خەبات: سەفەر یوسف میرخان ژاژوكی:-
ئەمڕۆ باس لە یەكێك لەو پیلانە كوشندانە دەكەین كە 48 ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعس بە نەخشەیەكی داڕژراوی نامرۆڤانە هەوڵی تیرۆركردنی بارزانیی نەمر ڕابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانی دا، دوژمن باش دەیزانی كە گەلی كورد دەستبەرداری مافەكانی نابێت و لەو پێناوەدا بەردەوام خەبات دەكات و بەرچی دوژمنانی دەداتەوە، ، هەربۆیەشە هەموو گەلی كوردستان بەبێ جیاوازی بارزانیی نەمریان بە رابەری خۆیان دەزانی و هەمووان لە سۆنگەی بیرو خەبات و سەركردایەتی ئەوەوە دەیانڕوانیە خۆیان و وڵات و دۆزو ئایندەی شۆرش و نیشتیمانەكەیان و بەو پەڕی متمانەو ئومێدەوە لەگەڵ بارزانی و شۆڕش و رێبازەكەیدا بوون، بێگومان ئەم رۆڵ و پێگە گرنگەی ئەم رابەرە چ لەسەر ئاستی نەتەوەیی و میللی و چ لەسەر ئاستی خەباتگێڕی و سیاسیەوە وایكردبوو كە لە پیلان و پەلامارەكانی دوژمنان و داگیركەران خودی بارزانی نەمرو بنەماڵە تێكۆشەرەكەی ئەولەویاتی تایبەتی هەبێت، چونكە نەمان یان لاوازی و پاشەكشەی كاروانی خەبات و شۆرشی كوردستانیان لە نەمان و و لاوازی ئەو سەركردە بەهێزەو كزبوونی رۆڵی بنەماڵەكەیان دەزانی، هەر وەك لە لاپەڕەكانی مێژوودا دەیان پیلان و فشارو سیاسەتی توندو راستەوخۆ دژ بەو رابەرەو خانەوادە نەبەزەكەی تۆماربوونەئەمە لە كاتێكدابوو كە بە پێی ڕێككەوتنی 11ی ئادار 1970 دانوستان و كەشی ئاشتی هاتبووە پێئەوە بوو لە 29/9/1971 لە حاجی ئۆمەران سەر بە دەڤەری بالاكایەتی، پیلانی بەعسی لەڕێی چەند كەسێكەوە كە مەلا و زانای ئاینی عەرەب بوون جێبەجێ كرا، دوژمن لەو پیلانەشدا سەركەوتوو نەبوو، تەنیا رووڕەشی و شەرمەزاری بۆ مایەوە. بۆیە رووداوی پیلانەكە بۆ خوێنەرانی خەبات دەخەینە ڕوو.
❊ لە بارەی پیلانەكەی 29ی ئەیلوولی 1971 سەرۆك مسعود بارزانی لە كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازای كورد شۆڕشی ئەیلوول 1961-1975 نووسیویەتی:
بەیناو بەین لە رێگەی دەزگای پاراستن(ئیستیخبارات) شۆڕشەوە دەنگوباسێكمان لەبارەی ئەوەوە پێ گەیشت كە حكوومەت بەمەبەستی لە ناو بردنی ژیانی بارزانی خۆی، ڕێگەی پیلاننانەوەی گرتووەتەبەر، یەكێك لەو پیلانە ئەوە بوو چەند پاسێكی گەوەر كە پڕ بن لە هێزی كۆماندۆس(مەغاویر) و جل وبەرگی ئافرەتیان لەبەردا بێت، ببانبەن بۆ كانێی شێخی باڵەك لە حاجی ئۆمەران و لەوێ خۆیان بشارنەوە و پاشان دەست بكەن بە هێرش بردن. پاش لێكۆڵینەوەیەكی ورد ئەم خەیاڵەیان لە مێشكی خۆیان دەركرد چونكە دەرفەتی سەركەوتنی زۆر كەم بوو. بیریان لەوەش كردەوە كە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕیژبنێرن ڕێ بارزانی بگرێ ئەنجا بەدەزگای كۆنترۆڵ بتەقێنرێنەوە بەڕوویدا، بەڵام ئێمە لە كاتی خۆیدا لەمە ئاگادار بووین و چی پێویست بوو بۆ دابینكردنی سەرنەكەوتنی ئەم پیلانەش كردەمان تا ئەگەر هاتوو جێبەجێیان كرد هیچ ئامانجێك نەگەێنی. من و ئیدریس هەوڵمان دا باوكم ڕازی بكەین هەندێ كاری ئاسایشیی بۆبكەین لەبارەی چۆنیەتیی پێشوازیكردن لە میوانەكانی، بەڵام ئەو ڕێی نەدا كەس لەوانە بپشكێنرێت كە دێن بۆ لای نەخوازە ئەگەر لە پیاوانی ئاینی بن.
