ساسان دەروێش - سوید
یادەوەری رۆژانی بانگەشەكردن بۆ ریفراندۆم و بەڕێوەچوونی چالاكییەكانی لە كوردستان و دەرەوەی كوردستان، لە دوو ساڵی ڕابردوودا و لە 25ی ئەیلوولی 2017 كاریگەری زۆری لەسەر تاكی كورد جێهێشت بۆ ئەوەی چیتر دەستبەرداری ماف و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان نەبێت و درێژە بە خەبات و تێكۆشانی مەدەنیانەی خۆیان بدەن. لە بیرەوەری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دەنگدەران و سەركەوتنی پرسەكە و دەنگدانەوەی لە جیهاندا، كامەران قازی، رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لە وڵاتی سویدەوە بۆ ڕۆژنامەی خەبات باسی لە ڕیفراندۆم كرد و لە بەشێكی گفتوگۆكەدا ریفراندۆم وەك گرنگترین هەنگاوی سیاسی ناودەبات.
ریفراندۆم و چەند خاڵێكی گرنگی مێژوویی
كامەران قازی باسی لە هەڵبژاردنی كاتوساتی ریفراندۆم كرد و گوتی: ئەو ریفراندۆمەی لە ساڵی 2017 لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا، گرنگترین هەنگاوی سیاسی نەتەوەی كورد بوو لەم بەشەی نیشتماندا، شەڕی داعش هەرچەندە هەڵگری كۆمەڵێك خەسارەی گیانی و ماڵی و جینۆسایدكرانی نەتەوەیی بوو، بەڵام هاوكات كۆمەڵێك دەرفەتی مێژووییشی بۆ كورد رەخساند، كە بەخۆشییەوە هەوڵەكان لە كیس نەچوون و باشترین كەڵكی سیاسیان لێ وەرگیرا، كاتی ڕیفراندۆم زۆر باش بوو، بە پێچەوانەی هەندێ كەس كە دەیانگوت كاتی ریفراندۆم لەبار نییە، بە بڕوای من، كاتەكە گونجاو و لەباربوو، بەتێبینییەوە هەڵبژێردرابوو لەبەر ئەوەی یەكەم: سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك ئەندازیاری پڕۆژەكە، دەیزانی حكوومەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش ڕووی لە نەمانە و لە دوای نەمانیشی، دیسانەوە دەوڵەتی عێراق هێز دەگرێتەوە و داعشێكی تر سەرهەڵدینێتەوە، كە ئەمجارە مەشروعییەتی دەوڵەت و حكوومەتێكی هەیە و بەم ئاسانییە ناكرێ دەروەستی بێی، هەر بۆیە هەلەكەی قۆستەوە، بەڵكوو تا زووە هەوڵی خۆی بۆ دەربازبوونی كورد لەم قۆناغە ناسەقامگیرە بدات. دووهەم: بەهۆی بوونی هێزەكانی هاوپەیمان لە شەڕی داعشدا میدیای ئەم وڵاتانە بەوردی ئاگایان لە ڕووداو و هەواڵی هەڵوێستی دیموكراسیی كورد بەخێرایی جیهانی دەركرا و هەر ئەمەش وای دەكرد زلهێزان و دەوڵەتانی كاریگەر لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا نەتوانن بە ئاسانی كورد پشتگوێبخەن، لانیكەم نە بە ئاسانی ساڵانی ڕابردوو. سێهەم: ناوبانگی كورد و پێشمەرگە وەك هێزێكی ڕزگاریخواز كە دژی شەیتانێك بەناوی داعش نێوەندی ڕایگشتی ئەورووپا دەنگدانەوەی هەبوو، وشەی پێشمەرگە بۆ خەڵكی كوچە و بازاڕی ئەورووپا چیتر نامۆ نەبوو و بەڕێزەوە باسی دەكرا. چوارەم: هەموو بیرە نەوتییەكانی كەركووك لە دەست كورد دابوون و پێشمەرگە دەیانیپاراستن، بۆیە نیگەرانی بۆ دابینكردنی بودجە و بژێوی خەڵكی كوردستان لە گۆڕێدا نەبوو. پێنجەم: هێزەكانی عێراق ی بەهۆی شەڕ لەگەڵ داعشدا و هەروەها بەشێك لەم خاڵانەی لەسەرەوە باسیان كرا، دەرفەتی هێرش بۆ كوردستان و تێكدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمێكی دیموكراسیان نەبوو، لە ئاكامدا هەموو لایەنێك بە ئازادیی چوونە سەر سندوقی دەنگدان و بێ دڵەڕاوكێ و هەڕەشە و پیلانی پیلانگێڕان، پرۆسەی دەنگدان لە كەشێكی زۆر ئازاد و دیموكراسیدا كۆتایی پێهات و زیاتر لە 93 لەسەدی دەنگدەران دەنگی خۆیان بە سەربەخۆیی كوردستان دا، بۆیە ئەوە لە لایەن هەندێ كەسەوە دەگوترا كاتەكە لەبارنەبوو، بۆچوونێكی ڕاست و رەوا نییە.
