بەدواداچوون: عەلی بانیشاری-هەولێر
كۆمەڵێك قوتابی زانكۆ كە كەسوكاری شەهیدن و ژمارەیان 15 قوتابی زیاتر دەبێت لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمەوە ئاگادار كراونەتەوە كە چی دیكە پارەی ساڵانەی بەشەناوخۆییان بۆ نادرێت. یەكێك لەو قوتابیانە كە ئامادە نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە دەڵێ” لەئێستادا بەدوای شوێنی مانەوەدا دەگەڕێین و وەزارەتی شەهیدان پێی راگەیاندووین بۆ لەمەودوا پارەی بەشەناوخۆییمان بۆ نادرێت و خاوەن باڵەخانەش تا 1ی10 موڵەتی چۆڵكردنی پێداوین”. بەپێی ئەو زانیارییانەی (خەبات) لە نێو وەزارەتی شەهیدان دەستی كەوتووە وەزارەت نیازی نییە بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەشەناوخۆیی بۆ قوتابیانی كەسوكاری شەهیدان بگرێـتەوە، بەهۆكاری ئەوەی دەرماڵەیان پێی دەدات.
هەفتەی رابردوو چەند قوتابییەك بە نوێنەرانی قوتابیانی كەسوكاری شەهیدان لە شاری هەولێر سەردانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانیان كرد و لەوێ لەلایەن چەند بەرپرسێكی وەزارەتەوە پێشوازیان لێكرا. سەردانەكەی ئەو قوتابیانە بەمەبەستی بەردەوامی مانەوەیان بووە لەو بەشەناوخۆیەدا كە ئێستا بڕیاری چۆڵكردنی دراوە. وەكو یەكێك لەو قوتابیانە دەڵێ: وەزارەت پێی راگەیاندین كە بۆ ساڵی نوێ بەشەناوخۆیمان بۆ ناگرێتەوە”.
ئەو قوتابیە كە ئامادە نەبوو ناوەكەی بڵاو بكرێتەوە و لای (خەبات) ناوەكەی پارێزراوە دەشڵێت: لە وەزارەت پێیان وتین گرتنی بەشەناوخۆیی بۆ قوتابیانی كەسوكاری شەهیدان تەنها لە شاری هەولێر كراوەتەوە و لە شارەكانی دیكە نەكراوەتەوە.
دەشڵێت: پێشتر قوتابیان بۆ ماوەی 4 -5 ساڵ لە بەشەناوخۆیی لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە بۆ گیراوە، بەڵام دەبێت ئێمە كە هەر یەكەمان لە قۆناغێكی زانكۆین و هێشتا چەند ساڵێكمان ماوە بۆ ئەوەی خوێندن تەواو بكەین بۆ داهاتوو لەسەر گیرفانی خۆمان بەشەناوخۆیی بگرین”.
وەكو ئەو قوتابیەی زانكۆ دەڵێت” پێش شەڕی داعش وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان وەكو دەرماڵە ساڵانە بڕی یەك ملیۆن و 800 هەزار دینار دەدایە قوتابیانی كەسوكاری شەهیدان، لەو بڕە پارەیە 900 هەزار دیناری بۆ كرێی بەشەناوخۆیی بوو، بەڵام كە شەڕی داعش دروست بوو وەزارەت بڕی پارەكەی كەم كردەوە بۆ 900 هەزار دینار، كە 450 هەزار دیناری بۆ كرێی بەشەناوخۆیی بوو، بەڵام ئێستا دەرماڵەكە نادرێت بە قوتابیان و بەشەناوخۆیشیان بۆ ناگرێتەوە”.
ئەوەشی گوت” نوێ نەكردنەوەی گرێبەستی بەناوخۆیی قورساییەكی زۆر دەخاتە سەر قوتابیانی كەسوكاری شەهیدان لە زانكۆ ئەهلییەكان”. گوتیشی” لە 2017ـەوە كە لە زانكۆی ئیشق وەرگیراوم، یەك دیناری دەرماڵەم لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە وەرنەگرتووە، بەڵام قوتابیانی زانكۆ لوبنای فەڕەنسی پێش 20 رۆژ لەمەوبەر دەرماڵەی ساڵی 2017 -2018 یان وەرگرتووە كە 900 هەزار دینارە.
ئەو بەشەناوخۆییەی كە 15 قوتابیەكەی تێدا نیشتەجێیە دەكەوێتە گەڕەكی مەنتكاوەی شاری هەولێر. وەزارەتی شەهیدان بۆ كرێی ئەو بەشەناوخۆییە مانگە بڕی 2 ملیۆن 500 هەزار دینار دەدات، بەڵام وەكو قوتابیانی ئەو بەشەناوخۆییە بە(خەبات)یان راگەیاندووە: بۆ ساڵی نوێی خوێندن وەزارەتی شەهیدان گرێبەستەكە لەگەڵ خاوەن باڵەخانەكە نوێ ناكاتەوە و بەناچاری دەبێت لە هەفتەی داهاتوودا چۆڵی بكەین”.
پەیامنێری (خەبات) بۆ بەدواداچوونی زیاتر بۆ كێشەی ئەو قوتابیانە پەیوەندیكرد بە عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە، سەرەڕای ئەوەی لە رێگەی نامەی مۆبایلەوە پەیامنێرمان ئاگاداری ناوبراوی كردەوە. هەر لەسەر هەمان كێشە پەیوەندیكرا بە فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان، ناوبراو تەنها ئەوەندەی گوت: رێگەی پێنەدراوە پاش مەحمود ساڵح حەمە كەریم، وەزیری پێشووی شەهیدان و ئەنفالكراوان لێدوان بدات.
سهرهتا بهدواداچوون وەزارەتی شەهیدان ئامادە نییە پارەی بەشەناوخۆیی بۆ قوتابیانی كەسوكاری شەهیدان لە زانكۆ...