❊ لەبارەی پێش پیلانی 29ی ئەیلوولی 1971 جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەنووسی: لە ڕۆژی 15ی ئەیلوولی ساڵی 1971 دا دوو مەلاهاتن بۆ بارەگای بارزانی عەبدولجەبار تەعزەمیی سوننی مەزهەب و عەبدولحوسێن دەخیلیی شیعە مەزەب بوون، هاتبوون سەر لە بارزانی بدەن، ئەویش بە گەرمی پێشوازی و بەخێرهاتنی كردن. ئەمانە بە قسەی خۆیان بە هۆی بەدبوونی بارودۆخی نێوان شۆڕش و ڕێژیمەوە هاتوون و باسی كاریگەریی ئەو بكەین واتە (بارزانی ئاگەدار بكەن) كەوا دەست دەدەنە هەڵمەتێك لە نێوان زانایانی ئاین و خەڵك بۆ ئەوەی هەولێك بدەن بۆ گرتنی ئەو كەلێنانە و دەیانەوێ ڕای بارزانی لەم ڕووەوە بزانن و ئاخۆ ئەم نیازەی ئەوان چۆنە لای؟ بارزانی نیازەكەیانی پەسند كرد كە بیریان لێ كردەبووەوە و، دڵگەرمیی خۆی بۆ پێشان دان و هانی دان جێبەجێی بكەن، توومەز ئەو شۆفێرەی ئۆتۆمبێلەكەیانی لێ دەخوڕی یەكێك بوو لە كاربەدەستانی دەزگای موخابەرات. بەپێی ئەو فێركردنەی لە موخابەراتەوە فێریان كرد بوو هاتنەكەی خۆی بەهەل زانی هەندێ شتی كرد بۆ شارەزا بوون لە ناوەچەكە و توانیی بزانن بارزانی لە كۆی دادەنیشێ و مرۆڤ لە كوێوە دەگاتە ئەو شوێنە و لە كوێوە لێی دەردەچێ.
❊ جەنابی سەرۆك (مسعود بارزانی) لە كتێبەكەیدا لەبارەی رووداوی پلانی 1971 كە بەخۆی یەكێك لە شاهیدحاڵەكان بووە نووسیویەتی:
رۆژی 29ی ئەیلوولی 1971 ئیدریس لە ماڵ نەبوو، چوو بۆ سەردانی بارەگاكانی پێشمەرگە لە زۆزك و گەریەبێش و حەسەن بەگ،ساعەت چوارو پەنجا و پێنج خولەك دەنگی تەقینەوەیەكی گەورەم گوێ لێ بوو، وام زانی دەنگی تەقینەوەی مینی دینامێتە لەو جۆرەی بۆ شكاندنی بەردی چیایەكان بە كار دەهێنرێت، بەڵام ڕاستەوخۆ دەنگی گوللە تەقینەوەیەكی زۆریشی بەدوادا هات.ڕاست و ڕەوان ڕام كرد بەرەو ماڵی باوكم، وام دەزانی باوكم لەوێیە، بەڵام لەوێ نەمدی. تفەنگەكەم هەڵگرت و بەهەڵەداوان ڕام كرد بۆ ئەو شوێنەی پێشوازیی میوانی لێ دەكات. لە نیهادم پرسی: باوكم لە كوێیە؟ وتی: كوژرا. كەوتمە زەوی.هێزم لێ بڕا، بەڵام پاش تۆزێك زۆرم لە خۆم كرد و هەستامەوە و ڕووم كردە شوێنی تەقەكە. لە ڕێدا تووشی پێشمەرگە ڕەسووڵ خدر بووم كە یەكێك لە پاسەوانەكانی باوكم. لەبارەی باوكمەوە پرسیارم لێ كرد، وتی: سەلامەتە، دڵت خەتەرە نەكا، بەڵام پرژی یەكێك لە نارنجۆكە فڕێدراوەكانی بەركەوتووە و برینداری كردووە. پاشان بۆ دەركەوت كەوا بارزانی پێش ئەو كاتەی خۆی دیاریی كردبوو بۆ دیتنی مێوانەكان، ڕاستەوخۆ پاش نوێژی عەسر، چوو بۆ لایان. چوو