خهبات: هاوار مورتكەیی:-
لەمیانی ئەو هەوڵانەی یانەی شەترەنجی خانزاد ئەنجامی دەدات لە پێناو فراوانكردنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی لەگەڵ ئەكادیمیا و پەیمانگا نێودەوڵەتییەكانی شەترەنج، نوێنەری ئەو یانەیە لە هەنگاریا لەگەڵ پەیمانگایەكی بەناوبانگی نێودەوڵەتی كۆ دەبێتەوە.
شوان عوسمان سەرۆكی یەكێتی شەترەنجی هەولێر و نوینەری یانەی شەترەنجی خانزاد لە بۆداپستی پایتەختی هەنگاریا لەگەڵ لازلۆ ناجی Nagy Laszlo بەڕێوەبەری پەیمانگای نێودەولەتی فێرست ساتردەی First Saturday كۆبووەوە، لەو دیدارەی نێوانیاندا گفتوگۆ لەسەر هەماهەنگی زیاتری نێوان یانەی خانزاد و پەیمانگای فێرست ساتردەی كرا، بەتایبەتیش لە بەرزكردنەوەی ئاستی شەترەنجزانانی كوردستان و هەروەها ناوبژیوانانیش.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دوای نزیكبوونەوەی یەكتری لەسەر پێشنیارەكان، بڕیاردرا لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو هەنگاوانە بچنە واری جێبەجێكردنەوە و هەروەها پەیوەندی و كۆبوونەوەكان زیاتر بەروە پێش ببردرێن.
جێی باسە پاڵەوانێتی فێرست ساتردەی هەموو شەممەی یەكەمی مانگێك پاڵەوانێتی نێودەولەتی شەترەنج ئەنجام دەدات و بەردەوام چەندین گراندماستەری جیهانی بەشداری تیاداد دەكەن و تا ئێستاش لە ئاكامی ئەو پەویەندییەی نێوان یانەی خانزاد و فێرست ساتردەی چەندین شەترەنجزانی كورد بەشداری ئەو پالەوانێتییەیان كردووە.









