سەگڤان هالو
كاتێك حكوومەتێك هاووڵاتی بكاتە پێوەری ستڕاتیژ و كارنامە خۆی و خزمەتكردنی هاووڵاتیان لە ڕیزبەندی یەكەمی پلان و كارنامەی خۆی دابنێت بێگومان ئەو حكوومەتە حكوومەتێكی سەركەوتوو دەبێت و پێچەوانەكەش ڕاستە. باشتر كردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان لە هەموو ڕویێكەوە و گێڕانەوەی شكۆ بۆ هاووڵاتی كارێكی تابڵێی پیروزە.
هەر حكوومەتێك دۆخی ئابووری و ئەمنی و دەروونی و كۆمەڵایەتی هاووڵاتیان لەبەرچاو بگرێت و ئامانجە سەرەكییەكەی ئاسودەیی و بەختەوەری هاونیشتمانیانی خۆی بێت و ئەدای حكوومەت بە ئاراستەی خزمەتكردنی هاووڵاتیان بێت، بە دڵنیاییەوە حكوومەت و هاووڵاتی دەبنە تەواوكاری یەكتر و هاووڵاتیانیش پاڵپشتیی حكوومەتەكەیان دەبن و رۆژ لە دوای رۆژ پەیوەندیی نێوان هەردوولا بەهێز دەبێت و حكوومەت بە هی خۆیان دەزانن.
لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دونیا بنەماكانی دیموكراسییەت وەك خۆی پڕاكتیزە دەكرێن لە ئەرزی واقیعدا و لە بەر ئەوەی پرەنسیپەكانی دیموكراسییەت تەعبیر لە دەسەڵاتی گەل بۆ گەل دەكەن، بۆیە ئینتیمای هاووڵاتیان بە هەموو رەنگە جیاوازەكانەوە بۆ سیستەمی سیاسی وڵاتەكەیان زۆر بەهێزە و هەموان بە بێ جیاوازی هەست بە بەرپرسایەتی نیشتمانی دەكەن، بۆیە بەردەوام لە گەشەسەندن و بەرەوپێشڤەچووندان لە هەموو رویێكی مادی و مەعنەوییەوە، لە كۆتاییدا حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش كە لە كارنامەی خۆیدا هاووڵاتی كردووەتە پێوەری سەرەكی، پێویستە هەوڵی بەهێز كردنی گیانی دیموكراسی بدات و هەموو ئەو بڕیارانەی كە دەركراون لەم ماوەیەدا جێگەی خوشحاڵین و هاووڵاتیانیش بە ئومێدەوە لێی دەڕوانن و جێبەجێ كردنیشیان دەبێتە مایەی بەهێزبوونی دادپەروەریی كومەڵایەتی بە پلەی یەكەم و لە ئاكامدا ئەو كوردستانە بەهێزەی كە هەمومان ئاواتی بۆ دەخوازین دێتە ئاراوە.










