كاروان كەریمخان
ئەگەر ڕێت بكەوێتە دەڤەری بارزان و بە چاویلكەی ویژدان سەیری ئەم ناوچەیە بكەی كەلتوری ڕێزنان لە زیندەوەران و میهرەبانی لە گەڵ بەستەزمانەكان دەبینی. ئەم كەلتورە ناسك و جوانە لە وڵاتە پێشكەوتوەكان بۆتە باسی ڕۆژ و بابەتێكی سەرەكی ئەم وڵاتانەیە.
تەنانەت وای لێهاتووە هەندێ لە ئاژەڵە ترسناكەكانیش لە وڵاتە پێشكەوتووەكان وردەوردە بوونەتە دۆستی مرۆڤ و جاروبار دێنە ناو شارەكانیش. ئەڵبەتە ئەم كەلتورە بەرزەی بەزەییهاتن بە ئاژەڵان كەوناری خۆی هەیە. ئەگەرچی بە پێی پێویستیی مرۆڤ و كەمی و زەحمەتیی خۆراك ڕاو كردنیش بەشێك بووە لە كەسابەت و پێژین، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا كوشتن و پارێزگاری لە ئاژەڵەكان چوارچێوەیەكی هەبووە. بە گشتی كەلتوری ژینگەپارێزی ڕیشەیەكی ئایینیشی هەیە و لە ئایینە زەمینییەكانی وەك بودایی ڕا بگرە تاكو دەگاتە ئایینەكانی دیكەی ئاسمانی كەلتوری ژیان پارێزی ئاژەڵ و زیندەوەرانی تێدا بەدی دەكرێت. لەو ناوە لە ناو بازنە عیرفانییەكان كە نیگایەكی جوانناسییان بۆ دینەكان هەیە، ئەم كەلتورە زیاتر دەدیترێ. لێرەدا دەردەكەوێ كە ئەزموونی مرۆڤی ژیر و دوربین كاریگەری زۆری لە سەر ئایینەكانیش هەبووە. لە سەردەمی ئێستای نوێ سازی و هزری مۆدێرنیتەشدا یەكێك لە جیاوازییەكانی مرۆڤی مۆدێڕن لە گەڵ مرۆڤی دونیای سونەت ئەوەیە كە مێشكی مرۆڤی مودێڕن بابەتی ژینگەیی بە هەند وەردەگرێ و پرسی ژینگەپاراستن لە هزری مرۆڤی نوێ چەكەرە دەكات. لە كوردستاندا كەم و زۆر ئەم كەلتورە بەدی دەكرێت. لە زۆر شوێندا بە نیگایەكی ئایینی و سۆفیانە سەیری ژینگە دەكرێت. حكوومەتی هەرێمیش وەك سازەیێكی نوێ خەریكە یاسا و سیستەم بۆ ژینگەپارێزی پێناسە دەكات. لەو ناوە ناوچەی بارزان نموونەیێكی دیارە. لە ناوچەی بارزان پایبەندی بەم كەلتور و بیرە،كە لەوانەیە ڕیشەی تەسەوفی میانڕەوانەی تێدا بێت و ڕیشەی ئازادیخوازی و پێشكەوتن خوازیشی تێدایە، بۆتە یاسایەكی سروشتی و لە یاساش بەرزتر ڕۆیشتووە و ئازادی ئاژەڵ و پاراستنی دار و گژ و گیا بۆتە ئەخلاق و پێویستییەكی ڕەها. لێرەدا ئاماژە بەو خاڵەش ڕەنگە باش بێت، مادام لەم ناوچەیە ئازادی بۆ ئاژەڵ ببێتە داب و دەستور دەبێ دوژمنانی گەل و خاكی كوردستان بزانن ڕێبەرانی ئەم ئازادیخوازییە لە پێناو سەربەستی مرۆڤی كورد و سەربەخۆیی كوردستان سەر ناچەمێنن و بۆ پێشكەوتنی خەڵك و وڵات ئازادی و سەربەخۆیی بە مەرجی سەرەكی دەزانن. باسە سەرەكییەكە دەگێڕینەوە سەر تێبینییە ژینگەییەكان. ئەوەی لێرەدا پرسیاری جێی سەرنجە و بە گرینگ دەزانرێ ئەوەیە كە چۆن ئەم فەرهەنگە ژین پارێزییەی كە مولوكولی نیشتمانپەروەریشی تێدایە بكرێتە دیاری بۆ هەموو كوردستان و بگشتێنرێ؟ وەڵامەكەی ئەوەیە كە دەبێ حكوومەتی كوردستان یاسای زۆر بیرلێكراو و زانستییانە بۆ ئەم بابەتە داڕێژێ و لایەنی جێبەجێكاریش توندوتۆڵتر و یاسامەندتر بن. هەروەها پێویستە بە شێوەیەكی مەیدانیش لەم پێناوە كار بكرێت و بەشداریی گشتی بۆ ئەم ئامانجە بگاتە خاڵی ئەستێرە و ئاشتی نێوان مرۆڤ و سروشت ببێتە گوتارێكی گشتی. پێویستە ئەو ئاژەڵانەی كە ڕێژەیان كەم بۆتەوە مەیدانی زاوزێیان بۆ دابین بكرێت تاكو زیاد بنەوە. هەروەها ئەو ئاژەڵانەی كە بە تەواوی لە بەر چاو ون بوونە بگێردرێنەوە. بۆ نموونە ئاژەڵێكی وەك شوری زاگرۆس كە لە كوردستاندا نەماوە، لە وڵاتانی دەوروبەر كە بەشێكی زنجیرە چیای زاگرۆسیان لە ناوە، بگێڕدرێنەوە كوردستان و زۆر بكرێن. هەروەها دەبێ بە ئامێری نەرمی فەرهەنگیش ئەم كەلتورە بەرین بكرێت تاكو هەموو كوردستان بگرێتەوە. لێرەدا سێرەی نووسین لە سەر نەرمەئامێری كەلتورییە بە هەندێك ڕێكلامی ناو جادەكانی ناوچەی بارزان وەك نموونەی ناوچەی ژینگە پارێزراو. ئەگەر بە جادەكانی دەڤەری بارزاندا برۆین بە چاوی ئاسایی دەبینین كە ئاژەڵی كێوی بێ سڵ كردنەوە و ڕەوینەوە و بەزین بەوپەڕی ئارامی دێن و دەڕۆن. بەڵام نازانم تا چەند بیر لەوە كراوەتەوە كە لە كاتی دروست كردنی جادەیەكدا ژیانگەی ئاژەڵی كێوی دەبێتە دوو بەش و ئەگەری ئەوە هەیە لە كاتی پەڕینەوەدا ئاژەڵەكان بكەونە ژێر سەیارە. بۆیە پێویستە لە كاتی دروست كردنی هەر پڕۆژەیەك بیر لە بابەتەكانی ژینگە پارێزی بكرێتەوە. بۆ وێنە ئەگەر جادەیەك لێدرا دەبێ ژێرگوزەری تایبەت بۆ ئاژەڵە كێوییەكان دروست بكرێ. هەروەها پێویستە تابلۆی تایبەت بە هاتوچۆی ئەم ئاژەڵانە لە كەنار جادەكان هەبن. بە تایبەتی لە وەرزی سەرمادا ئەم ئاژەڵانە بۆ پەیدا كردنی قووت زیاتر لە ئاوەدانی و لە گوندەكان نزیك دەبنەوە؛ بۆیە پێویستە لە نزیك ئاواییەكان تابلۆی هۆشداری بۆ بە پارێز ڕۆیشتنی ئۆتۆمۆبێلەكان هەبێ. ئەم نووسینە زیاتر مەبەستی دانانی تابلۆی تایبەتە؛ چونكە ئەم جۆرە تابلۆیانە دوو ڕەهەندیان هەیە. یەكەمیان ئەوەیە كە دەبنە هۆی هەشیاری شۆفێران و ژیان پارێزی ئاژەڵان. دوەمیان ئەوەیە كە كەلتوری ژینگەپارێزی بە شێوەیەكی گۆیا و كاریگەر دەكەوێتە بەر چاوی گەشتیاران و خەڵكی بیانی. گەشتیارانی كورد لەم كەلتورە ئیلهام وەردەگرن و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەم فەرهەنگە. گەشتیارانی بیانی و دەرەوەی كوردستانیش پەی بە جوانپارێزی و جوانناسی كورد دەبەن و پێناسەی جوانتر و زیاتر بۆ ڕەفتاری كورد لە مێشكیان دەنەخشێ. هەروەها بە مەبەستی ڕاكێشانی سەرنجەكان و فێركردنی گەشتیاران پێویستە پەیكەرێكی هونەری كە سونبولی ژینگەپارێزی بێ لەم ناوچەیە قیت بكرێتەوە. لێرەدا داوا لە لایەنی پەیوەندار دەكەم بۆ ئەم بابەتە كاری پێویست بكەن و بە شێوەیەكی زانستی و بە ئەزموون وەرگرتن لە وڵاتانی دیكە و بە گوێ گرتن لە گوندنشینەكانی كوردستان زیاتر تێبینییە ژینگەییەكان لە بەر چاو بگرن. ئەم نووسینە جگە لەوەی كە مەبەستی ژینگەیی و مرۆڤایەتی و سیاسی تێدایە سیلە چاوێكیشی لە ئابووری توریسم هەیە؛ بێگومان بە جوان كردنی وڵات و ژینگەپارێزی دەتوانین داهاتێكی مشە بڕژێنینە ناو توورەكەی ئابووری كوردستان و بە بەهێزكردنی ئابووریش دەتوانین هەنگاوی دڵنیاتر بۆ ئامانجەكانمان بهاوێژین.










