خهبات: مسلم دۆلەمەری – دهڤهری بارزان:-
بۆبەرەوپێشبردنی بواری پەروەردەیی وبەسیستەمكردنی كاروباری ئیداری ورای كردنی كاری رۆژانەی قوتابخانەكان بەشێوەیەكی ئەلكترۆنی پێشكەوتو بەبریارێكی وەزارەتی پەروەردە بۆئەم مەبەستە چەندین خولی تایبەت بۆ بەرێوەبەرویاریدەدەرانی قوتابخانەكان كرانەوە بۆئەوەی بتوانن لەمەو دووا بەم سیستەمە نوێیە كارەكانیان ئەنجام بدەن ، بەڵام بە وتەی زۆرێك لە بەرێوەبەرانی قوتابخانەكان لەزۆربەی قوتابخانەی ناوچە شاخاویەكاندا جێ بەجێكردنی ئەم سیستەمە ئەستەمە بۆیە ئێمەش راوبۆچونی ژمارەیەك لە بەرێوەبەرانی قوتابخانەكانی سنوری پەروەردەی مێرگەسورمان وەرگرت وئەوانیش بەم شێوەیە بۆ خەبات دووان.
سەرەتا مامۆستا عبدالستار بەرێوەبەری قوتابخانەی شانەدەر گوتی: ئەم سیستەمە تابلێی شتێكی باش وپێشكەوتوە چونكە ،دەبێتە هۆی ئاسانكاری لەكاری رۆژانەماندا وەهەروەهاسیستەمی مەركەزیە بۆپاراستن وهەلگرتنی زانیاری وەهەروەها فاكتەرێكە بۆ نەهێشتنی هەندێ رۆتیناتی ئیداری ، بەڵام وەك ئاشكرایە بۆ جێ بەجێكردنی ئەم سیستەمە پێویستیمان بە كارەباو هێلی ئەنتەرنێت هەیە ، بەڵام بەداخەوە كەئەمەش لەزۆربەی گوندەكانی ناوچە شاخاویەكان نیە نمونە سنوری پەروەردەی مێرگەسور جامن پێم وایە زۆر ئەستەمە ئەم سیستەمە سەركەوتوبێت لەم ناوچانە بۆیە پێویستە وەزارەتی پەروەردە سەرەتا بیرلەدابینكردنی كارەباو دانانی هێلی ئەنتەرنێت بكاتەوە بۆ گشت قوتابخانەكان وەهەروەها پێویستە هەرقوتابخانەیەك كارمەندێكی شارەزای ئەم بوارەی هەبێت بۆئەوەی كە بەشێوەیەكی باش وسەركەوتو ئەم سیستەمە جێ بەجێبكرێت.
وەهەروەها مامۆستا مێڤان بەرێوەبەری قوتابخانەی بلێ ی هاورێ گوتی: من پێم وایە ئەم سیستەمە سەركەوتو نابێت ، چونكە وردەكاری زۆری تێدایە كەرۆژانە پێویستی بە گۆرانكاری وكاركردن لەسەری دەوێت وەهەروەها زۆربەی وردەكاری وزانیاریەكانی نێو ئەم سیستەمە لە قوتابخانەكان نیە وەهەروەها نەبونی كارمەندی شارەزاو پسپۆریش لەقوتابخانەكان گرفتێكی ترە ئەمە لەلایەك لەلایەكی تر گرفتی هەرە گەورە كەرۆژانە پێویستە بۆ ئەم سیستەمە كارەباو هێلی ئەنتەرنێتە ئەویش لە زۆربەی قوتابخانەكانی سنورمان نیە جانازانم ئەم سیستەمە چۆن دەگونجێت لە گەڵ ئەم كەموكوریانە بۆیە من وام پێباشە وەزارەت لە جیاتی ئەم سیستە هەستێت بە زیاتر كاراكردنی بواری فێركردن لە قوتابخانەكان ئەویش بەكردنەوەی خولی تایبەت بۆمامۆستایان ورێكخستنەوەی میلاكات ودابینكردنی مامۆستایانی پسپۆربۆقوتابخانەكان بەرای من فێربون وبەرزبونەوەی ئاستی زانستی قوتابیان زۆرگرنگترەلە جۆرە سیستەمێكی لەم جۆرە لە ئێستادا.
وە هەروەها مامۆستا نافع بەرێوەبەری قوتابخانەی كانی زەركی كچان گوتی: من پێم وایە دەبێ پێش بریاردان لەسەر ئەم سیستەمە رەچاوی چەندین شتكرابا بەتایبەتی ناوچە شاخاویەكان یان دەبێت پێشتر لە سەنتەری شارەكان جێ بەجێكرابا دوواتر لە گوند نشینەكان ، چونكە لەزۆربەی گوندەكانی سنورمان نەكارەباو نەهێلە ئەنتەرنێت هەیە بەتایبەتی لەوەرزی قوتابخانەكان واتە بەیانیان هەركارەبای نیشتمانی لەم ناوچانە نیە هێلی ئەنتەرنێتیش بەهەمان شێوە جائەم سیستەمە چۆن چۆنی رای بكرێت وجێ بەجێبكرێت كەرۆژانەش پێویستە كاری لەسەر بكرێت بۆیە من دەلێم سەرناكەویت.
وە لەكۆتاییدا مامۆستا نیهاد بەرێوەبەری قوتابخانەی زریمۆكی كوران گوتی: بەراستی بەسیستەمكردنی قوتابخانەكان شتێكی زۆرپێویست وگرنگە ، بەلام پێم وایە هێشتان زووە ،چونكە پێویست بوو هەندێ شت ئامادەكاری بۆكرابا ئەوجا ئەم بریارە درابا وەدەبێت رەچاوی هەندێ شت بكرابایە وەكونمونە كە ناوچەی ئێمە ناوچەیەكی شاخاویە لەزۆربەی قوتابخانەكانی گوندەكانمان نە بەپێە پێویست كارەباهەیە نە خەتی ئەنتەرنێتیش هەیە ئەمە لەلایەك لەلایەكی تر بەپێی شارەزایانی بواری ئەلكترۆنی كەدەلێن زۆربەئاسانی دەكرێت دەستاری ئەم سیستەمە بكرێت كە ئەمەش كارەساتە بۆ سەر قوتابخانەكان وەهەروەها خال وداتای زۆری تێدایە بەتایبەتی هەندێ خال وداواكاری تێدایە كەلە هیچ قوتابخانەیەك بگرە لە پەروەردەكانی ئەستەمە هەبێت ، بۆیە پێویستە پێداچونەوەیەك لەم بابەتەبكرێتەوە ئینجا بریارێكی تری لەبارەیەوە بدرێت.









