حسن هاشم باڵەكی
قوتابی كە دەنێردرێتە قوتابخانە بۆمەبەستی فێربوون و خوێندنەوە و نوسین و وەرگرتنی زانست و زانیاری و بەدەستهێنانی پیشەیەكە لەو بوارەی كە دەیەوێ خزمەت بە وڵات و هاولاتیان و خودی ژیانی خۆشی بكات نەوەك دەربچێت بە زاكیرەیەكی خاڵی.
ئەوەی دەمەوێت بیخەمە بەر باس ئەوەیە كە چەند سالێكە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بریارێك دەرچووە كە قوتابی ئازادە لە هەرچەند بابەتی بكەوێت دەتوانێ سەرجەم تاقیكردنەوەكان دووبارە بكاتەوە، یاخود زۆرجار قوتابی هەبووە سەرجەم بابەتەكانی خستۆتە وەرزی دووەم ئەوكات وەڵامی دەداتەوە وەك ئارەزوویەك، بەڵام دەبێ بپڕسین ئایا بەم سیستەمە هەیبەت و شكۆی خوێندن بەرەو پێشەوە چووە یان بەرەوە دواوە پاشەكشەی كردووە؟ بێگومان ئەمەش لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، بەشێك لە بەخێوكارانی قوتابیان و مامۆستایان پێیان وایە كە ئەم سیستەمە سیستەمێكی پێشكەوتووە و هاندەرێكیشە بۆ قوتابی بۆ ئەوەی بتوانێ لە خولی دووەم كۆششی زیاتر بكات تا بتوانێ سەركەوتووبێت و قۆناغێكیتری خوێندن ببڕێت، چونكە زۆرجار قوتابی بەهۆی بوونی كێشەی كۆمەڵایەتی و نەخۆشی نەیدەتوانی سەركەوتووبێت بەڵام لە خولی دووەم بابەتەكانی پڕكردۆتەوە.
بەڵام لەهەمان كاتدا بەشێكیتر لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و بەخێوكاران و مامۆستایان بۆچوونیان ئەوەیە كە پێویستە ئەم سیستەمەی ئێستا هەڵبوەشێنرێتەوە و سیستەمە كۆنەكە كاتێك قوتابی لە سێ دەرس دەكەوت بە دەرنەچوو هەژمار دەكرا بگەڕێتەوە لە پێناو گەڕانەوەی سەنگ و شكۆی خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابیان بەشێوەیەكی گشتی و بۆ ئەوەی قوتابی ناچاربێت یاخود زۆرجار لە ترسی دەرنەچوون هەوڵی زیاتر دەدا بۆ ئەوەی لە سێ بابەت نەكەوێت، چونكە بەشێكی زۆری ئەو قوتابیانەی كە لە چوار بابەت زیاتر دەكەون و بە بیركردنەوەی خۆیان پێیان وایە دەتوانن لە پشووی هاوین بخوێنن و لە خولی دووەم دەربچن، بێگومان ئەو قوتابیانە فەشەلی خوێندنیان هێناوە و لە خولی دووەمیش ناتوانن سەركەوتووبن و بوون بە بارگرانی بۆسەر قوتابخانەكان و كەرتی پەوەردە ،چونكە بەشێكی زۆریان ساڵێك و دوان و هەیە زیاتریش لە یەك پۆل ماوەتەوە و ناخوێنێت.
هەرچەندە لە هەندێ وڵات بۆ نموونە وەك چین لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی تا دەگاتە پۆلی نۆ كەوتن و دەرنەچوون نییە لە قوتابخانەكان دەبێ هەموو قوتابیەكان بە سەركەوتوو هەژمار بكرێن و بچنە قۆناغی دواتر، بەڵام قوتابیەكان سەرجەم پێداویستی خوێندن و سیستەمێكی سەركەوتوو پڕۆگرامێكی ناوازە و بوونی بابەتی دروستكردن و فێربوونی كەڵوپەلە پیشەسازیەكان و تاقیگە و ئامێری پێشكەوتوویان هەیە و بۆیان دابین دەكرێ كە وا دەكات قوتابیەكە لەتەمەنی منداڵیەوە هەوڵی دروستكردن و دۆزینەوەیەكی نوێ دەدا و فێردەكرێت، ئایا دەكرێت لە هەرێمی كورد ستانیش هاوشێوەی وڵاتە پێشكەوتووەكان سیستەم و پڕۆگرام و بابەتی پیشەی و دروستكردن و پەروەردەیی دابنرێت لە قوتابخانەكان و كەرتی پەروەردە بۆ ئەوەی كوردستانیش بگاتە ئاستی وڵاتان، بێگومان دەتوانێ بە پیلان و هەوڵی حكومەت و كەرتی پەروەردە باشترین نەوەی زیرەك و خاوەن بیرۆكە و پڕۆژە و داهێنان و خاوەن زاكیرەیەكی بەهێز بەرهەم بهێندرێت.
بەهیواین لە داهاتوو وەزارەتی پەروەردە گرنگی زیاتر بە كەرتی پەروەردە و خوێندن بدات، چونكە بناغەی دروستكردنی نەوەی داهاتووە، پێویستە شكۆی خوێندن و قوتابی و مامۆستا بگەڕێندرێتەوە، قوتابی لە سێ بابەت دەرنەچوو ئەو ساڵە بە كەوتوو هەژمار بكرێت بۆ ئەوەی بۆ ساڵی ئایندە گرنگی زیاتر و هەوڵی زیاتر بدات بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو وانانەی لێی دەرنەچووە پڕی بكاتەوە.









