خهبات: پەریها عومەر:-
بەپێی بریاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 21ـی ئەم مانگە یەكەم زەنگی وەرزی نوێی خوێندن لێدەدرێت. مامۆستایان و قوتابیان دوای پشووێكی درێژ جارێكی دیكە پێ دەنێنە نێو وەرزێكی دیكەی پڕ لە زانیاری و هەگبەی زانستەوە، بۆ ئەمەش مامۆستایان رای جیاوازیان هەیە بۆ ئەم دەستپێبكە:
شەونم محەمەد مامۆستای قۆناغی سەرەتایی لەمبارەیەوە دەڵێت: هەڵبەت وەرزی نوێی خوێندن بۆ هەموو مامۆستایەك گرنگە بەتایبەت مامۆستایانی قۆناغی سەرەتایی، ئێمە لەو قۆناغە هەستیارە پێمان باشە گرنگییەكی زۆر بە ئەدا و سیستەمی خوێندن بدەین، لەئێستاشدا لەسەروبەندی گۆرانكارییەكانی سیستەمی نوێی خوێندنین.
گوتیشی: وەزارەتی پەروەردە چەند بریارێكی دەركردووە دەبێت بەگرنگییەوە لێی بروانین، مامۆستا وەك قوتابی خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادە دەكات، دوای وەرگرتنی پشووێكی درێژ كاتی وانە وتنەوە و ئامادەبوون لە كلاس زانیاری نوێ و بەهێزكردنی ئاستی وانەوتنەوە دەستپێدەكاتەوە، ئەمەش چێژێكی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی بتوانیت خزمەتێك بە منداڵانی وڵاتەكەت بكەیت”.
سەمیرە كانەبی كە ئەویش مامۆستای قۆناغی سەرەتاییە رایگەیاند: لەراستیدا ئێمە بەشێوەیەكی ئەكتیڤ خۆمان بۆ وەرزی نوێی خوێندن ئامادە دەكەین، دوای ئەو پشووەی كە بە قوتابی و مامۆستا دراوە، هەردوولا بەچێژەوە چاوەرێی وەرزی نوێ دەكەین، بەڵام هەم بۆ ئێمە و هەم بۆ قوتابیان گۆرینی سیستەمی بەشێك لە وانەكان گرفتی دروست كردووە”.
مامۆستای ناوبراو دەڵێت: بریارە نوێیەكەی وەزارەتی پەروەردە پێویستە هەڵبەسەنگێنرێت لەرووی ئەرێنی و نەرێنییەوە، كە باس لە بەكوردی بوونی وانەكانی زانست و بیركاری دەكات، گۆرینی شێواز و سیستەم بەخێرایی و ناجێگیری لەبریارەكان كێشە و گرفت دروست دەكات، بۆ بابەتی مەعنەویشەوە ، مامۆستا هاوشێوەی قوتابی خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادە دەكات. ئەوەی شایەنی باس بێت، ساڵانە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن قوتابی لە ناوەندەكانی خوێندن دەست بە وەرزی نوێی خوێندن دەكەن.









