاسكیل لە سلێمانی قسەی كرد و گوتی: “ئێستا پاسكیل لە چینەوە دەهێنین، وەرزی پاسكیل زیاتر لە وەرزی هاوین و پشووی هاوینەی قوتابخانەدایە تا ئەو كاتەی پشوو كۆتایی دێت، رۆژانە ژمارەیەكی زۆر خەڵك سەردانمان دەكەن و پاسكیل دەكڕن بە تایبەت پاسكیلی منداڵان، بەپێچەوانەی جارانیشەوە كە عەیبە بوو، ئێستا پاسكیلی ئافرەتانیش كڕیاری هەیە و وەك كوڕان ئەوانیش پاسكیل دەكڕن”.ئەم پاسكیلچییە بە ئەزموونەی شاری سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بە هۆی ئەوەی شاری سلێمانی ناوچەیەكی شاخاوییە و بەرزی و نزمی زۆری تێدایە، بەراورد بە شارەكانی هەولێر و كەركووك كە زیاتر رووتەختن، هاووڵاتییان لەم شارە كەمتر پاسكیل بەكار دەهێنن لە ژیانی رۆژانەی خۆیاندا.









