وەرگێرانی لە زمانی عەرەبیەوە: سابیر حوسێن:-
گەڕیدەی ناسراوی كورد بەدل رەفۆ كە بەرهەمەكانی بە زمانی عەرەبی بڵاو دەكاتەوەو هەر جارەو بابەتێكی گەشتیاری تایبەت رەوانەی رۆژنامەی خەبات دەكات، ئەمجارەش بەدل رەفۆ كە یەكێكە لەو گەڕیدە كەم وێنانەی كە هەر وڵات وشارو گوندێكی سەردانی كردبێ، بەبێ تۆماركردنی یاداشتنامەیەك لێ ناچێتە دەرەوە. ئەمجارەشیان بەدل رەفۆ، باس لە تەلیسمی شاخ و ستاتیكای شاخ دەكات، ئەو شاخانەی لە میانی سەردانی بۆ شاری غراتسی وڵاتی نەمسا سەرنجیان راكێشاوەو جوانی كردگار تووشی سەرسامیان كردووە، بەدل رەفۆ دەلێت: ئەوەی جوانی و سیحری حەقیقی بەچاوی خۆی نەبینیوە، با بێت و سەردانی چیاكانی شاری غراتسی وڵاتی نەمسا بكات، لەو شارە چیای كۆشك و تاوەری كاتژمێر، كە هەردووكیان لە لوتكەی چیاكاندان ناوبانگی جیهانیان هەیەو ساڵانە هەزاران گەشتیار بەمەبەستی دیتنیان سەردانی وڵاتی نەمسا دەكەن.
لە سەدەی دەیەمی زاینیشەوە ئەم چیایانە شوێنگەی ستراتیژی بوونە لەكاتی شەڕو ئاشتیدا، هەر لە ساڵی 1809ئەم چیایانە وەك دیوارێكی پۆلاین بوون لەبەردەم لەشكركێشی هێزەكانی ناپلیۆن و نەیانهێشت ئامانجی خۆی بپێكێ. هاوكات ئەم چیایانە دەیان چیرۆكی سەرنج راكێشیان هەیە لە كاتی جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم.
ئێستاش ئەم چیرۆكانە بەردەوامی هەیە، بەڵام ئەمجارەیان لەگەل رۆشنبیری و كەلتوورو گەشتیاریدا. بەجۆرێك لەناو جەرگەی چیاكاندا چەندین هۆڵی ئاهەنگ و كۆبوونەوە بونیاد نراوە، كە بوونەتە مایەی سەرنج راكێشانی گەشتیاران. جگە لەمەش چیا هەیە سەدان داری هەناری تێدا رواوە، كە جوانیەكی دڵرفێنی بە ناوچەكە بەخشیوە، ساڵانەش نوسەرێك بانگهێشت دەكرێ و بە فەرمی پێشوازی لێ دەكرێ و شەوێك لەناو چیاكان پشوو دەدات، كە دەیان چێشتخانەو تەلفریك و شتی دیكەی سەرنج راكێشی تێدایە.









