سوورە مەرگەیی
چاوەكان لەسەر كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، لەناو كابینەی نۆیەمیش چاوەكان لەسەر مەسرور بارزانین، ئەو كابینەیە و مەسرور بارزانی لەژێر چاودێری وردی دوژمنانی كورد و داگیركارانی كوردستان و حزبەكانی بەشداربوو لە حكوومەت و ئۆپۆزسیۆن و هاووڵاتییان دایە، هەرچی دوژمنان و داگیركارانی كوردستانن پیلانی لە دژ دەگێڕن و كار لەسەر شكست پێهێنانی دەكەن، ئەوە ئاساییە و هەر ئەوەش لە دوژمنان چاوەڕوان دەكرێ، هەرچی ئۆپۆزسیۆنیشە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێكی خەمخۆر و دیوی دووەمی دەسەڵات بێ، ئەركیەتی بە دوای خاڵی لاواز و دەرخستنی ئەو خاڵانەدا بگەڕێ، ئەوەش كارێكی ئاساییە، ئەركی حزبە بەشداربووەكانیش كاركردنە لەسەر سەرخستنی ئەو كابینەیە، چونكە لە سەركەوتنی ئەوانیش پشكی شاناویان لە راپەڕاندنی ئەركە نیشتمانییەكانیان بەردەكەوێ، مافی هاووڵاتیانیشە چاوەڕوانی بەجێهێنانی خواستەكانیان لەو كابینەیە بكەن.
لە كابینەی پێشوودا بەغدا بە مەبەستی پێشگرتن بە سەركەوتنەكان و شكست پێهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی دەبڕی، هاوكات فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش لە پەرلەمانی بەغدا جگە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، ئەركی چاودێری كردنی حكوومەتی بەغدا و بەرگری كردن لە ماف و ئازادییە نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستانیان بەلاوە دەنا و دەنگیان بە حەشدی شەعبی دەدا و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ جاسوسییان بەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەكرد، داعش لە بەرەكانی جەنگ و بە مەبەستی داگیركردنی كوردستان و تاڵان و بڕۆ و كڕین و فرۆشتن بە ئافرەتی رووسووری كوردەوە پەلاماری كوردستانیان دەدا، حزبە بەشداربووەكانی حكوومەتیش وەك دەستبەردان و هاوكاری كردنی داعش لە شارەكانەوە بە مەبەستی سەرقاڵ كردن و رووخاندنی حكوومەت پەلاماری دامەزراوە حكوومییەكان و بنكە و بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان دەدا، بەوەشەوە نەدەوەستان و بە تاك و كۆ رایان دەكردە بەغدا و بە مەبەستی رووخاندنی حكوومەتی هەرێم و پێكهێنانی حكوومەتی ئینقاز داوای هاوكاری و پشتیوانییان لە بەغدای دوژمن بە كورد دەكرد، لەگەڵ ئەوەشدا نێچیرڤان بارزانی پشت ئەستوور بە هەڵوێستە نەتەوەییەكانی سەرۆك بارزانی و پشتیوانی جەماوەری كوردستان، توانی هەموو ئەو پیلان و پلانانە پوچەڵ بكاتەوە و بەسەر دژبەرانی ناوخۆ و عێراقی و هەرێمیدا سەربكەوێ و حكوومەت و دەسكەوتەكان بپارێزێ.
ئەوەی چاوەڕوان دەكرێ لە ئێستادا عادل عەبدولمەهدی ئاقڵانە لە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڕوانێ، بەڵام گرووپە شیعە توندڕەوەكان و ئەوانەی لەژێر هەیمەنەی مەزهەبگەرایی و شۆڤێنییەكان و “هەژمونی ئەقلیمی”دان كێشەی بۆ درووست دەكەن، پێدەچێ ئۆپۆزسیۆنیش بە خۆیدا چووبێتەوە و دەستبەرداری دوژمنكاری بووبێ و ئەركی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ئەنجام بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا تێبینی دەكرێت هێشتا لایەنێكی كوردستانی قاچێكی لەلایە بەرپرسانی حەشدی شەعبیە و تاكو ئێستا ملكەچی ئەجندای ئەقلیمییە، ئەمەش بە هەڵوێست و راگەیاندن و پەیج و سایتەكانیانەوە دیارە.
مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ترس و دڵەڕاوكێی لای گرووپە توندڕەوەكانی میلیشیا شیعەكان و شۆڤێنیزمی عەرەبی و گەندەڵكاران و گرووپە عێراقچییەكانی دروست كردووە، بۆیە هەموو ئەوانە لە بەرەی شكست پێهێنان و پیلانگێڕی و رێگری كردن لە سەركەوتنی كابینەی نۆیەم كۆبوونەوە، چونكە سەركەوتنی كابینەی نۆیەم و مەسرور بارزانی لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە و سەركەوتنی ئەو، لە بەرژەوەندیی ئەوان دەدا و مەرگی گەندەڵكارانیش رادەگەیەنرێ.
لە ئەگەری سەرنەكەوتنی كابینەی نۆیەم سوودمەندی یەكەم ئەو گرووپانە دەبن و زەرەرمەندی یەكەمیش كورد و ئەزموونە سیاسییەكەی دەبێ، بۆیە پێویستە و ئەركێكی نیشتمانیشە لایەنە بەشداربووەكانی حكوومەت شان بدەنە بەر ئەو ئەركە نیشتمانییە، ئۆپۆزسیۆنیش وەك پێكهاتەیەكی گرنگی ناو پرۆسەی سیاسی بەدەر نییە لەو ئەركە نیشتمانییە و پێویستە رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی بگێڕێ، نەك وەك رابردوو رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بوون لەبیر بكا و رۆڵی دوژمنكاری بگێڕێ، لەوانەش گرنگتر و كاریگەرتر پشتیوانی جەماوەری كوردستانە لە كابینەی نۆیەم، چونكە لە ئەگەری سەرنەكەوتنی ئەو كابینەیە كە دوژمنان و گەندەڵكاران خوازیاری ئەوەن سەركەوتوو نەبێ، باجی گەورە جەماوەر دەیدات.