ریفراندۆم سنووری داگیركاریی كوردستانی هەڵتەكاند
هەروەها كامەران قازی لە درێژەی قسەكانیدا لەبارەی پەیامی ریفراندۆم و كوردبوون بۆ خەبات گوتی: ریفراندۆم هەڵگری پەیامێكی زۆر گەورەی دیكەش بوو، ئەویش ئەوەیە سنوورەكان نەیانتوانی بوو رۆحی نەتەوەیی كورد لە ئاستی یەكتر دوورەپەرێز و دابڕاو بكات، ڕێك شەوی كۆتایی سەركەوتووانەی ریفراندۆم لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەوە، سەرەڕای زەبروزەنگی دەسەڵاتداران، كوردستانییان رژانە شەقامەكان و بە دەربڕینی هەستی خۆشی و شادی و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، حەماسێكی نەتەوەییان خوڵقاند كە خۆی لە خۆیدا ڕیفراندۆمێك بوو .
ریفراندۆم سەركەوتوو بوو
هەر لەبارەی دەرئەنجام و سەركەوتنی پرۆسەكەش كامەران قازی گوتی: خاڵی هەرە گرنگ لەمەڕ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئەمە بوو كە بە ئیرادە سەركردایەتی و تێكۆشان و ڕاوەستان بەرانبەر دژبەران هەلومەرجێك خوڵقێندرا، مرۆڤی كورد توانی ئازادانە و سەربەستانە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا لە ریفراندۆمێكدا دەنگ بە چارەنووسی سیاسیی خۆی بدات، دیارە هەروەك پێشبینی دەكرا، زۆربەی نزیك بە تەواوی دەنگدەران، دەنگیان بە سەربەخۆیی دا.
ڕیفراندۆم كاری خۆی كرد و
ویست و دەنگی خەڵكی كوردستانی تۆماركرد
هەروەها بەبڕوای كامەران قازی ویست و دەرئەنجامی ریفراندۆم ئاوێتەی یەكتربوون و گوتی: ریفراندۆم و ئاكامەكانی، بەڵگەیەكی سیاسی گەورە و گرنگە بۆ ئەوەی لە كاتی لەباری سیاسی دا، پشتی پێببەسترێت و سەربەخۆیی پێ ڕابگەیەندرێت .
رووداوەكانی پاش ریفراندۆم و داگیركرانی كەركووك
لە كۆتایشدا لەمەڕ رووداوەكانی پاش ریفراندۆم كامەران قازی گوتی: نە هیچ لە بایەخی ریفراندۆم كەمدەكاتەوە و نە لە دروستی بڕیارەكەی و نە هۆكاری داگیركردنەكەش ریفراندۆم بوو، لە راستیدا وڵاتانی ئیقلیمی هەر لە 2016ـەوە خۆیان ئامادە دەكرد بۆ داگیركردنی كەركووك و مەخموور و شنگال، لەلایەكی دیكەشەوە ئەگەر خیانەت رووی نەدابایە، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەك كوردستان دەكەوتە گەمارۆ و تەنگانەوە، بەڵام 6ی مانگی نەدەخایاند كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستیان دەكردەوە بە هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ كوردستان و حكوومەتەكەی و ئاكامەكانی ریفراندۆمیان قبووڵ دەكرد، ریفراندۆم هەنگاوێك و پرۆسەیەك بوو، هاوشێوەی كۆماری كوردستان، متمانە و باوەڕبەخۆبوونی بە مرۆڤی كورد بەخشی، ئەو هەنگاوە مێژووییە، گەرچی لەم قۆناغەدا نەگەیشتە سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەت، بەڵام گوڕوتینێكی بە كوردایەتی و خەبات بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە بەخشی، كە دیسان لە دەرفەتی لەباردا سەربەخۆیی ببتەوە رۆژەڤی خەڵك و ڕێبەرایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان.
سهرهتا چاوپێكهوتن كامەران قازی بۆ خەبات: ریفراندۆم ئیرادە و دەنگی هاووڵاتییانی كوردستانی تۆماركرد









