د. سامان سۆرانی
لەم سەردەمەدا دیبلۆماسیەت لە چوارچێوەی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان ئامرازێكی سەرەكی دەستەبەركردنی ئامانجە بنەڕەتیەكانی سیاسەتی دەرەوەیە و ڕۆڵێكی تایبەت و گرینگ دەگێڕێت لە درووستكرنی كاریگەری لەسەر دەوڵەتان و كۆمەڵگاكانی دەرەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیری یان گەیشن بە ڕێگاچارە بۆ سەرجەم ئەو كێشانەی كە جێگای بایەخی دەوڵەتەكانن.
هەروەها دیبلۆماسیەت ڕۆڵێكی گرینگ دەگێڕێت لە گونجاندنی بەرژەوەندیە دژ بە یەكەكان و بۆچوونە جیاوازەكان و ئاسانكاری دەكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و یەكلاكردنەوەی كێشە و بڵاوكردنەوەی تەبایی و لێكتێگەیشتن لە نێوان دەوڵەتەكان. بۆیە دەوڵەتەكان دەتوانن لە ڕێگەی دیبلۆماسیەتەوە پێگەی خۆیان بەهێز بكەن و فەزای هەژموونیان فراوانتر بكەن، بە تایبەتی لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ دەوڵەتانی تر، یان لە كاتی پشتگیری كردنیان لە ئاشتی و خۆ دوورخستنەوە لە جەنگ.
ئەگەر دیبلۆماسیەت پێشووتر لە جوگرافیایەكی دیاریكراو بوونی نەبووبێت، ئەوا پێویستە لە ئێستادا دابهێنرێت، چونكە لە سەدەی شۆڕشی تەكنەلۆژی تا دێت گرینگی دیبلۆماسیەت زیاد دەكات. مەودای كارابوون و كاریگەری دیبلۆماسیەت پێوەرێكی گرینگە بۆ هەڵسەنگاندنی هێزی دەوڵەت. دەوڵەت ناتوانێت لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕۆڵێكی تایبەت بگێڕێت، ئەگەر پشت بە دیبلۆماسیەتێكی ژیرانە نەبەستێت، تا بزانێت كەی و لە كوێ و لەگەڵ كێ ڕەفتار دەكات. بەو پێیەی دیبلۆماسیەت ئامرازێكی گرینگی سیاسەتی دەرەوەیە كاردانەوەی نەرێنی و ئەرێنیشی دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتە. ئەگەر دەوڵەت دەزگا یان تیمێكی دیبلۆماسی تۆكمەی هەبوو، ئەوا ڕەنگدانەوەی دەبێت لە توانای مانۆڤركردن و ڕەخساندنی دەرفەت و دروستكردنی بەرژەوەندی و دەستەبەركردنی دۆستەكان و خۆ بە دوورگرتن لە زیان و ڕووبەڕووبوونەوەكان، كە دەبنە مایەی خەرجكردنی وزە و لاوازبوون.
گرینگترین لێهاتوویی لە ڕووی دیبلۆماسیەوە تواناییە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕاوەكان و كارامەیی و ویستی بەدەستهێنانی زانیاری و دلێری و ڕاستگۆیی و هێمنی و خاكێتیە لە پێناو باشتركردنی وێنەی دەوڵەت لە دەرەوە، لە ڕێگەی دەربڕینی خواست گەل و پێشنیارەكانیان بۆ پەرەپێدانی دەوڵەت و گەشەسەندن.
سەركەوتنی دیبلۆماتكار لە بواری دیبلۆماسیەتی ڕۆشنبیری پێویستی بە ڕۆشنبیری و دانایی و خوێندنەوەی مێژوو و شارستانەیەت و داب و نەریت و سیاسەت و هێڵە گشتییەكانی ئەو دەوڵەتەیە، كە پەیوەندی دوولایەنەی لەگەڵ دادەمەزرێت، ئەمەش بێ گومان بێ بەرنامە و نەخشەی كاری پێشكەوتوو و هەوڵی تیمی ناكرێت. باشترین دیبلۆماتكار ئەو كەسەیە، كە دەزانێت كەی بێ دەنگی هەڵدەبژێرێت و كەی بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆكردن لە چوارچێوەی كات و دەربڕینی ئەو بابەتانەی، كە مەبەستن، بێ ئەوەی بەرامبەر بریندار بكرێت.
ڕا و بۆچوونەكانی هێنری كیسنجەر، كە لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابووردوو یەكێك بوو لە گەورە دیبلۆماتكارەكانی ئەمریكا، تاوەكو ئەمڕۆ كاریگەری فراوانیان هەیە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە. كیسنجەر ڕەفتار و گوفتار، “تیۆری” و “پراكسیس”ی پێكەوە گرێ دەدا، بۆیە زۆر جار پێی دەووترێت “ڕێوی” یان زۆرزانی دیبلۆماسیەت.
هێنری كیسنجەر پرنسیپی میكیاڤیللی قبووڵە، كە دەڵێت: “مەبەست پاساوی میكانیزمە”، ئەو پرنسیپە بە یاسایەكی ڕەوا دەبینێت لە سایەی ململانێی نێودەوڵەتی، كە تەنها هێزی قبووڵە و دان بە هێز دەنێت. مێژوو لای كیسنجەر بیری گەلانە، یان كارخانەیەكی گەورەی ئەزموونەكانی مرۆڤایەتیە، ئەو پێی وایە هاوكێشەكانی سەركەوتن بە بەرژەوەندی ئەو كەسانە تەواو دەبێت، كە بە باشترین شێوە ئەو هاوكێشانە دادەڕێژن. مێژوو بۆ ئەو كانزایەكە پڕ لە حیكمەت، لەناو ئەو كانزایە كلیلە زێڕینەكانی كێشەكانی ئەم سەردەمە ئێمە حەشاردراوە، چونكە ئەگەر ئێمە نەزانین بەرەو كوێ دەڕۆین، ئەوا هەموو ڕێگاكان ئێمە بەرەو شوێنێكی نادیار دەبات، یان بەرەو هیچ.









