كاروان محەمەد سینۆ
شۆڕشی ئەیلوول بەڕابەرایەتی بارزانی نەمر باوكی روحی خەڵكی كوردستان،قوتابخانەی خەبات و بەرخودانی تەواوی خەڵكی كوردستان بوو، ئیلهام بەخشی ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی كوردستان بوو. بارزانی نەمر و شۆڕشی مەزنی ئەیلوو لە درێژی خەبات و بەرخوداندا چەندین دەستكەوت و سەروەری بە بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان بە خشی. لەوانە ناساندنی كورد وەكو (شەریك) لە ولاتی عێراقدا (دەستوری كاتی عێراق 1958)هەروەها رێكەوتنی 11ی ئازاری 1970كە دیكۆمێنتێكی فەرمی عێراق بوو جەنابی مەلامستەفا بارزانی بەخەبات و قورانیدان لە شوڕشی ئەیلوولدا بەسەر حكوومەتی عێراقدا چەسپان، بێجگە لە سەدان بڕیار و دەستكەوتی دیكە لە بورای یاسای چاكسازی كشتوكاڵ (الاصلاح الزراعی) و بواری پەروەردە و زانست و پیشەسازی و رۆشنبیری و تەندروستی و تەواوی بورەكانی ژیانی خەڵكی كوردستان.
ڕاگەیاندی شۆڕشكێرانە و گەیاندنی دەنگی خەبات و ناساندنی بەرخودانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بە وڵاتانی ئەقلیمی و تەوای جیهان، پێویستییەكی دیكەبوو كە جەنابی مەلامستەفا بارزانی بە گرنگ و پێویستی زانی. بۆیە لەسەر راسپاردەی جەنابی مستەفا بارزانی لە 27ـی ئەیلوولی 1963ئێزگەی دەنگی كوردستان دامەزرا. لەو سەردەمەدا ئێزگەی دەنگی كوردستان بووە سەرچاوە و مینبەری راستەقینەی دەنگی خەڵكی كوردستان و شۆڕشی ئەیلوول و پێشمەرگە قارەمانەكانی لە دەڤەرەكە و سەرانسەری جیهاندا. بەم شێوەیە دەنگ و هەواڵ و چالاكییەكانی شۆڕشی ئەیلوو و پێشمەرگە گیان لەسەردەستەكانی سنووری عێراقی بڕی رووەو جیهانی دەرەوە.
بێشك، كارایی و ئیدارەدانی ئێزگەی دەنگی كوردستانی عێراق لەوسەردەمەدا، هەروا كارێكی ئاسان و ئاسایی نەبووە، بەڵكو ئێزگەی دەنگی كوردستانی عێراق لە نێو ئەشكەوت و ژێر بەردو دارەكانی كوردستان درێژەی بە خەباتی خۆیداوە، بۆ دەستكەوتن هەواڵ و ڕاپوڕتی داستانەكانی خەبات و بەرخودانی پێشمەركە كارمەندان رەنج و خەباتێكی زۆریان كێشاوە.
ڕادیۆی دەنگی كوردستانی عێراق كاریگەری ئەرێنی زۆری لە سەر مۆڕال و دەروونی پێشمەرگە و تەواوی خەڵكی كوردستان هەبوو، بەپێچەوانەشەوە، ئەم ئێزگە شۆڕشگێڕە ترس و دڵەراوكێ و داڕمانی خسبتووە ناخ و دەروونی دوژمن و داگیركەرانی كوردستان، هەر بۆیە لەهەر هەولێكی دانوستان لەگەڵ رژێمە یەك لەدواییەكانی حكوومەتی عێراق، مەرجیە یەكەمی داگیركەرانی كوردستان ئەوەبوو كە دەبێ ئێزگەی دەنگی كوردستان دابخرێ.
بۆیە ئەمڕۆ لە 56ساڵیادی دامەزراندی ئێزگەی دەنگی كوردستان، بەناوی رۆژنامەی خەبات و خۆم و تەواوی كارمەندانی ڕۆژنامەكەمان،پیرۆزبایی و سڵاو رێزمان بۆ هەموو ئەو كادیر و كارمەندانە هەیە كە خەباتیان كردووە لە ئێزگەی دەنگی كوردستاندا و هەروەها ئەوانەی كە ئەمڕۆش درێژە بەخەباتی پارتایەتی خۆیان دەدەن لەم ئێزگە تێكۆشەرە سەربەرزەدا.
سەری رێز و نوازش بۆ هەموو ئەو خەباتگێرانە دەنوێنین كە هەرلەسەرەتاوە لەم ئێزگە شۆڕش گێرەدا كاریان كردووە، سەری رێز و نوازش دەنوێنین بۆ شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و رێبازی بارزانی، لە سەروویانەوە بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەر لەیاد.