بووە ژوورەوە و بەخێرهاتنی لێ كردبوون و دانیشتبوو. لەوكاتە پێش خزمەتەكە كە ناوی شەریفی كوڕی شەریف بوو هاتبووە ژوورەوە و چای هێنا بوو بەسەر مێوانەكانیدا دەگێڕا. لە نێوان باوكم و بۆمباكەدا وەستا بوو كە ناو جلەكانی ئیبراهیم خوزاعیدا بوو كە یەكێك بوو لە مەلاكان. بەوجۆرە چایچییەكە بوو بەدیوارێك كە بۆمباكە لەناو جلەكانی ئیبراهیم خوزاعیدا تەقیەوە باوكمی لێ پاراست و خۆی پێوە بوو. بەم جۆرە بارزانی بەپەرجوو(موعجیزە) یەك بە سەلامەمەتی لەو پیلانە ڕزگاری بوو.
ساعەت پێنج و بیست و پێنج خولەك بە كوژرانی پیلانگێڕەكان هەموو شتێك بڕایەوە. پاش ئەوەی خەڵكەكە هەموو بڵاوەیان لێ كرد ئۆتۆمبێلە تۆیۆتا كات بۆ دانراوەكەش تەقییەوە و پرزۆڵەكانی بەتەختانەكەدا بڵاوبوونەوە. نازانم ئەگەر وا درەنگ نەتەقییابەتەوە چی بەسەر خەڵكەكە دەهات؟ نۆكەس لە مەلاكان لەگەڵ دوو شۆفێرەكەدا كوژران ئەمەش ناوەكانیانە:(عەبدولجەبار ئەعزەمی، عەبدولوەهاب ئەعزەمی، عەبدولحوسێن دەخیلی، باقر موزەفەر، ئیبراهیم خوزاعی( ئەوەی تۆماركەرە بۆمپاڕێژكراوەكەی هەڵگرتبوو) ، غازی دلێمی، ئەحمەد عەبدوڵڵا یاسین هیتی، نووری حوسێنی، ئەحمەد محەمەد قاسم و، هەردوو شۆفێرەكە،عەبدوڕەحمان سلێمان كوحی كە لە بنەماڵەیەك بوو ئەوانەی سەربە ئەو بنەماڵەیە بوون هەموو فێری ناپاكی و غەدر بوون و، محەمەد كامیل ئیسماعیل(. دوو پێشمەرگەش كە سەلیم زوبێر بارزانی و شەریف نزاری بوون، شەهید بوون، چواردە كەس تریش برینداربوون. ساعەت شەشی عەسر ئیدریس گەڕایەوە. بەرلەوەی بگاتە جێ نێردراوێكم نارد بۆ لای لە دەربەند پێشوازیی لێ بكا و، لەوەی كە ڕووی دا و لە سەلامەتی باوكم ئاگەداری بكا. هەروا پیلانەكە لە ناو هاوڵاتیاندا بڵاوبووەوە و خەڵك ڕوویان كردە حاجی ئۆمەران. بەهیچ ڕازی نەدەبوون، دەبوو بارزانییان بە چاوی خۆیان بدیایە. هەموو سوپاسی خوایان دەكرد كە وا بارزانی لە سایەی خواوە سەلامەت بوو. بۆ شەوەكە برووسكەیەكمان بۆ هەموو لق و بارەگان وبنكەكانی پێشمەرگە لێ دا، ڕامانسپاردن كە خۆیان بگرن و كارێكی وا نەكەن كەسی پێ تووڕە ببێ. بروسكەیەكمان لە وڵاتی عێراقی حزبی بەعسەوە بۆ هات بۆ پیرۆزبایی بەڕزگاربوونی بارزانی و، ئامادەییی تەواوی سەركردایەتییانی دەردەبڕی بۆ هاوكاری لە گەڵماندا بۆ هەوڵدان لە پیناو پەردە هەڵدانەوە لە ڕووی سازكەرانی ئەو پیلانە و ئەوانەی تیایدا بەشداربوون. ئێمەش وەڵاممان دانەوە كەوا ئەوانەی پیلانەكەیان جێبەجێ كرد لە بەغدا هاتبوون. پاشان سەركۆمار، دوكتۆر عەبدوسەتار جەواری كە یەكێك بوو لە وەزیرەكان بە نوێنەرایەتی خۆی نارد بۆ پیرۆزبایی و، دەربڕینی پێ ناخۆشبوونی خۆی لە ڕووداوە و جەختكردن لەسەر ئەوەی كە بەهیچ جۆرێ ئاگای لێ نەبووە. لێژنەیەكی تێكەڵیش لە هەردوو لا پێك هات بۆ كۆڵینەوە لە ڕووداوەكە كەلەم كەسانە پێك هاتبوو:حامید عامی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ و، حازم قازی بەرێوەبەری ئاسایشی هەولێر و، مقەدەم ڕوكن عەلا جەنابی لە لایەن ئیستخباراتی عەسكەرییەوە، عەلی عەبدوڵڵا و شێخ ڕەزا گوڵانیی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و ئیحسان شیرزاد و نافیز جەلال.لێكۆڵینەوەكە لەبەر هۆی سادە هیچ ئەنجامێكی بەدەستەوە نەدا كە هۆیەكەش ئەوە بوو بەگوێرەی ئەو زانیارییەكانی دەزگای هەواڵزانینی شۆڕش دەستیان خستبوون، ڕێژیم خۆی پیلانەكەی ساز كردەبوو.
پاش رووداوەكە سەركردایەتیی پارتی و شۆڕش كۆبوونەوە و هەندێكیان داوایان لە بارزانی كرد پەێوەندی لەگەڵ ڕێژیم بپچڕێنرێ و دەست بەشەڕ بكرێتەوە، لەمباریەوە سەرۆك (بارزانی) بەمشێویە نووسیویەتی:
لاشەی یەكێك لە دوو شۆفێرەكەمان نەدایەوە، بەڵام لاشەكانی ئەوانی ترمان دایەوە دەستی كەسوكاریان. دڵەكوتەیەكی سەخت كەوتە ناو دەزگاكانی حكوومەتەوە، چونكە وایان گومان دەبرد كەوا شۆفێرەكە زیندووەو ئێمە بەزیندوویی لای خۆمان گلمان داوەتەوە. بەرپرسانی حكوومەت بەجارێ شێت بوون، كەوتنە گرتنی هەركەسێ گومانی لێ بكەن كە شتێك لەبارەوی ئەو شۆفێرەوە دەزانن و زۆریان لێ سزادان و تەنانەت ژمارەیەكیشان لە ژێر سزادا شەهید بوون وەك مەجید حاجی قادر. لە لایەكی ترەوە بۆمان دەركەوت یەكێك لە شۆفێرەكان برای عەلی كووخی بوو و برایەكی تریشی هەیە كاتی خۆی مەحموود ئیزدیدیی لە پڕ كوشتبوو كە یەكێك بوو لە سەركردە قارەمانەكانی شۆڕش و، پاشان پەنای بردبووە بەر حكوومەت و رێكخراوی ناوخۆی پارتی لە مووسڵ كەوتە بەدواداچوونی و لێی نەگەڕان تا كوشتیان. سەركردایەتیی پارتی و شۆڕش كۆبوونەوە و هەندێكیان داوایان كرد كەوا پێوەندی لەگەڵ ڕێژیم بپچڕێنرێ و شەڕ دەست پێ بكرێتەوە، بەڵام بارزانی دژی ئەم بۆچوونە بوو و گوتی:(نەخیر، ئەگەر دەست بكەینەوە بە شەڕلە با لەپێناوی كەركووك و خانەقین و شنگاردا بێت نەك بە هۆی منەوە). پاشان وەزیرەكان گەڕانەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی دەست بكەنەوە بەكارەكانی خۆیان.
سەرچاوە كتێبی: (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد/ بەرگی سێیەم -بەشی دووەم/ شۆڕشی ئەیلوول) نوسینی: سەرۆك مسعود بارزانی.









